وتار
ھێرش بۆسەر ڕۆژنامەنوسان خەریکە دەبێت بەدیاردە.!
پارێزەر: لوقمان مصطفی

مەخابن لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە زۆرترین دروشم و بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەم ھەرێمە دەبیستین، بەڵام تائێستا لە باشووری کوردستان ڕۆژنامەنوسان لەژێر ھەڕەشە و گوشاری دژواردان، ئەگەر  ڕۆژنامەنوس بەدڵی دەسەڵات نەنوسێ وبیرنەکاتەوە ئەوە ژیانی لەبەر ھەرەشەی گرتن ولێدان و تیرۆرکردن دایە.
 ماوەیەکە ڕۆژانە ھەواڵی کوشتن و تیرۆر و ڕفاندن وبەڕۆژی ڕوناک دەکەوێتە بەر شەق وتێھەڵدان و سوکایەتی پێکردن لەلایەن کەسانی چەک بەدەست ونەناسراوودەمامک دارەوە،بێ ئەوەی ھیچ دەزگایەکی ئەمنی بەجدی لەوحاڵەتەبێتەدەنگ.! وەلێ مەخابن ھێشتاش بکەرانی ئەو تاوانانە نادیارن و نابیستین کەسێک لەسەر ئەو تاوانانە سزا درابێت، ھەرئەوەشە ترس و گومانی زیاتری لەناو کۆمەڵگا دا دروست کردووە، بەتایبەتی ئەو ھێرشانەی کە دەکرێنە سەر ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ڕۆشنبیر و ئازاد، وای کردوە کە تاکەکانی کۆمەڵگا چیدی ھەست بە ئەمنیەتی ژیانیان نەکەن، بێگومان ھەموو ئەو ھێرشانەی کە دەکرێن، ھێرشن بۆ سەر ئازادی بیروڕادەربڕین، ئامانجی سەرەکەیش لەو ھێرشانە بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگایە، چونکە ئەگەر کۆمەڵگایەک ئازاد نەژی و بە ئازادی بیرنەکاتەوە ئەوا مەحکومی ژێردەستی وکۆیلایەتییە .
بۆیە پێویستە لە باشووری کوردستان مافی گەل بەگشتی و ڕۆژنامەوانی ئازاد و بیروڕای ئازاد بەتایبەتی بپارێزرێت، چیدی نابێت ئەم بێدەنگیە کوشندەیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێویستە بەرلە ھەرلایەک سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لەو گۆشەگیریەی بێتە دەرەوە و خاوەنداری لە ئەندامەکانی بکات، ئیدی دەبێت دادگاکان سەربەخۆی خۆیان بسەلمێنن و بەرگری جدی لە مافەکانی ڕۆژنامەنوسان بکەن.
  بەرلەھەر لایەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە ھێرشە ناڕەواکانیان تیادا دەکەنەسەرنوسەروڕۆژنامەنوسەکان 
چونکە ئەو ھێزانە بەرپرسیاری سەرەکیان دەکەوێتە ئەستۆ.
 کوشەندەترین شت ئەوەیە کەڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەبەرامبەر ئەو تاوان و ھێرشانە دەکرێتە سەر ھاوپیشەکانیان بێدەنگ دەبن و وەک ھەواڵێکی ڕۆتین لێی ئەڕوانن.! چونکە ئەو ڕوو داوانە کە ڕوودەدەن  خەریکە مەترسیەکە بۆسەر کۆی ڕۆشنبیران وقەڵەمە ئازادو بوێرەکان تادێ چڕتردەبێتەوە، بە شێوەیەکە خەریکە لە حاڵەتەوەدەبێ بەدیاردە کەئەمەش ڕێک پێچەوانەی یاساو بنەمادیموکراسیەکان ومافەکانی مرۆڤە.
چونکە ھێشتا یاسای کاری رۆژنامەنوسی، یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧) وەکو پێویست جێبەجێ نەکراوە بۆ رێزگرتن لە رۆژنامەنوسان و مافەکانیان کە حکومەتی ھەرێم، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان کەمتەرخەمی سەرەکین.
ھێشتا یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣ (یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان) بە باشی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. زانیاری دروست و پێویست نەخراوەتە بەردەست کەناڵەکانی میدیا و رۆژنامەنوسان. 
کەچی تیرۆرو سوکایەتی پێکردنی رۆژنامەنوسان وەکو مەترسییەکی گەورە بۆسەر کار و گیانی رۆژنامەنوسانی کوردستان بەردەوامە و ھێڵە سورەکانی تێپەڕاندووە. !
جاڕیی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ماددە / ١٩ کە تیایدا ھاتووە : (( ھەموو کەسێک مافی ئازادیی بیروڕاو ڕادەربڕینی ھەیە ، ئەم مافەش ھەڵگرتنی بیروڕا بەبێ خۆتێکەڵکردنی کەسێکی دیکەو وەرگرتنی ھەواڵ و بیروباوەڕو بڵاوکردنەوەیان بەھەرشێوەیەک و بێ خۆبەستنەوە بە سنوری جوگرافی دەگرێتەوە )) جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ئەنیستیتۆی کوردی لە پاریس ، ١٩٩٠ ل ٧٥ ، و ھەروەھا سەیری ماددە / ١٩ ی بەڵێنی نێودەوڵەتیی مافە شارستانێتی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ بکە کە تیایدا ھاتووە : (( ١- ھەموو کەس مافی ڕاوەرگرتنی ھەیە بێ دەستێوەردان .
٢-  ھەمووکەس مافی ئازادیی دەربڕینی ھەیەو ئەم مافە ئازادیی تۆژینەوە لە زانیاری و ھزری ھەربابەتێک بێت و وەرگرتن و گواستنەوەی بێ گوێدانە سنوور و ئەویش بە زاربێت یان بە نووسین یان بە چاپکردن سائیتر لە قاڵبێکی ھونەریدا بێ یان بەھەر شێوازێکیتر کە خۆی پەسندی بکات …..))
بێشک ئەوکارە قێزەونانە کە لەباشوری کوردستان ڕوودەدات،کۆی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان لەبەرانبەر ڕای گشتی جیھانی ونێوخۆیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە،ئەگەر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم ھەروا بێدەنگ بێت ئەوا سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وڕێکخراوە کانی مافی مرۆڤ لەکوردستان دەتوانن ئەو کەیسانە بجوڵێنن وسکاڵاتۆماربکەن دژ بەحکومەت چونکە وەک پێویست بەئەرکی سەرشانی خۆی ھەڵناسێت وکەمتەرخەمی لێدەکات،دەتوانن سکاڵاتۆماربکەن لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان وھەروەھا وروژاندنی ئەوکەیسانە  لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتیەکاندا  تابە ئاگا بێنەوەو ھەوڵی جدی بدەن بۆ دەسگیر کردنی ئەو دەمامکداروو چەکبەدەستانەی کە بوونەتە مەترسی بۆسەرژیانی ڕۆژنامەنوسان وھەڵگرانی ئاڵای  ئازادی ڕادەربڕین و ڕێگری لە شێواندنی ئەزمونی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123