وتار
ململانێ ی ئەوروپا و ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین
بورهان ڕەئوف

ھەرچەندە ئەوروپیەکان لە دوای جەنگی یەکەمی جیھان و بگرە پێشتریش و لە دەمی جەنگەکەیشدا  (١٩١٤- ١٩١٨ ) کاراکتەری کارای سەر گۆڕەپانی سیاسی و ڕوداوەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بوون و ڕێکەوتننامەکانی ئەو دەمی دابەشککردنی ناوچەکە و ھەر لە سایکس _ بیکۆ و سیڤەر و سان ریمۆ و بەڵێنی بلفۆر گەواھی ئەو ڕاستیەن .
 بەڵام لە دوای  جەنگی جیھانی دووەمەوە و سەرھەڵدانی جەنگی ساردی نێوان دوو جەمسەری جیھان بلۆکی سۆسیالستی بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و بلۆکی سەرمایەداری بە سەرۆکایەتی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا , ئەمریکا جێگە و پێگەی پێ لێژ کردن و خۆی سەرکردایەتی جیھانی گرتە دەست کە ئەمە باسێکی درێژە و لەوەیە لێرەدا نەکرێت بە درێژایی باسی بکەم .
ئەوەی مەبەستی منە لەم وتارە کورتەدا باسی بکەم و بیوروژێنم ئەوەیە ئایا ململانێکانی ئەمریکاو ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا جارێکی تر سەرھەڵدەدەنەوەو کێ  براوەی ئەم ململانێ دەبێت ؟
ھەرچەندە وڵاتانی ئەوروپا لە دوای دامەزراندنی یەکێتیەکان یەکێتی ئەوروپا لە ھەوڵی ئەوەدان ببن بە خاوەنی بڕیارو دیدی سەربەخۆی خۆیان لە ھەمبەر کێشەو قەیران و ڕوداو ململانێکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەوەی ڕوونەو گەلێک لە چاودێرانی سیاسیش لەو بڕوایەدان کەنەیان توانیووە ببن بە خاوەن بڕیارودیدی سەربەخۆی خۆیان لە ئاست دۆسیەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەڵکو ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە لە سیاسەتەکانیان پاشکۆیەتی و خۆبەستنەوەیە بە سیاسەتەکانی ئەمریکاوە .
کە ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دیدو بۆچوونی جیاوازیان ھەیە بۆ ڕوداو ململانێکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ناوچەکە بەگشتی و لە ھەمانکاتیشدا ئەمە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای سارد نەکردۆتەوە بۆ ھەوڵدان و خۆسازدان بۆ خۆشکردنی زەمینە بۆ وەرگرتنی بڕیاری سەربەخۆ لە ئایندەدا لە سەر ئەو دۆسیەو کێشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان .
بۆیە ھەر لەو چوارچێوەدا بەباشی دەزانم سەرھەڵدانی چەند ئاماژەو  ھەوڵ و سەرتایەکی ئەوروپیەکان بخەمە ڕوو کە دیدو بۆچوونەکانیان بەرەو سەربەخۆبوون و پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا دەردەکەون بەرامبەر ڕوداوەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەتی دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ ی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە دیارترینیان دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و قەیرانەکانی سوریا و لیبیاو کێشەی نێوان  قەتەر و وڵاتانی کەنداو.
بەڵێ ئەگەر بەراوردی سیاسەتی ئەمریکا و ئەوروپیەکان بکەین لە ھەمبەر ئێران و دۆسیەئەتۆمیەکەی و ڕێککەوتنی (٥+١) ئەو دەبینین تەواو پێچەوانەی یەکن چونکە ئەوروپیەکان پابەندی ڕێککەوتنەکەن و چی ئەمریکاشە خوازیاری ھەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکەیە و  پێکھێنانی ھاوپەیمانی وڵاتانی سوونەیە لە گەڵ ئیسرائیلیش دژ بە ئێران و پێشگرتن بە فراوان بوونی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە .
لە کێشەی تازە سەرھەڵداوی نێوان دەوڵەتی قەتەرو وڵاتانی کەنداو و میسر  ترەمپ پشتگیری لە عەرەبستانی سعوودیەو ئیمارات و بەحرین و میسر دەکات بۆ چەسپاندنی سزای زیاتر بەسەر قەتەر  و وەزارتەکانیشی ( (پنتاگۆن و دەرەوە )) پشتگیری ھەوڵی دیبلۆماسی دەکەن بۆ کپ کردنەوەو دامرکانەوەی کێشەو قەیرانەکان , ئەوە سیاسەتی ئەوروپیەکان ھەرلە فەرەنساو ئەڵمانیا  و کۆمیسیۆنی ئەوروپاش لە ھەوڵی ناوەندگیری و ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ وڵاتانی کەنداو قەتەریش کە ھەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری قەیرانەکەبە ڕێگای دبلۆماسی .
ئەم ھەوڵ و کۆششەی ئەوروپیەکان بۆ دامراننەوەی ئەم کێشانە لە خۆڕا نەھاتووە سەرخستنی زمانی دیالۆگ و دانوسان بۆ ئەو قەیرانە خزمەت بە مسۆگەر کردنی گەیشتنی نەوت و غازە بۆ ئەوروپاو بەرژەوەندییەکی ئابوری پڕسوودە  چونکە  ناوچەی کەنداو سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ ئەوروپا و ھەر سەرھەڵدانی کێشەو ململانێێ یەک لەو ناوچەیە بێگومان ھەڕەشەیە بۆ سەر بازاڕەکانی وزە لە  ئەوروپا .
لەسەر کێشەکانی سوریاش فەرەنساو ئەڵمانیاش تەنانەت کۆمیسیۆنی ئەوروپاش حەزیان بە چارەسەری دیبلۆماسی یەو ناکۆک نیە لە گەل َ ھەڵوێستی ڕوسیا و ھاوپەیمانەکانی بە ئێرانیشەوە لە کاتێکدا ھەڵوێستی ئەمریکا ڕوون و ئاشکرا نیە ڕۆژێک لەگەڵ مانەوەی ئەسەد و ڕۆژێکی لەگەڵ لابردنی ھەرچەندە وادیارە لە ئایندەدا بەرژەوەندییەکانیان ئەوە یەکلایی دەکاتەوە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ