وتار
لە پێناوی بەلاڕێدا نەبردنی سەربەخۆیی نیشتیمانیی ، بڵێ نەخێر
هۆشیار عەبدوڵڵا

دەنگیی ( بەڵێ ) نابێتە ھۆکار بۆ سەربەخۆیی ، سەربەخۆیی پرۆسەیە و کار و دڵسۆزی ئەوێ ، ئەوانەی ئێستا بالۆرەی سەربەخۆیی لێئەدەن لەوەتەی ھەن سەربەخۆبونی ھەرێم لەڕوی سیاسی و ئابوری و سەربازیی و نیشتیمانیەوە ھەڵئەتەکێنن .
پشتیوانی تۆ دەبێتە بەڵێ بۆ تازەکردنەوەی شەرعیەتی ئەو دەموچاوە سیاسیە شکستخواردوانەی کە ھیچ ناشرینی و کارەساتێک نەماوە نەیھێنن بەسەر ئەم نیشتیمانەدا .
کاتێک بەڵێ بۆ بازرگانیە سیاسیەکانیان ئەکەیت ، دڵنیابە لە شەستەکانەوە خۆیان و داوای خۆشیان تا چەندین دەیەی تر ، کوڕ و نەوە و نزیکەکانیان ژیانت لێ تاڵ و تاڵان ئەکەن .
نەخێر لە ریفراندۆما ، باشترین دەرفەتی ڕاگرتنی ئەو باندەیە کە ھیچ ھیچیان بەدەستەوە نەماوە ، ھاتون موجازەفە و بازرگانیی بە سەربەخۆیی نیشتیمانیەوە ئەکەن .
وتنیی نەخێر ، پاراستنیی سەربەخۆیی نیشتیمانیە بەوەی کە ناکرێ بە ھیچ شێوەیەک سیقە و متمانەی دەوڵەت بدرێتە دەست کەسانێک کە ھەرێم و ئەزمونەکەیان نغرۆی شکست کردوە بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان .
لە پێناوی پاراستنیی بەلاڕێدا نەبردنیی سەربەخۆیی و بونیادنانێ دەوڵەتێکی سەرکەوتو لەسەر بنەمای مافی ھاڵاتیبون ، دەنگ مەدە بە بەڵێ و سنورێک بۆ بەدکاریەکانیان دابنێ .
ئەرکێکی نیشتیمانیە لەسەرم کە بەڕونیی بە تۆی ھاونیشتیمانیم ڕابگەیەنم جا لایەنگری ھەر حزبێکیت ، کاتێک دەنگ بە بەڵێ ئەدەی ، سەربەخۆیی دوا ئەخەیت و شەرعیەتی مانەوەی باندە بازرگانەکە ئەپارێزیت ، تکایە بەو ھاتوھاوارە ، بەو فرمێسکە تیمساحیانە مەخەڵەتێ کە باسی دەوڵەت و سەربەخۆیت بۆ ئەکەن ، ئەوانە ئەیانەوێ عەیب و عارەکانیان بە مافێکی پیرۆزی وەک سەربەخۆیی و دەوڵەت دابپۆشن .
بەڵێ ، بەڵێیە بۆ ئەو دەموچاوانەی کە ئێرەیان پڕ کردوە لە ناشرینی و نەفرەت ، ئەو دەموچاوانەی نیشتیمان دەمێکە ھێڵنجی پێیان دێت ، جا تۆی ھاونیشتمانیی ئەیانھێڵیتەوە یا پێان ئەڵێی (نا) لەوەیاندا خۆت بڕیاردەریت و ئازادیت بەڵام ھەر خۆشت لە ئەنجامەکەی بەرپرسیاری .
27/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ