وتار
تورکیا لەجەنجاڵی قەیرانی قەتەردا
فەرید ئەسەسەرد

گومانی تێدا نیە کەقەیرانی قەتەر زۆر خراپ لەسەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا شکاوەتەوە. بەھۆی ئەم قەیرانەوە، تورکیا دۆستایەتیی سعودیەی لەدەستداوە. لەڕیازی پایتەختی سعودیە بەو چاوە سەیری ھەڵوێستی تورکیا دەکرێ کە ھەڵوێستێکە گوزارشت لەدۆستایەتی ناکا. لەڕاستیشدا قەیرانی قەتەر گەیشتۆتە ئاستێک کەتێیدا ھیچ بوارێک بۆ تورکیا نەماوە کەبتوانێ وەک دۆستی ھەردولا بمێنێتەوە.
ھەڵپەی ناردنی ھێز بۆ قەتەر، لەکاتێکدا کە نەیارانی قەتەر لەھەوڵی زیادکردنی فشار بوون لەسەر قەتەر، پەیامێکی خراپی لەلایەن تورکیاوە گەیاندە پایتەختەکانی نەیارانی قەتەر. لەوەش خراپتر، ھەوڵی تورکیا بۆ رازی کردنی سعودیەو دەربڕینی ئامادەیی بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سوپایی لەسعودیە کە ھاوشێوەی بنکە سوپاییەکەی تورکیا بێ لەقەتەر، ئەوەندەی دی سعودییەکانی تووڕە کرد.
سعودییەکان‌و ھەروەھا قەتەرییەکان‌و تورکەکانیش دەزانن ھێزە جێگیرکراوەکەی تورکیا لە قەتەر، لێی رانابینرێ لەکاتی ھەر ھێرشێکی دەرەکیدا بتوانێ قەتەر بپارێزێ. بەڵام ناردنی ھێزی تر بۆ بنکەکە، پەیامێکی سیاسی بوو زۆرتر لەوەی کە پەیامێکی سوپایی بێ. سعودییەکان زۆر بە توندی وەڵامی پێشنیارەکەی تورکیایان دایەوەو دانانی بنکەی سوپایی تورکیایان لەوڵاتەکەیان رەت کردەوە، بەڵام بەوەش دانەکەوتن، بەڵکو لەلیستی داواکاندا کە بەھاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی تر پێشکەش بە قەتەریان کردووە، داوای داخستنی بنکە سوپاییەکەی تورکیایان کردووە. ئەردۆغان ئەم داوایەی زۆر لەسەر دڵ گران بوو، نەیتوانی خۆی لێ بێدەنگ بکاو لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند کەپێشکەش کردنی داوایەکی وا "سوکایەتی کردنە" بە تورکیا.
لیستی داواکان کەپێشکەش بە قەتەر کراوە، لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا ناگونجێ، بەتایبەتی لەو بەشەی کەپەیوەندیی بەئیخوان موسلمینەوە ھەیە. لێرە بەدواوە سعودیەو ئیمارات دەست بەجموجوڵ دەکەن‌و لەپشتیوانی کردنی قەتەر لەئیخوان موسلمین بێدەنگ نابن.
ھەنگاوی یەکەمیش، پێش سەرھەڵدانی قەیرانی قەتەر، ناساندنی ئیخوان بوو وەک گروپێکی تیرۆریست. لەناوچەکەدا قەتەرو تورکیا دوو بنکەی سەرەکیی ئیخوان پێکدێنن‌و ئەگەر فشارەکانی سەر قەتەر ئامانجە خوازراوەکانیان بەدی بێنن، ئیخوانەکان ھەر تورکیایان بۆ دەمێنێتەوە. بۆیە تورکیا بەو جۆرە سەیری مەسەلەکە دەکا کە لەو ھەلومەرجەدا قەتەر سەنگەری پێشەوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە لەناوچەکەداو ئەگەر قەتەر لەبەردەوامبون لەسەر پشتگیری کردنی ئیخوان شکست بێنێ، لەقۆناغی داھاتوودا فشارەکان روو لەتورکیا دەکەن‌و بەھەمان دەردی قەتەری دەبەن.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ھیچ کات تورکیا بەقەد ئێستا بێ پشتیوان نەبوە. لەم دواییەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا توشی تەنگژەیەکی دژوار بوون‌و مەسەلەکە گەیشتە رادەی کێشانەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیا لەبنکەی ئینچەرلیک. ھەفتەی رابردوش قەیرانێکی تر لە پەیوەندییەکانی ھەردوولادا سەری ھەڵدا، کاتێک حکومەتی ئەڵمانیا رازی نەبوو ئەردۆغان چاوی بەھاووڵاتییە تورکەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بکەوێ. لەولاوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی لەدوای دورخستنەوەی تورکیا لەبەشداری کردن لەئۆپەراسیونی رەققە، تا دێ خراپتر دەبێ‌و ھیچ ئاسۆیەکی چاکبونەوەش دیار نیە. تورکیا زۆر بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەنجامەکانی تەنگھەڵچنین بەقەتەرو لەبەزینی قەتەر تۆقیوە. داڕێژەرانی سیاسەت لەئەنکەرە پێیان وایە بەزینی قەتەر دەبێتە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی تەنگھەڵچنین بە تورکیا. ئەمەش تورکیای زۆر نیگەران کردووەو ناچاری دەکا زۆرتر لەروسیاو ئێران نزیک ببێتەوە، کەئەمانەش ھەردوکیان پەیوەندییەکی گرژیان لەگەڵ جیھانی رۆژئاوادا ھەیە. لەدۆخێکی وادا تورکیا لەسیاسەتی دەرەوەیدا بەشێوەیەکی سەرلێشێواو ھەڵسوکەوت دەکاو کاردانەوەی توند بەرامبەر بەپێشھاتەکان دەنوێنێ. تورکیا، پشت بەست بەتێڕوانینی ئەردۆغان، نایەوێ لەپەراوێزی روداوەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ھەر ھەوڵدانێکیشی بۆ چوونە ناوجەرگەی پێشھاتەکان گۆبەندی بۆ دەنێتەوە. بۆیە، لەنێوان مانەوە لەپەراوێزداو ترس لەگۆبەندی گەورە، تورکیا بە سەرگەردانی‌و پەرێشانی ماوەتەوەو نازانێ چی بکا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ