وتار
شەڕی موسڵ پێچەوانەی یاسای مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی بوو.
پارێزەر: لوقمان مصطفی

 
جەنگ یان شەڕ حاڵەتی پێکدادانی دوو یان چەند وڵات، دەستە یان ھێزە کە بۆ ماوەیێک و بە شێوەیێکی مونەززەم بەڕێوە دەچێت. شەڕ ئاکامگەلیکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەیە و دەبێتە ھۆی لە ناو چوونی ژیانی مرۆڤ و لەناوچوونی بنگە ئابوورییەکانی کۆمەڵگا.
ھەر لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە ڕۆدەچینە نێوبابەتەکەمان وداگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش و پاشان ئامادەکاری بۆ ئازادکردنەوەی بەبێ رەچاوکردنی یاسانێودەوڵەتیەکان، دەبێتە باس وخواسی دەستپێکی ووتارەکەمان.
موسڵ... سێھەمین شاری گەورەی عێراقە دوای بەغدا و بەسرە،وەیەکەمین شاری گەورەی سونەنشینە لەناوچەکەدا بەکوردوعەرەب وچەند کەمایەتیەکی ترەوە. 
موسڵ پارێزگایەکە کە بەچەند ملیۆن دانیشتوانەوە و یەکێک بوو لە مەڵبەندەکانی لانکەی شارستانیەت و رۆشنبیری و خوێندن و پیشەسازی ونوێنەرایەتی کلتورە
جیاوازەکانی دەکرد لە ناوچەکەدا. 
بەڵام ..بەڕۆژی روناک لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا بە دەریایەک چەک و جبەخانەوە پێشکەش بە داعش کراو ئەفسەروسەربازەکانیشیان بەڕووت وقووتی بەرەو مۆڵگاکانیان پاشەکشەیان کرد.!
ئەوە چەند ساڵێکیشە لەژێردەستی دڕندانەی داعشدا وێران و خاپور بووە و دانیشتوانەکەی لەجەھەنمدا دەسوتێنرێت. ماوەی چەند ساڵێکیشە بەسەرکردایەتی ئەمەریکاو ھاوپەیمانان ئامادەکاری کرا بۆ ئازادکردنەوەی. لەم چەند ساڵەدا سوپای عێراقی تائیفی و حەشدی شەعبی درووستکراوی ئیران و جۆرەھا میلیشایی درووستکراوی ووڵاتانیتر،تورکیای عوسمانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان بێبەش نەبووە لەودەستسازی پیلان گێریەدا،کە ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات بۆ کاولکردنی موسڵ وکوشتنی خەڵکە بێتاوانەکەی ئەم دەستەوتاقمانە کردیان.
ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەلایەن ھاوپەیمانانەوە بەسەرکردایەتی ئەمریکا و ھاپەیمانان ڕاھێنانی باشیان پێکرا بۆ پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ وشوێنەداگیرکراوە کوردستانیەکانی لەئەستۆ گرت.ئەوەی جێی خۆشحاڵیە ھیزی پێشمەرگە لەو تاقمانە جیادەکاتەوەو وەکوھێزێکی دیارو لێھاتو لە میدیا جیھانیەکانەوە باسی لێوەدەکرا رەفتاری مرۆڤ دۆستانەبوو لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کە ناوچەکانیان لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە ئازاد دەکرا.بەڵام ئەوسوپا بەنا نیزامیەو چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نیازوو مەرامێکیتری لە پشتەوەبوو.!
ئەم ھەموو پلان داڕشتنە بۆ ئەوە بوو ڕزکار کردنی موێڵ ناوچەکانی بەکەمترین زیان وماڵوێرانی لێی دەرچن ومافی مرۆڤ وبنەمایاسییکانی مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی تیادا بەرجەستەبکرێت،بەڵام بە پێچەوانەوە نەک ھەر ڕەچاوی یاساو مافەکانی مرۆڤی تیابەدی نەکرا بەڵکوئەوەی کاری نامرۆڤانەبوو لەو شەرەنەگریسەدا بەرانبەر بە دانیشتوانی ئەو شارەکرا کە ھیچی کەمتر نەبوە لەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرانبەربەو خەڵکە ستەم لیکراوەی کرد.
ڕاستە شەڕ ماڵوێرانی ونەھامەتی لەگەڵ خۆی دێنێ،ھەرلەبەر ئەوەشە کە دەووترێت ھیچ لایەنێک لەشەڕدا براوەنیە،ھەر بۆیە یاسای نێودەوڵەتی بە چەند خاڵێک ئەو ڕێوشوێن ومەترسیانەی وەک مافێکی رەوایی وئەخلاقی بۆ کەم کردنەوەی ئەودەستدرێژی وکوشتوکوشتارەی خەڵک کە لەکاتی جەنگە بێ ئامانەکاندا ڕوودەدات لانیکەم ئەگەر بنەبڕیشی نەکات بەڵام کەمی دەکاتەوەو لەچوارچێوەیەکی یاساییدا قەتیسی دەکات.
یاسای مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی بە گشتی پێکھاتوو لە ١٥ خاڵی ئەخلاقی و حقووقی کە لە زانستگاکانی سەرتاسەری وڵاتان دەخوێندرێت ئەم خاڵانە لە دوو تێرمی خوێندن بەئەنجام دێت کە لێرەدا ھەوڵدەدەم کۆلیاتێک لە ھەر ١٥ خەڵەکەتان بەبێ درێژدادڕی پێشکەش بکەم:
((ڕێسای یەکەم: "جیاکاری" پێویستە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان تەنیا نیزامی و سەربازی بێت و خەڵکێک کە بەشداری ڕاستەوخۆ لەشەڕدا ناکەن نابێ ببنە ئامانج. وەکوو شی کردنەوە: ئاراستەکردنی لێدانەکان دژی خەڵکی مەدەنی یان دامەزراوەی مەدەنی بە تەواوی قەدەغەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست لە بەشدار بووانی ڕاستەوخۆ لە شەڕ و ھەر وەھا خەڵکی مەدەنی کێیە؟ دامەزراوە مەدەنیەکان چین؟ بەشدار بووانی ڕاستەوخۆی شەڕ پێکھاتوون لەو کەسانەی کە: چەکداربن (لە ھەر ڕەگەز و تەمەنێک) – بەشداری کردن لە کردە سەربازییەکاندا، پلان دانان بۆ کردە تاکتیکیەکان / ئامادەسازیەکان - کۆکرنەوەی زانیاری سیخوڕی و تاکتیکی - رۆیشتن بۆ جێبەجێ کردنی کردەی سەربازی و گەرانەوە لێی.
ئەو کەسانەی کە ناڕاستەوخۆ لە شەڕدا بەشداری دەکەن پێکھاتوون لە ئەو کەسانەی کە: فرۆشتنی خۆراک یان کەرەستە بەلایەنی بەرامبەر - گواستنەوەی زانیاری ناسەربازی بۆلایەنی بەرامبەر - گواستنەوەی خۆراک یان کەرەستەی ناسەربازی بۆلایەنی بەرامبەر - دابینکردنی یارمەتی پزیشکی بۆ ھەر لایەنێک لە لایەنەکان - پاڵپشتی کردنی دارایی یەکێک لە لایەنەکانی پێکدادان – کار کردن لە بەرژەوەندی حکومەت یان لە کار و بارە فریاگوزاریەکاندا. 
دامەزراوە مەدەنیەکان پێکھاتوو لە: خانووە مەدەنییەکا - زۆربەی باڵەخانە دەوڵەتیەکان – کارگەکان / دامەزراوە نا سەربازییەکان (تەنانەت ئەگەر پەیوەندیدار بە سپا یان ئەرتەش بێت) - گۆڕەپانە گشتییەکان - شوێنەکانی خواپەرست –قوتابخانەکان، جێگای ئاماژەیە دامەزراوە مەدەنییەکان لە ئەگەری ئەوی کە ببنە بنکە یان کۆگای نیزامی ناتوانین بڵێن لە حاڵەتی مەدەنیدا ماونەتەوە.
رێسای دووھەم- بەراورد کردن: لەکاتی لێدانی ئامانجی سەربازییدا، پێویستە دڵنیایی بدرێت کە زیانە لاوەکیە پێشبینی کراوەکان زیاتر نین و بەراورد بە سوودە سەربازییەکەی کراوە. وەکوو نموونە لە ئەگەری ئەوەی کە چەکدارێکی داعش بە تەنیا لە وەزارەتخانەیەکدا بێت، دەبێ خۆی بکوژڕی یان دەستگیر بکرێ و نابێ وەزارەتەکە بەسەریدا وێران بکەن و زیان ماڵی بەرفراوان بدەن. 
رێسای سێھەم- ڕەچاوکردن: پێویستە ڕەچاوی ھەموو ئەگەرێک بکرێت کە لەوانەیە ڕوبدات بۆ خۆ بەدورگرتن لە روودانی زیانە لاوەکیەکان یان کەم کردنەوەیان بۆ کەمترین ئاست. 
رێسای چوارەم- ھۆکار و شێوازەکانی شەڕکردن: نابێت چەکی قەدەغەکراو یان شێوازە نایاسایەکانی شەڕکردن بەکاربھێنرێت. 
رێسای پێنجەم- نەخۆش و بریندار: پێویستە ھەموو بریندار و مردووەکان کۆ بکرێنەوە، ئەگەرچی سەر بە لایەنی دۆست بن یان دوژمن جیاوازی نیە و دەبێت چاودێری پێویستیان بۆ دابین بکرێت. 
رێسای شەشەم- گارانتی بنەڕەتی و دەسبەسەر کردن: پێویستە مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ دەسبەسەرکراوەکان یان تەسلیمیەکان بکرێت و رێز لە مافە بنەرەتی یەکانیان بگیرێت. (ھەر کەس خۆی دا بەدەستەوە یان دەسبەسەرکرا یان ئەسیر کرا دەبێت چاودێری بکرێت و ئازار نەدرێت). 
رێسای حەوت- بارمتە و قەڵغانی مرۆیی: پێویستە گاراتنی بارمتە و بەکارھێنانی قەڵغانی مرۆیی قەدەغە بکرێت. 
رێسای ھەشتەم- ڕاگواستن: نابێت خەڵکی مەدەنی ڕاگوێزرێت، مەگەر لە بەر سەلامەتی خۆیان یان لەبەر ھۆکاری ئەمنیەتی و سەربازی و لە کاتی گواستەوەیان ئەرکە کە پارێزگاری ھەمەلایەنەیان لێ بکرێت. 
رێسای نۆھەم- موڵک و ماڵ: پێەویستە ڕێز لە موڵک و ماڵی مەدەنی بگێرێت. پێەویستە بەھەمو شێوەیەک خۆ لە تاڵانی و دزی نەدرێت و مڵک و ماڵی خەڵک تاڵان نەکرێت. 
رێسای دەیەم- توند و تیژی سێکسی: پێویستە رێز لە ژنان و منداڵان بگیردرێت، پەلاماردان و دەستدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر ھەر ژن یان منداڵێک قەدەغەیە، بە واتایەکی دیکە نابێت دەستڕێژی بکرێتە سەر شکۆی ھیچ کەسێک، لە ناویشیاندا مامەڵەی سوکانە و بێ ڕێزی کردن، پەلاماردان، ناچار کردن بە لەش فرۆشی و... قەدەغەیە. 
ڕێسای یازدەھەم- منداڵان: پێویستە دڵنیایی بدرێت لە بەھرەمەند بوونی منداڵان لە یارمەتی و چاودێری پێویست بۆیان. پێویستە بە سەربازکردنی منداڵان لە ناو ھێزە چەکدارەکاندا یان بەکار ھێنانیان لە کردە سەربازیەکاندا قەدەغە بکرێت. 
رێسای دووانزە- لۆگۆکان: پێویستە ڕێز لە پزیشک و دامەزراوە پزیشکییەکان بگیرێت، لە ناویشیاندا ئەوانەی لۆگۆی سەلیبی سووری نێودەوڵەتی / مانگی سوور / کریستاڵی سوور و نیشانەی تری ئاژانسە مرۆیەکانیتریان ھەڵگرتوە. 
رێسای سێزدەھەم- ھاوکاری مرۆیی: پێویستە رێگە بە کارەکانی ھاوکاری مرۆیی بدرێت و ئاسانکاری بکرێت بۆ گەیاندنیان بەو خەڵکە مەدەنییەی پێویستیان پێیەتی. 
رێسای چواردەیەم- تۆڵەسەندنەوە و دڵ رەقی: نابێت کاری تۆڵەسەندنەوە و دڵ رەقی ئەنجام بدرێت چونکوو ئەوە پێشێل کردنی یاسای پێکدادانە چەکدارییەکانە. 
رێسای پازدەیەم – پابەند بوون: پێویستە کاری تەواو بکرێت بۆ ئەوەی یاسای پێکدادانە چەکداریەکان لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی بەرامبەرەوە پێشێل نەکرێت و لە کاتی ڕوودانی پێشێلکاریەکاندا، پێویستە ھەنگاوی گونجاو بنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی پێشێل کاران)). 
ڕاستە جەنگ یان شەڕ لە ھەر حاڵەتێکدا ڕووداوو کارەساتێکی دژبە مرۆڤایەتیەو دانانی یاسا و ڕێسا بۆی ھیچ مانایەکی نیە، چونکە شەڕ ھەر شەڕە و بریندار ھەر بریندارە و کۆژراویش ھەر کوژراوە. بەڵام بە بوونی ئەم پانزە خاڵە گەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ئەوەڕێگری لە حەجمێکی بەرفراوان لە ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئاژەڵی و ژینگەیی دەگیرێت و وەکوو یاسایەکی ھەمیشەیی بەرچاو،چونکە بونی چەک وچەک ھەڵگر بێگوومان دەبێتە ئامانجی شەڕ.
تێبینی: ھەر ١٥خاڵەکە بە سوپاسەوە لە ئەکاونتی کاک شاھۆ محمودیەوە وەرگیراوە.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123