وتار
دوورنماکانی رێککەوتنە نەوتییەکەی عیراق- ئێران
فەرید ئەسەسەرد

ھەرچەند رێککەوتنە نەوتییەکەی عیراق- ئێران، لەسەر ئاستی فەرمی لە ھەرێم، بایەخی پێ نەدرا، بەڵام پەیامە سیاسییەکەی رێککەوتنەکە بەدڵنیاییەوە گەیشتۆتە شوێنە دیاریکراوەکان. رێککەوتنەکە ئەوەی تێپەڕاندووە کەتەنھا بردنە دەرەوەی نەوتی کەرکوک بێ بۆ پاڵاوتن، چونکە لەناو خاکی ئێران دەتوانرێ درێژە بە بۆرییەکە بدرێ‌و بگەیەنرێتە سەر کەنداو. لەم گۆشە نیگایەوە پرۆژەکە دورنمایەکی ستراتیجیی ھەیەو بناغەیەکی پتەو بۆ ھاوکاریی نەوتی لەنێوان ھەردولا دادەنێ.
ھەرچەند ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی تازە نییەو ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی لەو کاتەدا بەدیاریکراوی، مانای خۆی ھەیە. پێش ئەوەی ھەردوو وەزیری نەوتی عیراق‌و ئێران لەتاران رێککەوتنەکە واژۆ بکەن، بەغدا بەشێوەیەکی فەرمی ھەڵوێستی خۆی دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەکوردستان‌و بەشداریی کەرکوک لەو ریفراندۆمە راگەیاندبوو. بۆیە ناتوانرێ کاتی راگەیاندن‌و واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەمەسەلەی ریفراندۆم جیا بکرێتەوە. بەغدا ئەو پەیامەی پێیە کە کەرکوک لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەو نەوتەکەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدرال دایە. بەڵام ئەمە بەشە سادەکەی پەیامەکەیە. بەشە قووڵەکە ئەوەیە کە بەغدا بەھیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەستبەرداری سەروەریی نەوتیی خۆی بێ لەکەرکوک. ئەوەی کە پشتگیری لەم ئاراستەیە دەکا، ئەوەیە کە ھەردوولا یەک ھەڵوێستیان بەرامبەر بەڕیفراندۆم ھەیە.
ھەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەڵوێستێکی ئازایانە بوو بەڵام ئەستەمە ئەم ھەڵوێستە ھیچ لە مەسەلەکە بگۆڕێ. ھانا بردن بۆ ماددەی ١١٢ی دەستور، ھیچ باڵادەستییەک بۆ حکومەتی پارێزگا نەوت بەرھەمھێنەرەکان دروست ناکاو پێگەیەکی پەکخەریان بۆ دابین ناکا بەڵام دەشێ لە وتووێژدا ھەندێ بەرژەوەندیی ماددییان بۆ دەستەبەر بکات. بەشێوەیەکی گشتی، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەکەی خۆیدا داوای "رونکردنەوە"ی کردووەو داواکە خۆی لەخۆیدا داوایەکی رەوایە. ئاشکراشە کە روونکردنەوەی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، ھیچ لەسەر بەغدا ناکەوێ‌و کارێکی قورسیش نیە.
ئەو بەشەی رێککەوتنە نەوتییەکە کە ھیچ لایەک تیشکی نەخستۆتە سەر، ئەو بەشەیە کە پەیوەندیی بە ھەلومەرجی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەوە ھەیەو تێیدا کۆمپانیایەکی پسپۆر، بۆرییەک لەکەرکوکەوە، لانی کەم بەدرێژیی ٢٠٠ کیلۆمەتر تا ناو خاکی ئێران رادەکێشێ. ھەلومەرجی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەش بە رەوشی سیاسی‌و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەوە بەستراوەتەوە کە بۆرییەکەی پێدا تێدەپەڕێ. رێی تێناچێ بەغدا، کەئێستا تەنانەت یەک سەربازیشی لەکەرکوک نیە، لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا لەتاران، بیری لەم مەسەلەیە نەکردبێتەوە.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی ھەواڵی واژۆکردنی رێککەوتنە نەوتییەکەدا، میدیاکانی کوردستان ھەر ئەو بەشەی رێککەوتنەکە سەرنجی راکێشان کەپەیوەندیی بە کەرکوکەوە ھەیە، لەکاتێکدا رێککەوتنەکە جگە لە کەرکوک کە بەپێی ماددەی ١٤٠ ناوچەیەکی جێناکۆکە، ناوچەیەکی جێناکۆکی دیکەشی گرتۆتەوە کە ناوچەی نەفتخانەی خانەقینە. ئەمەش ئەو بەشەی رێککەوتنەکەیە کەمیدیاکانی کوردستان بەتەواوی پشت گوێیان خستووە. بەپێی ئەوەی کە لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە، عیراق‌و ئێران لەسەر وەبەرھێنانی کێڵگەی نەوتی نەفتخانە رێککەوتون. ئەم کێلگە نەوتییە پێش ھەڵایسانی جەنگی عیراق- ئێران لە ساڵی ١٩٨٠، رۆژانە نزیکەی ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم ھێناوەو لەپاش ھەڵایسانی جەنگەوە پەکی کەوتووەو پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ بخرێتەوە گەڕو سودی لێ وەربگیرێ.
ئەمە بەم مانایە دێت کە رێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان عیراق‌و ئێران دوو ناوچەی نەوتیی جێناکۆکی گرتۆتەوە. بۆیە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە لەبەرەنجامی کۆتاییدا پێویستی بەوە دەبێ کەبەغدا، ئەمجارە بەجلوبەرگی تەکنیککارە نەوتییەکان، بگەڕێتەوەو دەست بەجێبەجێ کردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنانی نەوت بکاتەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12