وتار
جینۆسایدی ھەشت ھەزار بارزانی
محه‌مه‌د ره‌ئوف

لە درێژەی جینۆسایدەکانی کوردا و پاش ھەرەس ھێنانی شۆڕشی کورد ساڵی ( ١٩٧٥) دەیان ھەزار لە خێَڵی بەرزانییەکان بە زۆر لە شوێنەکانی خۆیان ھەڵکەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشک لە باشوری عێراق ، بێ ئەوەی لەلایەن رێژێمەوە ھیچ یارمەتییەک بدرێن ، ئەم گوندنشینانە نزیکەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێ‌دا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی ئیڤا ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو کۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچکران و ھەندێکیشیان بران بۆ کۆمەڵگای (بەحرەکە)لەباکوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ کۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری) نارد . 
لەم کۆمەڵگایانەدا خەڵکەکە بۆیەکەمجار ھەوای کوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی کاول کاری نێوان عێراق و ئێران دەستی پێ‌کرد ، ھەربۆیە جکومەتی ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچکەی 
( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی ناوچەکانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو ھەزاران سەرباز لە ھەردوولا کوژران .
ھەربۆیەرژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەم روداوەدا لە ٣٠ / ٧ /١٩٨٣ دا بەسەرۆکایەتی ( بەرزان تکریتی و وەتبان تکریتی) ھەردوو دایک برای دیکتاتۆرو و بە فەرمانی راستەوخۆی ( ێەدام حوسێن) دەوری ئۆردوگای زۆرەملێی بارزانییەکانی دا لە ( قوشتەپەو دیاناو ھەریرو بەحرەکە) ، زیاتر لە ( ٨)ھەزار پیاوی گەنجیان دەستگیرو سەرنگوم کرد .
ھەندێ پێیانوایە کەپیاوە بەرزانییەکان ساڵێک لە ژیاندا ماون بەڵام ( ێەدام حوسێن) لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێکی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێکیدا زۆر بەڕاشکاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان کرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەکانی بارزانیدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێک رۆچوون لەخیانەتدا کەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێکی بەرفراوانتر لەبنەماڵەکەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەرێ نیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی کۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵیاندا پەیوەندی دروست بکەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەکیش ئاڵۆگۆر کرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان کرد یەکەمیان خیانەتیان لەخاک کرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان کرد کەدابوویان، بارزانیەکانیش بەشدار بوون لەم کارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو کە ئەوان جۆرە رێکەوتنێکیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا کە ھەرگیز چاوساغی سوپای ئێرانی نەکەن بۆسەر خاکی عێراق، ھەندێک پێیان وایە کە لە کاتی رێکەوتنە نھێنیەکەدا سەدام داوای زەمانەتی کردووە، مەسعود و ئیدریس بارزانی وتویانە زەمانەت ئەوەیە براکانمان لەلای ئیوەیە، ئەوانیش چونکە زۆر داغ لە دڵ بوون بەرامبەر بە براکانیان ( سابیر و عوبەیدوڵا و لوقمان ) بۆیە پێشرەوی سوپای ئێرانیان کردووە، تا حکومەتی بەعس براکانیان لە سێدارە بدات، وە لەوەشدا سەرکەوتوو بون و لە ھیچ شوێنێکیش باسی ئەوبرایانەیان ناکەن بەلام بڕوایان ناکرد سەدام ئەوکارە بەرامبەر بە بارزانیەکان بکات.
بەپێی زانیاریەکان ئەم پیاوە بەرزانیانەیان لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ کرد ، ژن ومناڵەکانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕین لە ئۆردوگاکاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخبارات گیرابوو ، کە ژیانێکی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو کارەباو کەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام .
ژنێکی بەرزانی کەلەو کاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین کە سەربازەکان لە کاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی کۆمەڵگاکەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق کاتێک کە خەڵکەکە وەبەر خۆکەوتن بچنە سەر ئیش و کاریان ھەموو سەربازەکان بەجاری رژانە ناو کۆمەڵگاکەوە ، ھەر پیاوێک دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێکی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەک دا ، ئەو مەلایەشیان گرت کەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەکانیان شکاندین و کەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەکانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنکی ئاویشیان دەکرد ، ھەموو نێرینەیەک کەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان کردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەکان تا پیاوەکانیان نەبەن ). 
پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیرکردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەکرێن ، وە پاش ماوەیەکیش بەفەرمانی راستەوخۆی (ێەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەکەنرێ‌و دەکەس دەکەس گوللەباران دەکرێن و دادەپۆشرێن .
ھەر لەو سەروبەندەدا لە ٣٠/٨/١٩٨٣حکومەتی بەعس ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی کوڕانی مەلامستەفا و کە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون لە سێدارەدا ئەو کوڕانەی مەلا مستەفا لەدوای شکستی ١٩٧٤ لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونکە کێشەیان لەگەڵ باوکیان ھەبوو، بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پێشڕەویەکانی ھێزەکانی پارتی بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، کوڕەکانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا کە یەکێکیان وەزیرو ئەوەی دیکەیان پەرلەمانتار و ئەوەی تریشیان بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێکردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەرکردەیەکی بارزانی ناویشیان ناھێنێت، کە یەکێکیان باوکی سیروان بارزانیە، بڕیارەکەش لە دادگای شۆرش لەرۆژی ( ٣٠/٨/١٩٨٣ ) بەسەرۆکایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەرکرا: حوکمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەک لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەکیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەک لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێکی تر لە سێدارەداران چونکە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون.

• بەشێک لە زانیاریەکان لە کتێبی ( ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەکانی محەمەد رەئوفەوە وەرگیراوە.
01/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ