وتار
ریفراندۆم لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدا
فەرید ئەسەسەرد

لە دوایین لێدوانی فەرمیی ئیبراھیم کالن وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا، ھیوای خواست لێپرسراوانی ھەرێم بە بڕیاری ریفراندۆمدا بچنەوەو واز لەم پرۆژەیە بێنن. مایەی تێڕامانە کە لێدوانە فەرمییەکەی ئەمجارەی تورکیا زیاد لە پێویست توند بوو، چونکە تێیدا ھەر ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم تەنھا کارێکی "چەوتە" بەڵکو چەوتییەکە لەو جۆرەیە کە" چاک ناکرێتەوە". ناوەڕۆکی دەستەواژەکە ھەڕەشە و چاوسورکردنەوەیەکی توندی تێدا بەدی دەکرێ.
لەڕاستیدا ھەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان بە قەد ئەوەی کە ھاندەر نین، ئومێدبڕیشن، بە تایبەتی کە دژەکان دەوڵەتی دەستڕۆیشتوون لەجیھان ‌و لەناوچەکەدا، لانی کەم سێ دانەیان، واتە ئەمریکاو روسیاو بەریتانیا، ئەندامی ھەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دووبارەبوونەوەی لێدوانە دژەکان کۆتایی بەو تیۆرییە دەھێنێت کە گوایە دەوڵەتان لە لێدوانەکانیاندا دژی ریفراندۆمن‌و ژێر بەژێریش پشتگیریی دەکەن.
بە کردەوەش پاش شکستە گەورەکەی شاندی کورد لە برۆکسل و گەڕانەوەی شاندەکە بە دەست بەتاڵی و بەبێ بە دەستھێنانی ھیچ پشتگیرییەک بۆ پرۆژەکە، مەسەلەی ریفراندۆم کەوتە بەردەم دوڕیانێکی سەختەوە کە تێیدا دەبێ بەردەوامبوون (بەبێ ھیچ گەرەنتییەک) یان دەست لێھەڵگرتن (سەرەڕای ئازار بەخشییەکەی)ھەڵببژێردرێ.
ئەو بێ دەرەتانییەی کە پرۆژەکە توشی بووە، گومان لەسەر راستیی گریمانەکان دروست دەکا، بەتایبەتی گریمانەکانی پەیوەست بە گونجاوترین کات بۆ وروژاندنی کەیسی ریفراندۆم. بەپێی گریمانەکان، ھەلومەرجی زاڵ گونجاوترین کاتە بۆ بیرکردنەوە لە سوودمەندبوون لە تێزی مافی چارەی خۆنوسین و ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و وروژاندنی مەسەلەی ریفراندۆم وەک لەبارترین میکانیزم.
لاوازیی گریمانەکە لەوەدا دەردەکەوێ کە لە بنەمادا ھیچ پێناسەیەک بۆ کاتی گونجاو نەکراوەو ھیچ شرۆڤەیەک لەبارەیەوە پێشکەش نەکراوەو مەرجەکانی کاتی گونجاو بەتەمومژی ھێڵدراونەتەوە. ھەر ئەمەشە وای لە لایەنگرانی گریمانەی کاتی گونجاو کردووە، دەستەوسان بن لە وەڵامدانەوەی پرسیاری: ئەگەر کاتەکە ئەوەندە گونجاوە، بۆچی ھیچ دەوڵەتێک پشتگیریی پرۆژەکەمان ناکا و ھەمووان داوامان لێدەکەن پەلەی تێدا نەکەین و رەوشە ئاڵۆزەکە لەوە زیاتر نەشێوێنین؟
خراپترین لایەنی مەسەلەکە ئەوەیە کە دەستەبژێری حوکمڕانی ھەرێم بە کردەوە ھیچ پێداویستییەکی بۆ سەربەخۆیی دابین نەکردووەو ھیچ ژێرخانێکی ئابووریی پتەوی بۆ ھەرێم نەرەخساندووە کە شایستەی پشت پێ بەستن بێت.
ئەو ھەلومەرجەی ئێستا لەئارادایە، زۆر لە ھەلومەرجی ساڵی ١٩٧٥ دەچێ، کە تێَیدا کورد ھەر ئەوەندەی بە خۆی زانی ھیچ دۆستێکی نییە و ھەمووان لەسەر کۆتایی پێھێنانی شۆڕشەکەی ھاوئاوازن. ئەمە بە دیوێکی تردا بەم مانایە دێت، کە دەستەبژێری حوکمڕان پەند لە مێژوو وەرناگرێ‌و ھیچ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێناگا.
گومانی تێدا نییە کە بارودۆخی شڵەژاوی ناو ھەرێم، کاریگەریی زۆری لەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شایستەیی کورد بۆ سەربەخۆیی ھەیە. بەرزبوونەوەی ئاستی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ‌و تەنگەبەرکردنی چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین، بەتایبەتی لە ھەولێر ودھۆک و پەکخستنی پەرلەمان و دەستاودەست نەکردنی دەسەڵات لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی ھەرێم و لەدەستدانی توانای دابینکردنی موچەی کارمەندەکانی حکومەت‌و خانەنشینان ‌و قەرزاریی حکومەت، لەو فاکتەرانەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان لە پشتگیری کردنی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان سارد کردۆتەوە و برەویان بەو بۆچونە داوە کە کورد ھێشتا ماویەتی بگاتە ئاستی شیاوی سەربەخۆبوون.
بڕیار و سیاسەتە چەوتەکانی ساڵانی رابردوو، بە دڵنیاییەوە رەنگدانەوەی خراپیان لەسەر پێگەی ھەرێم لە جیھان ھەبووە. کەواتە نەک ھەر بەرژەوەندییەکان، بەڵکو ھەڵە ناوخۆییەکانیش دەستیان لە ئاڵۆزکردنی پرۆژەی ریفراندۆمدا ھەبووە.
بۆیە پێش ئەوەی داوای پشتگیری لە جیھان بکەین، دەبێ جیھان بھێنینە سەر ئەو باوەڕەی کە ئێمە گەلێکین شایستەی ئەوەین دەوڵەتی خۆمان ھەبێ، ھەنگاوی یەکەمیش لە چاکسازیی ناوخۆوە دەست پێدەکا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ