وتار
تەوژمی ریفۆرمخوازی ھەرێم‌و مەسەلەی ریفراندۆم
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

مەسەلەی ریفراندۆم بوەتە بابەتی گەرمی ناوەندە سیاسی‌و جەماوەرییەکەی کوردستان، پێچەوانەی ئەوەش کە قۆناغەکەو پێویستیەکانی گەلێکی وەکو ئێمە بەدیھێنانی ئامانجەکانی دەیخوازێت گەرمبونی بابەتەکە ھەمووی پەیوەست نیە بەجۆش‌و خرۆشی جەماوەر‌و پەرۆشی خەڵک‌و کۆی ھێزە سیاسیەکان بۆ سەرخستنی‌و گەیشتن بە ئامانجە سیاسی‌و نەتەوەییە چاوەڕوانکراوەکەی پشتی کە دەوڵەتی سەربەخۆییە، بەڵکو ئەم بابەتەش وەکو ھەر بابەتێکی سیاسی حزبی ئاسایی بوەتە تەوەری سەرەکی گێرمەو کێشەو ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەوانەش ھێزە ریفۆرمخوازەکانی کوردستان.
دیارە ھۆکاری جەوھەری سەرەکی ئەم دۆخەش نەبونی ناوەندی پەرلەمانی کوردستان‌و نەبونی تەوافوقی نیشتمانی پێشتر لەسەر کراولەسەر لەسەر بابەتەکە خۆی دەبینێتەوە.
پەیوەست بەتەوژمی ریفۆرمخوازی کوردستانەوە دەخوازم ئاماژەی پێبکەم، ئەوەیە ئەم تەوژمە دەبێت سەرەڕای ھەموو کەموکورتی‌و کێشەو ناتەواوییەکان، ئەم ھەنگاوانەی لەم ڕوەوە دەنرێن‌و ئەو ھەوڵانەی بەئاقاری ئەنجامدانی ریفراندۆمدا لە ئارادان، جدیتر لەوەی تاوەکو ئێستا وەریگرتووە وەربگرێت.
ھەوڵبدات شرۆڤەی سیاسی تێکەڵ بەوێنە نەمەتیەکان‌و نیەتی ھێزە سیاسیەکان نەکات، بۆچونەکانی دەربارەی ریفراندۆم‌و چانسی سەرکەوتن‌و جدی بونی نەبونی سەربەخۆیی لانەبێتە راستی بەڵگەنەویست.
بەڵکو وەکو راوبۆچون‌و خوێندنەوەیەک سەیریان بکات کە دەکرێت پێچەوانەکەی راست دەربچێت‌و بسەلمێنرێت.
ئەم قسانەم بۆئەوەیە، کە ئەم تەوژمە لەبەردەم ئەگەری داھاتوییەکی جیاوازتر لەوەی دەربارەی دۆخەکە وێنای کردوە دووچاری ئیحراجی‌و رەوشێ نەبێتەوە کە توانای دەستپێشخەری لەدەستبدات‌و لەداھاتووی وڵاتەکەشدا وەکو ھێزێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی لاواز ببینرێت، مەسەلەکەش بەگەورەبونی چەندان قاتەی ھێزێکی تر کۆتایی پێبێت.
بەکورتی تەوژمی ریفۆرمخوازی وڵات لەپێشەنگی تەوژمەکەشدا بزوتنەوەی گۆڕان بەبڕوای ئێمە دەربارەی کۆی مەسەلە نەتەوەییەکان لەم قۆناغەشدا دەربارەی ریفراندۆم‌و دەوڵەت پێویستی بە پێداچونەوەو دوبارە ھەڵسەنگاندنەوە ھەیە، چونکە قورسایی کاری تەوژمەکە دەکەوێتە دوای قۆناغی سەربەخۆی‌و دامەزراندنی دەوڵەت لەناوەوەو دۆخەکەش لەگەڵ پێداگری لەسەر ئامانجەکان نەفەس درێژی‌و دیدی فراوانی دەخوازێت بۆ ئەوەی لە ئێستادا خۆی بکاتە بەشدارێکی راستەقینەی بەرکەوتە نەتەوەییەکان تاوەکو لەداھاتوودا لەداواکردنی بەرکەوتە ریفۆرمخوازییەکەدا وەکو ھاوبەشێکی موزایەدە لەسەر نەکراوی نیشتمانی مامەڵە بکات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1