وتار
PKK ڕیفراندۆم و
ئاری ھەرسین

دابەشبوونی کوردستان بەو جۆرەی ئێستای (لەپاش جەنگی جیھانی یەکەم) دیفاکتۆیەکی (ژیۆپۆلیتیک)ی ھێنایە ئاراوە کە بە پێچەوانەی خواست و ئارەزوی ھەر کوردستانیەک، گرێدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەم چوارپارچەیە و ھەڵێنجانی سیاسەتێکی ھاوبەشی گەیاندە ئاستی (مەحاڵ).
شڵەژان و پاشان تێکچوونی باری سیاسی سوریا لە ٢٠١١ و، سەرھەڵدانی جموجۆڵ و چالاکیە خەست و چڕی (داعش) گۆڕانکاری بەسەر ئەم دیفاکتۆیەدا ھێنا. دیوارە سیاسی و سەربازیەکەی نێوان ھەردوو دەوڵەتی عێراق و سوریا داڕما. بەڵام ھێشتا کێشەی ھەر یەک لە پارچەکانی کوردستان دەبێت لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا چارەسەر بکرێت، ئیتر بە پێکەوەژیان یان تەڵاقێکی ئاشتیانە.
ئێمە لە باشوری کوردستا ن ڕیفراندۆممان وەک ئالیاتێک بۆ گەیشتن بە مەقسەدی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵبژاردوە. ئەم ھەڵبژاردەیەش وەک تاکە چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالە. چونکە بە کردەوە سەلمێندرا کە لە پاش دیاریکردنی سنورە دەستکردەکانی دەوڵەتی عێراق لە ١٩٢٠ و دامەزراندنی یەکەم شانشینی لە عێراق لە ١٩٢١، مەسافە مێژووییەکە ٩٦ ساڵە، کەچی عەقڵیەتی حاکمی بەغدا لەم مێژووەدا وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەر نەھاتوە، وەک بڵێی حکومەتەکانی عێراق وێران کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان و چەوساندنەوەو تواندنەوەی گەلەکەمانیان یەک لە دوای یەک بە ئەمانەتەوە بەمیرات بۆ یەکتر بەجێ ھێشتبێت.
ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی باشوری کوردستانە. ئیتر ئێمە ئەم ڕیفراندۆمە کەی دەیکەین و چۆنی دەکەین، پەیوەندی بە کەسەوە نیە خۆمان نەبێت. پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی سیاسی و سەربازی کە بۆ مافەکانی باکوری کوردستان تێدەکۆشێت نە بەشێک بوە لە سەرکردایەتی سیاسی باشوری کوردستان و، نە دەشتوانێت سەرکردایەتی ئەم ھەرێمە بکات. ئێمە حەقمان بەسەر ئەوەدا نیە کە (پە.کە.کە) پەیوەندی لەگەڵ کێدا ھەیە و، دۆستایەتی لەگەڵ کام یەک لە وڵاتانی ناوچەکە خۆشە. ئەم ڕێکخراوە چی دەکات و چۆن سیاسەت دەکات کەیفی خۆیەتی. بەڵام بە ھیچ جۆرێک قوبوڵ ناکەین دەوری کوێخا لە ھەرێمی کوردستان ببینێت.
جەمیل بایک لە لێدوان و پەیام و چاوپێکەوتنەکانیدا باسی باری ناھەمواری ھەرێمی کوردستان و نە گونجانی کات بۆ ڕیفراندۆم و ئەم شتانە دەکات، وەک بڵێی ڕێگە بەخۆی دەدات کە ڕەچەتەی کار و بەرنامەی سیاسی بۆ خەڵکی باشوری کوردستان بنوسێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە بۆ جارێکیتر بە کاک جەمیل بڵێینەوە: ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان پشتیوانی خەڵکی کوردستان لە ھەنگاو نان بەرەو سەربەخۆیی دەکات سەرچاو... ئەگەریش ئەوە ناکات با نەبێتە محامی خەڵکیتر و پشت نەکاتە قەومی خۆی... چونکە زۆر عەیبە بۆ کەسێک جل و بەرگی پێشمەرگانەی لەبەر بێت و بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەم و ئەو، تەبریر بۆ ڕانەگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بھێنێتەوە.
دواجار لە زمانی فارسیدا پەندێک ھەیە کە دەڵێت: ئەگەر کەچەڵ حەکیم بوایە، چارێکی سەرە کەچەڵەکەی خۆی دەکرد.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ