وتار
پەشیمان بوونەوە لە ڕیفراندۆم:
شێرزاد وڵاتدۆست

   لەگەڵ بوونی ناڕەزایەتیەکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئەنجامندانی ڕیفراندۆی لە ٢٥ مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان ، لێ گوێ نوگرتن و بشتگوێخستنی تەواوی ئەو دەنگ و لایەنانەیە داوای دواخستنی ئە پرسە دەکەن بۆ کات و ساتیکی گونجاو جێی سەر سوڕمان و تێڕامانە ، پێویستە وردبینەوە لەوەی ئاخۆ ئەو لایەنانەی دروشمی سەربەخۆی دەوڵەتی کوردیان بەرزکردوەتەوە و ئامادەکاری ڕیفراندۆم دەکەن لە ئێستادا ، ئەوەندە موکوڕو سورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی باشوری کوردستان ، یاخود چاوەڕێی زیاتر فشار خستنە سەر حکومەتی ناوەندن  بۆ وەرگرتنی پلە ئیمتیازی زیاتری حزبی لە حکومەتی عێراق ، ھەرچەندە لە گفتوگۆکانی ئەم چەند ڕۆژەی وەفدی کوردی لەگەڵ لایانە عێراقیەکان لە بەغدا ، ئەم بابەتە بۆ ھەموو لایەک ڕوون بویەوە تەنھا مەبەست لەم کارە بەدەستھێنانی بەرژەوەندی زیاتر لە بەغدا نەوەک جیابوونەوە لە لە عێراق ، بەڵگەش بۆ ئەمە قسەکانی خودی سەرۆکی ئەم لیژنەیەیە ، کە بە ڕوونی وتی ئێمە لەگەڵ یەک پارچەیی عێراقین.
   جێی خۆیەتی سەرنج لەوە بدەین ئایا پەشیمان بوونەوە لە ڕیفراندۆم لەم کاتە دواخستینی بۆ کات ودەرفەتێکی گونجاوتر ، کە ھەم پشتگیری نێودەوڵەتی ھەم کۆدەنگی ناوخۆیی لەسەر بێت باشترە ، یاخود موسڕ بوون و ئینکاربوون لەسەر ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩ ی ئەم ساڵ ، بێگومان ھەموو بیرکردنەوەیەک ڕای یەکەم ھەڵدەبژێری ئەگەر مەبەستی بنیات نانی دەوڵەتێکی کورد لە تەواوی سنوری باشوری کوردستان و خاوەن دامەزراوە و خاوەنسەروەری و بەھێز بێت لە ئاستی نێودەوڵەتی ، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ڕای دووەممان ھەبێت ئەوا ئێمە دەوڵەتێکمان دەوێت کە لە جوگرافیایی گەمارۆدراوی سنوری ھەولێر و سلێمانی دھۆک بێ ناوچە دابراوەکانی دەرەوەی ھەرێم  دەبێت ، جگەلە دەوڵەتێک دەبێت بە مردووی لە دایک دەبێت و ھیچ پاڵپشتی و دانپێدانانێکی نێودەوڵتی نابێت ، ڕەنگە ھاوشێوە وەک قوبرسی تورکی لەلایان وڵاتێک یان دوو وڵاتی دانبنرێت بەو دەوڵەتە ، کە ئەمەش جگە لە ماڵوێرانی و نەھەماتی زیاتر بۆ ھاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم مەملەکەتە نا‌ھێنێت.
   ئەگەر ھاتوو ئەو لایەنانەی ئەو بەروارەیان دیاری کردووە پەشیمان نەبوونەوە گوێیان نەگرت لە ناڕازی ناوخۆی و ناڕازی وڵاتانی زلھێز و وڵاتانی ناوچەکە و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەدەستھێنانی زۆرینەی “بەڵێ ”  بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە ٢٥/٩ دوای ئەو بەروارە چی ڕوودەدات؟ ئایا سەربەخۆی ڕادەگەینرێت و باشوری کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟ بۆ وڵامی ئەمە دەبێ بلێین بەداخەوە چۆن ڕیفراندۆمەکەی ٢٠٠٥ تەنیا بە مەرەکەبەی سەر کاغەز و لەناو سندوقەلانی دەنگدان مایەوە و کرا بە پارویەکی چەور بۆ بەدەستھێنانی چەند بەرژەوەندیەکی زیاتری حزبی ، ئەوە ئەم ڕیفراندۆمەش شێتکی مەزنتر و باشتری لێ وەچنگ ناکەوێ .
ئەوەی گرنگە لە کۆتایی ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە ئەوانەی ماوەی چەند مانگێکە تەواوی ھاوڵاتیانی باشوری کوردستانیان لەگەڵ بوونی جۆرەھا قەیران و گرفت بەم بابەتەوە سەرقاڵ کردووە ، گوێ لەو ھەموو دەنگە ناخۆیی و دەرکیە بگرن گوێ نەدەن بەو قسەیەی کە دەڵێ “سواربوون عەیبێک و دابەزین دووعەیب” ، بەڵکو ھەرنەبێت بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی خۆیان بەگوێی دەنگی ناڕازی ناوخۆی وڵاتانی زلھێز لەسەرووی ھەموویانەوە  ئەمریکا بکەن ، واز لەو پرسە بێنن لەم کاتە  بۆ دەرفەتی گونجاو دوابخرێت ،بەپێچەوانەوە دوور نیە ڕووداو گەلێک ڕووبدەن کە ھەم دووبارە حکومەتی عێراقی بەتەواوی دەسەڵەتیەوە بێتەوە ھەرێمی کوردستان و ئەمانیش دوای ساڵێک خۆیان حزب و بنەماڵەکانیان لە دوور وڵات کاڵە بە ئەژنۆیان بشکێن بۆ ئەو ھەڵەیەی کردیان ، جیا لەوە لەبری ئەم خەڵک سەرقاڵ کردن و تێکدانی زیاتری باردۆخەکە ھەوڵبدەن لەگەڵ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و سەرپێخستنەوەی دامودەزەگا شەرعیەکان و دانانی پەیوەندیەکی باش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە ناکۆکەکانی ھەرێم و بەغدا ، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ ئەکتیڤ کردنەوەی مادەی ١٤٠ بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕێندروەکانی دەرەوەی ھەرێم بە شێوازێکی یاسایی و بنیاتنانی بناغەی دەوڵەتداری وحکومڕانیەکی دیموکراسی و باشترکردنی گوزرانی خەڵک ، ئەودەم ھەرھەنگاوێک برنرێت بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیەندنی دەوڵەت ، بێگومان ھەموو لایەک پشتگیری دەکات ، چونکە ڕوونە ھەموومان خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ناوی کوردستان ، کە دیموکراسی  و مافی مرۆڤ کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراوبێت لە ھزرو خەیەڵماندایە ھەردەم.
25/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ