وتار
ڕیفراندۆم لە دۆخی شەڕدا
بەھرۆز جەعفەر

زانیاریی و داتاکان، ئەوە نیشان ئەدەن کە ئێستا کوردستان لە دۆخی شەڕدایە، بە تایبەتی ناوچەی کەرکوک و سولەیمانی، شەڕێک ھاوشێوەی بەرئەنجامەکانی شکستی ڕۆڵی دەوڵەت و  دەستەڵات لە باکوری ئەفریکا، کە ھۆزەکان تێک بەربوون، ڕەشوەو دەستەڵات و ھەمەر لەخۆ کۆکردنەوەو دەستوەردانی دەرەکی سەرەتاکەیەتی. لە شارێکی وەک کەرکوک دا، ناوی نزیکەی بیست و پێنج ئەفسەرت  پێ بڵێم کوردن و، یەکێتین و، بە پرس و ئاگاداری بەرپرسانی شارەکە بوون بە "حەشدی شەعبی". سەدان دۆنم زەوی داگیرکراو، سەیتەرە و مەرکەزی پۆلیس فرۆشتن، باند دروستکردن و خەڵک کوشتن و، کێبڕکێی دەوڵەمەندی، کەسێک لە ھەڵەبجەوە ھاتووەتە دەوروبەری کەرکوک بە بڕی (۲٥۰۰۰۰) دووسەت و پەنجا ھەزار دۆلاری ئەمریکی (واتە ۲٥ دەفتەر) بووە بە ئامر لیوا...!.
سکانداڵ و ئاماژە ترسناکەکان، لە سولەیمانی و گەرمیان زیاترن و، بەرپرسیارێتی نووسین قورستر ئەکەن!. 
چ لە سەرشاشەی تەلەفزیۆن، چ لە نووسین، چ لە کۆڕوکۆڕبەندی سیاسیەکان، ڕای جێگیری من وایە، کە نیشتیمانسازی و کارکردن بە کاردانەوەو ڕق و کینە ناچێتەسەر...
دەوڵەت گرنگی: مێژوویی، سیاسیی، دەستوریی، فەرھەنگی، ئابوریی، نێودەوڵەتی... گەورەی ھەیە. تەنانەت لە ڕەنگ و دەنگ و سایکۆلۆجیەتی تاکەکانیشدا ڕۆڵی ھەیە، ئینجا بۆ (کورد) یش (دەوڵەت) ێک دووجار لە خودی خۆی زیاتر گرنگە، چوارچێوەیەکە لە ناوەوەیدا ھەموو کۆنسێپتەکانی تر لە بۆتەی دا دەق ئەگرن، بەم دۆخەی ئێستای کوردستان لە پڕ ئەکەوێتە بەردەم ھاتنە ژوورەوەی ڤایرۆسی ئەملاولا، جگە لە میکرۆبەکانی ناو خودی خۆی، لەبەرئەوەی دەستەڵاتێک نیێە ھەموان بە مەعریفەیەکی پیرۆزەوە سەرقاڵ بکاو لە دەوری کۆببنەوە. 
ئێمە بۆ دروستکردنی ئەم (دەوڵەت) ە، نە پێویستمان بەو دەنگە دەنگەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و موشتەقاتەکانی دروستیان کردووە، نە ئەو نەخێرانەی کە نازانن  کەی و لە  کوێدا و بۆچی ئەڵێن نەخێر!. لە ڕاستیدا ڕیفراندۆم وا ناچێتە سەر!. بەلای کەمی کوردستان ئەخاتە دۆخی شەڕێکی دژواری نێوخۆیی و ھەندێ پرۆژەی ھەمەچەشنی ئیقلیمیەوە. 
ئێمە پێمانوایە، بونیادنانی دەوڵەت-State Buillding پێویستی بە (بیناکاریی نەتەوەیی- Nation Buillding) بە (سەرسکە خستنی ئابوریی گەشەکردووی بەردەوام- Sustanable Economic Developement) ئەکرێت لە ژێر ڕۆشنایی دوایین گۆڕانکارییە ھەرێمایەتیەکاندا، ئەوەش بە سەرپێخستنی ناوەندی بیرکرنەوەی بەھێز و کاریگەر ئەبێت، کە ڕۆڵیان لە نیشتیمانسازی دا ھەیە، ئێمە ویستمان وا بکەین پارتی دیموکراتی کوردستان نەک سەنتێک لە دارایی نەخستە خزمەت بەڵکو ڕێگریشیان کرد لە کارئاسانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و لەوەش زیاتر لە ھەرێم مۆڵەتی کارکردنەکەیان پێنەداین و کاتی زۆریشیان کوشتین. ئیتر دڵمان گەورەیەو، ئیشی خۆمان ئەکەین، ئەوانەی ئیمڕۆ ئامادە نین سبەی مافی تانەدانیان نییە، ئێمە مرۆڤگەلێکین بۆ خەونی گەورە ئامادەگیمان ھەیە لە ژیاندا، نە ئەو مرۆڤانە بین  بە دیار دەستەواژە خورافی و نا واقعیەکانی کەسانی ناو دەستەڵاتەوە دابمێنین و ڕابوەستین. 
بۆ پاڵپشتی زیاتری، ئەو ئایدیایەی ئێمە پێشکەش مان کردووە، بڕواننە فۆڕم و شکڵگرتنی دەوڵەت و پاشانیش شکستھێنانی دەوڵەت لە جیھانی عەرەبیدا (State formation and State de-formation in the Arab World after the Arab uprising in -٢٠١١-)
ئەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵیان ھەبو لە دروستبونی دەوڵەت دا لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و جەنگی جیھانی یەکەمەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چی بوون؟.  ئەی ئەو فاکتەرانە چیین بوونە ھۆی شکستی ڕۆڵی دەوڵەت لە دوای بەھاری عەرەبی و شۆڕش لە تونس- لیبیا- میسر- سوریا، ھەڵبەتە پێشوتریش لە عێراقی ساڵی (۱۹۹۱) و دواتر لە عێراقی ساڵی (۲۰۰۳ ھەتا ۲۰۱۷) ھێشتا خوێن ئەڕژێت!.
ئیتر ئەو لە باتی لەملاولای دونیاو  بە زمانی دونیا باسی خاسوخراوی ئەم  فەزایەو ئایندەکەی بکەین، لەناوخۆدا مشتێک یمان بەیان کرد.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12