وتار
بزوتنەوەی گۆران و نیەتی خێر
دانا مەنمی

پێکھاتەی ئێستای خانەی ڕاپەراندن لە دوای ٢٥ی ٧ی ٢٠١٧ وە جیاوازە لە پێکھاتەی ساڵانی ڕابردوو ، چونکە پێکھاتەی نوێ پیاوی سیاسەتووان و ئیدارە کردنی ململانێکانن ، ئەگەری ململانێکان لە ڕوبەڕوبونەوەی خوێناوی دەگوازێتەوە بۆ روبەربونەوەی دیموکراتی و دیالۆگ و دانوستاندن بەشێکی گرنگ دەبێت لە ئەولەویەتی داھاتووی خانەی ڕاپەراندن و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، نەمەرجی کەس قبوڵ دەکەن و نەمەرجیشیان دەبێت بۆ دانوستاندن ، چونکە خانەی راپەڕاندن و خودی ڕێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان ساڵانێکە لە ناو موفاوەزات و تەشکیلکردن و مناوەرەو موبادەرەدان و یەکترو دەوروبەر دەناسن ، بوونی ئەم پێکھاتەی نوێیەی خانەی ڕاپەراندن پێویستی قوناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان و بەرپرسیارەتیەکی قورستر لە قۆناغێکی ئاڵۆزتر لە ئەستۆیاندایە کە ھەم بەرگەی ڕەخنەکان بگرن و ھەزمی بکەن ، ھەمیش کار بۆ نەمانی گرژییەکان و یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و ئاشتەوایی  نیشتیمانی و یەکیتی و یەکبوون بگەرێننەوە نێوماڵی کوردی .
عومەری سەید عەلی پیاوی بەھاو ڕەوشتە بەرزەکانە، مرۆڤێکی نەجیب و سەنگینە ، ھەموو ژیانی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەلەکەی خەرج کردووە ، وەزیفەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆرانە وەفاداری ئەو ھەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشانی (عومەری سەید عەلی ) بێت ، سەرباری ئەرکە سیاسییەکەی گۆران پیویستە نمونەیەکی جوانی بەھای لیبوردەیی و وەفاداری بۆ بەتەمەنەکان و رێز لە خەبات و ماندووبونیان بگرێت .
دورخستنەوەی گەنجەکانی گۆران لە ناوەندی بڕیاردان و بە تایبەت لە خانەی ڕاپەراندن کە ناوەندی بڕیارو بەرپرسیارەتی و ڕاوێژکردنە بۆ قۆناغی ئێستای نێوماڵی کوردی زەرورەتێکی پێویست بوو ، چونکە لە ماوەکانی ڕابردوو نێوماڵی کوردی بەھۆی ھەڵەی فکری و دیدو تێڕوانینی گەنجەکانەوە لێکترازاو بە بنبەست گەیشت ، گەنجەکان ھێندەی ڕاوچی کۆمێنت و فەیسبوکەوان بوون ، ھێندەی لە پشتەوە قورمیش دەکران ،ھێندە واقیع بین و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ھاوکێشە سیاسی و ئابوریی و کلتوری  و کۆمەلایەتیەکاندا نەدەکرد، بوونە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی ڕەگ و ریشەی بزوتنەوەی گۆڕان و جنێودان و پەلاماردانیشیان شەڕی بە وەکالەت بوو کە ماڵوێرانترین شەڕ لە دنیا شەڕی بە وەکالەتە .
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆران بەستەڵەکی سیاسی توندەوە ئومێدی بەخشی بە ھاوڵاتیان و ھەوادارانی ھەردوو حزب ( پارتی و گۆڕان )  سەردانی (ئەدھەم  بارزانی )یش وەک نوێنەری ماڵباتی بارزان و بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی بۆ مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆران بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن لە ڕێکخەری گشتی گۆڕان و خانەی ڕاپەراندن بۆ ئەوەیە کە درزو کەلێن و بۆشایی و لێکترازانی سیاسی پڕبکەنەوەو ببنە پردی نزیک بونەوەی بیروڕاکانی یەکتر کە ئەوەش ھەم ئەرکە پێویستە ممارەسە بکرێت ھەمیش نیەت و ئیرادەی خێرە بۆ لێکتێگەیشتن کە بەھرەی عەقڵن .
"ئیمانوێل کانت " دەڵێت " شاھیدی عاقڵمەند لایەنگری ناھەق ناکات ،بەوە ڕازی نابێت کە شتێک بە ھەڵگەراوەی و ئاوەژۆ پیشانبدرێت و ئیرادەی خێر پەک بخات ، ئیرادەی خێر مەرجێکە ناتوانین دەستبەرداری بین ،چونک ئیرادەی خێر کامەرانی بنیات دەنێت ".
ئەو بارودۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستان بارودۆخێکە پێویستی بە دیراسەو ھەڵوەستەکردن و ڕاوەستان ھەیە ، پێویستی بە کۆدەنگی نیشتیمانی و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و بونیاتنان و نەتەوەسازی ھەیە ، لەنێو دیدو تێروانینە جیاوازەکان و خاڵە ھاوبەشەکاندا پێویستیمان بە ئەقلانیەت و بوونی ئیرادەی خێر ھەیە تا ئەزمونی کوردستان و سیمای حوکمرانیەتی بەرەو باشتر بەرین و ھەنگاوەکانمان لە پێناو ڕیفراندۆم وەک کەرەستەو ئامرازێک بەرەو سەربەخۆی و بریاردان لە چارەنووسی گەلەکەمان یەکبخەین ، ئەو قەیرانەی کە ئێستا سەرچاوەی گرتووە ئاکامی ھەڵسوڕاندنی خراپی ئیدارەدان و بەرئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسییەیە کە لە ژینگەی سلێمانی و ھەلەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و راپەرین زەمینەسازی لەلایەن تەیفێک لە ھەرزەکاری سیاسی بۆ کرابوو ، چاکسازی و ریشەکێشکردنی گەندەڵی داوایەکی ھەق و ڕەواو پیرۆزن ، بەڵام چاکسازی و ڕیشەکێکردنی گەندەڵی تەنھا بە بڕیاری سیاسی و کۆدەنگی لایەنە سیاسیەکان و پێکھینانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی ککوردستانەوە ناکرێت ، بەڵکو پێویستی بە نیەت و راستگۆی و راشکاوی و سیاسەتێکی ئەقلانیەتە بۆ چۆنیەتی داڕستنەوەی پرۆژیەک بۆ ڕوبەرو بونەوەو ڕیشەکێشکردنی گەندەلی .
سەرچاوەی گۆرانکاری و چاکسازی لە کۆمەڵگە پەیوەستە بە بیرێکی زانستیانەو دوور لە دروشمی بریقەداری حزب ھەیە، لەڕابردوو بەشێک لە ھەڵسوراوە گەنجەکانی نێو بزوتنەوەی گۆران لە ناو بیری ستالینیدا پەروەردە کراون و ئیستاش خۆیان لە بەرگی پۆپۆلیزم و نیو پۆپۆلیزم دا نمایش دەکەن ، ئەوجا پاشخانی فکریشیان لاسایکردنەوەی رۆشنبیرەکانی وڵاتانی عەرەبی یە و باکگراوندی فکریان ، باکگراوندی چەپ و وڵاتانی عەرەبیان ھەیە ، بەھەمان شێوەی ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتانی عەرەبی ڕوبەروی سیستەمی حوکمرانیەتی کوردی دەبنەوە و دەسەڵاتی کوردیش بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری عەرەبی بەراورد دەکەن ، کە ئەوەش بێویژدانی و ناعەقلانیەکی تری ئەو تەیفەیە کەلە غیابی ڕیکخەری کۆچکردوودا بزوتنەوەی گۆرانیان بەرەو ھەڵدێری دەبرد .
زیاتر لە دووساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان قوفڵێکی حەوجۆشی لە پەرلەمانی کوردستان داوە و لە دوای کۆچی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران (نەوشیروان مستەفا ) پارتی بە نیازی کردنەوەی قوفڵە حەوجۆشەکەیە لە دەرگای پەرلەمان و مەرجەکانیشی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەڵگرت ، بەمەش بزوتنەوەی گۆرانی بیانوبڕ کرد و چەند جارێکیش داوای کۆبونەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان کردووە ، لە پێناو ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان پارتی نەسەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی لا ھێڵی سوورە ، نەمەرجیشی ھەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان  پارتی مەبەستیەتی بزانێ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەتوانێت خزمەت بە پرۆسەی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و فەرمانی ھەرێمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە رۆژی ١ی تشیرینی دووەمی ٢٠١٧ وەک وادەی ھەڵبژرادنی ھەردوو سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان بکات و بەرگی یاسایی بکات بە بەریاندا ، یان دەریچەیەکی تر بۆ ڕێکەوتنی سیاسی لایەنەکان و بەتایبەت ھەردوو حزب ( پارتی و گۆران ) دەدۆزرێتەوەو کۆتایی بە دۆخی چەقبەستووی و بنبەستی سیاسی  دەھێنرێـت . 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/07/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ