وتار
ڕیفراندۆم بۆ؟
ئومێد بابان

لە دنیای ئەمڕۆدا، کە دیموکراسی خەریکە لە وڵاتە تازەگەشەسەندووەکاندا دەبێتە نەریت، ئازادیی ھەڵبژاردن (بە ھەموو واتاکانییەوە)، جێی بە تاکڕۆیی و دیکتاتۆرییەتی تاکەکەس، حزب، خێڵ و عەشیرەت و دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لەق کردووە و دەریچەی بە ڕووی خەڵکدا کردووەتەوە، کە خاوەنی ئیرادە بن و خۆیان بڕیار لە ئێستا، داھاتوو و بگرە چارەنووسی ڕۆڵەکانیشیان بدەن.
مێژوو سەلماندوویەتی، ھەموو میللەتێک خاوەنی زمان، فەرھەنگ و کلتووری تایبەت بە خۆیەتی و سەرباری ململانێ و ناکۆکیی نێوخۆیی لەسەر ھەندێک پرسی لاوەکی و سەرەکی، دواجار چونکە یەک زمان، یەک فەرھەنگ و کلتوور (بە جیاوازیی پێکھاتەکانیشەوە) لە جیۆگرافیایەکی ھاوبەشدا کۆی کردوونەتەوە، بوونەتە خودانی کیان و بە گەڕانەوە بۆ ڕای ھاونیشتمانیان، دەوڵەتیشیان لەسەر پرەنسیپی متمانەکردن بە دەنگی خەڵک، ڕۆناوە.
بە ئاوڕدانەوە لە دیرۆک، دەشێ دۆخی ئێستای باشووری کوردستان بە ھێندێک لەو وڵاتانە بچوێندرێت کە لە ھەرێمەوە بوونەتە دەوڵەت، ئەوە بۆیە لە پرۆسەیەکی وەک ریفراندۆمدا، (کە موڵکی ھیچ حیزب و کەس و لایەنێک نییە)، دەنگدان بە (بەڵێ)، ئەرکێکی نیشتمانی، نەتەوەیی، ئەخلاقیی ئایینییە کە دواجار دەکرێ لێکەوتەکانی بەدەوڵەتبوون، بەسەر ھەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵگادا ڕەنگ بداتەوە و لەوێوە ئازادیی تاکەکەسی، بیروڕا، ھەڵبژاردن و سەربەستی لە بڕیارداندا، بۆ تاک بە تاکی گەلێکی ستەمدیدەی زوڵملێکراوی بە ناھەق چەوسێندراوە، بگێڕدرێتەوە.
ئەگەرچی بڕیاردان لە چارەنووس، چەند ساڵێکە دروشم و بنێشتەخۆشەی سەر زاری تێکڕای حزبە کوردستانییەکانە، لێ بە کردار کاری جیددی بۆ نەکراوە و ڕەنگە بەر لە ھەمووانیش سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەو پرسەدا خەمسارد، یان وەک خۆی لە ئاست ئەو پرسە چارەنووسسازە نیشتمانییە نەتەوەییەدا نەبووبن.
بەڵام، ئەو دۆخەی کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا ھاتووەتە پێشەوە، فرسەتێکی مێژووییە و لەکیسدانیشی، ھەڵەیەکی مەزنە کە دواکەڕەت ئەرکی قورستر دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و لایەنەکان و ڕەنگە دووبارەبوونەوەیشی مەحاڵ بێت.
ئەوە بۆیە، ڕاپرسی لەسەر پاشەڕۆژی میللەتێک، ئەگەرچی ڕای جوداشی لە بارەوە ھەبێت، گەرەکە ھەمووان لە ئاستیدا یەکدەنگ، یەکڕەنگ و یەکھەڵوێست بن و بەمەش یار و نەیار ملکەچی خواست و ویست و داخوازیی خەڵک دەکرێت و، بەلایانەوە تاڵ بێت یان شیرین، دەبێتە دیفاکتۆ و ناچارن دەنگی ھاونیشتمانیان بە ھەند وەربگرن، لەبەر ئەوەیشە مەرج و پێشمەرج بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، جا لەلایەن ھەر حزب و کەس و لایەنێکەوە بێت، ڕەوا نییە و پشتگوێخستنی ئیرادە و سەنگ و دەنگ و ڕای ھاووڵاتیانە.
دواجار، ئەوەش بیر بھێنینەوە کە گشتپرسی شەرعییەتدانە بە دەنگ و ڕەنگ و ڕای خەڵک و باشترین بژاردەی دیموکراسیی باوی سەردەمە، کە گەلانی دنیا ئەزموونیان کردووە و لە ڕێگەیەوە مێژوویەکی نوێیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ