وتار
بەڵێ پەرلەمان بە تەنھا موڵکی لایەنێک نیە
برزۆ مەجید

بۆ درێژەدان بەو کودەتایەی کە پارتی بەسەر پەرلەمانی کوردستان ئەنجامیداوەو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر شاردنەوەی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم، ماوەیەکە; وەکو زەمینە خۆشکردنێک بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان دوور لە یەکڕیزی و ئیستیحقاقاتی ھەڵبژاردنی ٢٠١٣، گوێمان لە بەرپرسانی پارتی و بەشێکی یەکێتی وحیزبی تریش دەبێت باس لەوە دەکەن; کە پەرلەمانی کوردستان تەنھا موڵکی لایەنێکی سیاسی نیە(بێگومان مەبەستیان لە بزوتنەوەی گۆڕانە)و ناکرێت لەبەر خاتری لایەنێک چاوەڕێ بکەین و کارای نەکەینەوە. جا بەشێکی ئەم سیناریۆیە(لە حاڵەتێکدا ئەگەر جێبەجێکرا) ئەوەیە; کە بە خەڵکی کوردستان و وڵاتان بڵێن; ئەوە گۆڕانە لە دانوستاندنەکاندا نایەتە پێش و نایەوێت دۆخی کوردستان چاک ببێتەوەو، عینادی دەکات. بەمە دەیانەوێت گۆڕان ناشیرن بکەن.
جارێ بەر لە ھەموو شتێک، پەرلەمان دەبێ ئاسایی بکرێتەوە، ئینجا کارا بکرێتەوە. پاشان، ئەی ئەو کاتەی کە پارتی پەرلەمانی دوور لە ھەموو عورفێکی سیاسی و بە پێشێلکردنی یاسا پەکخست، بەشێک لە حیزبەکانی تر بۆ بێدەنگ بوون، بۆ ئەو کاتە نەیاندەوت: پەرلەمان بە تەنھا موڵکی لایەنێکی سیاسی نیە، تاوەکو بە ئارەزووی خۆی دایبخات. ئەم دژ بەیەکی و چەواشەکارییە لە گوتاری پارتی لەم بارەیەوە، پێویست بە قسەی زۆرو، شەرح کردن ناکات، چونکە پارتی خۆشی دەزانێت ئەوەی دەیڵێت راست نیە، بەڵام پشتی بە بێدەنگی بەشێک لە حیزبەکانی تر قایمە. بەڵام بۆ حیزبەکانی تر، ئەم دژبەیەکی و ھەڵگەڕاندنەوەی راستیەکان، ئۆباڵێکی خراپی گەورەیەو، لە زاکیرەی خەڵک و مێژوو ون نابێت.
لە دوای رووداوەکانی دوازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، زۆر ھەوڵ درا بۆ ئەوەی وا لە خەڵکی کوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەندرێت; کە کێشەی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستانە، نەوەک کێشەی تر، بەڵام خۆشبەختانە، بەھۆی بەرزی ئاستی ھۆشیاری خەڵک و، ھەبوونی زانیاری لەلایەن وڵاتانەوە، ئەم ھەوڵی بەلاڕێدا بردنە سەری نەگرت، بۆیە لە ئێستادا دەبینین ھەر ھەوڵێک بدرێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی 
ھەرێم، ھەوڵێکی نایاسایی و نوقسانەو، خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکات لە ھەرێمی کوردستان.
بۆیە ئەوەی گرنگە جەختی لەسەر بکرێتەوە، ئەوەیە; کە کێشەی پەرلەمان دروستکراوی کێشە سەرەکیەکەیە، کە بریتیە لە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، بۆیە ھەر ھێزو لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێت راستگۆ بێت لەگەڵ ئەندامان و بەرنامە سیاسیەکەی، ئەوا دەبێ پێش، یاخود ھاوکات لەگەڵ ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان، ھەوڵی چارەسەر کردنی کێشە راستەقینەکە بدات، کە سەرۆکایەتی ھەرێمە. بێگومان لە سەرووی ھەموو ئەمانەشەوە، پێویستە لابردنی پاشەکەوتی مووچەو ، چاککردنەوەی بژێوی خەڵک، کاری جدی و راستگۆیانەی لەسەر بکرێت و، لە پارتە دەسەڵاتدارەکان قبوڵ نەکرێت لەوە زیاتر یاری بە قوت و چارەنووسی ھاوڵاتیان بکرێت.
دواجار، ھەر حیزبێک بە بێ چارەسەر کردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و، بە بێ یەکڕیزی نیشتمانی و بە دەستکاری کردنی ئیستحقاقاتی ھەڵبژاردن و گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەم جۆرەی پارتی دەیەوێت، بەشدار بێت لە کارا کردنەوەی پەرلەمان، ئەوا بەشداربوونە لە تەواو کردنی کودەتاکەی پارتی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1