وتار
‌بزوتنەوەی گۆڕان و نوری مالیکی
ئاری ھەرسین

ئەوەی قووتی میللەتەکەمانی بڕی، ئێستا دەیەوێت بمانکاتە پیاوی خۆی...!
ھەندێک لە ئەندامانی حیزبەکەی ئێمە، ئیتر بۆچونی خۆیان بێت، یان پێیان تەزریق کرابێت، لەملاو لەولا یان لە تۆڕە کۆماڵایەتیە بێ ساحێبەکان دەشکێنن شەکر و دەڵێن: بزوتنەوەی گۆڕان پارەی لە مالیکی وەرگرتوە و، ھەر بۆیەش دژی ڕیفراندۆمە. ئەو ھەڤاڵە بەڕێزانە بە خەڵەت لە مەسەلاکان تێ گەیشتون. ئەم گوتارە کورتە ڕونکردنەوەیەکی دیدی حیزبی ئێمەیە لەسەر ئەو مەوزوعە.

ئێمە پێمان وایە بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن کەسانێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ھەرچەند لە تونێلە تاریک و پڕ لە شەرمەزاریەکانی (شەڕی نەگریسی برا کوژیدا بەرەو ڕوی یەکتر وەستاوین... ھەزار جار مەخابن) بەڵام لە خەباتی کوردایەتی و کوردستانیدا بێ بەش نین.

 ئەو بەڕێزانە لە بە فیڕۆدانی ژیانی شەخسی خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەس و کاریانەوە بگرە، ھەتا برینداری و کەم ئەندامی و ئاوارەییەوە لە پێناو ئەم کوردستانە زۆر پیرۆزەدا لە ڕیزی پێشەوەی ئەم مەفرەزەی کوردایەتی و کوردستانیەت دا بوون.

 ئیتر چۆن دژی ئەو ڕابوردوە پڕ لە سەروەریەی خودی خۆیان دەوەستنەوە... چۆن دژی خەونە گەورەکەی ھەڤاڵ و براو برادەرمان بەھەشتی کاک نەوشیروان دەوەستنەوە.

ئێمە لە دوا قسەماندا گوتمان: پێویستە پارلەمان بە بێ مەرج کارا بکرێتەوە. واتە لە بۆچووندا جووت و ھاوڕاین لەگەڵ ھەڤاڵ و ھاوبیرانمان لە بزوتنەوەی گۆڕان. برابەڕێزەکانی خانەی ڕاپەڕاندن ھە تا ئێستا ھەڵوێستیان دەر نەبڕیوە. بەڵام ئەوە لەبەر ئەوە نیە کە پارەیان لە مالیکی وەرگرتبێت. نەک ئەو ڕەفیقانەمان لە خانەی ڕاپەڕاندن (کە لە سەرەوە باسی ڕابوردویانمان کرد)، پێڵاوەکانی توند ترین ئەندامە ڕەسەنەکانی حیزبی گۆڕان کە بەرامبەر ئێمە قسە دەەن زۆر شەریفتر و بەڕێزترە لە کەسانی وەک مالیکی.

بەڵێ مالیکی پارەی بە خەڵک داوە لە بەغدا و لە کوردستانیش. ئیتر ئەگەر مەبلەغی ئەم ڕشوەیە یەک دۆلار بێت، یان پەنجا ملیۆن دۆلار، ھیچ جیاوازیەکی نیە، چونکە ڕشوە ھەر ڕشوەیە و ئەوەشی کە وەری دەگرێت کێشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی، لە پوش و کا سووک ترە. بزوتنەوەی گۆڕان ڕەوتێکی سیاسی قورسە و نینۆکی منداڵێکی شەھیدی کوردستان بە مالیکی و حیزبەکەی و مامۆستاکانیشی ناگۆڕێتەوە، چ جای ڕشوەی لێ قوبوڵ بکات.

خانە بەڕێزەکەی ڕاپەڕاندن لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکێکی زۆر قورسی لەسەر شانە. ئێمە ھەست بە قورسایی ئەو ئەرکە دەکەین. بەڵام حەقی خۆشمانە داوا لەو ڕەفیقانەی خۆمان بکەین تەکلیفمان ڕۆشن بکەن. ئەم کورتە ڕێگایەی کە ماوە، پێکەوە بڕۆین و پێکەوە سەروەری نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ شەھیدانمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان تۆمار بکەین. ھەرچی مەرجیان ھەبوو گوتمان بە چاوان. ئیتر بارەکە بەھەر لایەکدا بسوڕێت خوداو میللەت و مێژوو شایەتیمان بۆ دەدەن و دەزانن کە لەدەست ئێمەدا نیە.

بەڵام ئەگەر موئامەرەکانی کەسانی شۆڤێنیست و فاشیستی وەک مالیکی سەرکەوت، ئەوەی کە دەدۆڕێت خەڵکی کوردستانە، نەک بە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان.

کۆبونەوەیەکی ئێمەو گۆڕان زۆربەی دەرگاداخراوەکان دەکاتەوە، با ئەو کۆبونەوەیە بکەین بۆ ئەوەی شتی نەخوازراو ڕونەدات و، نەخشەکەی مالیکی و مامۆستاو برادەرەکانی لە دژی خەڵکی کوردستان سەر نەگرێت.

تێبینی:
بۆیەش نەمگوت (جاشەکانی مالیکی)چونکە جاشی فەقیر جێبەجێکارە، خۆی بەرنامە داڕێژ نیە، ھەر بۆیەش ووشەی (بەکرێگیراو)ی لە زمانی شیرینی کوردیدا بۆ بەکار دەھێنرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ