وتار
ھەڵبژاردن چی لە دونیای ئێمە گۆڕیوە..
محه‌مه‌د ره‌ئوف

ئەگەرچی لەدوای راپەرینی بەھاری ١٩٩١ یەکەم ھەنگاوی بەرەی کوردستانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، وەک دامەزراوەیەک بۆ یاسادانان و سەرچاوەی دەسەڵات و مەرجەعی پرسە سیاسی و چارەنووسسازەکان، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و رێگری کردن لەسەرۆکی پەرلەمان و داخستنی پەرلەمان، ئێستا پرسیاری جەوھەری لای ھاوڵاتیانی کوردستان ئەوەیە، ئایا پەرلەمان کە بە ھەڵبژاردنی خەڵکی و دەنگی خەڵکی پێکدەھێنرێت ھیچ گرنگیەکی ماوە، ئایا خودی ھەڵبژاردن گرنگی ماوە، ئایا ھەڵبژاردن چی لەژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکی گۆڕیوە، لەکاتێکدا ھەڵبژاردنەکان گۆڕانیان لە ئاست و رێژەی دەنگ و کورسی ھێزەکاندا درووست کردووە، بۆچی گۆڕانگاری لە نەخشەی سیاسی و پێگەو دەسەڵاتی ھێزەکاندا درووست نەکردووە.
بەڵام سەرەرای ھەموو ئەو گرفت و کێشەو بەربەستانەی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا درووست بوون و پرۆسەی ھەڵبژاردنیش بەھۆی ساختەکاری و ناوی دوبارەو مردوو، ناشرین کراوە، تاکە رێگەی دیموکراسیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات و گۆڕینی نەخشە و پێکەی سیاسی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، بەبەراوردکردنی کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت کە ھەڵبژاردنەکان کاریگەری لەسەر زیادکردن و کەمکردنی دەنگ و کورسی حیزبە سیاسیەکان درووست کردووەو بە جۆرێک ئەگەر کاریگەری لەسەر پێگەی ھێزەکانیش درووست نەکردبێت، ئەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژمارەی دەنگ و کورسی ھێزەکان درووست کردووە لە پەرلەمانی کوردستان.
لە ھەرێمی کوردستان چوار ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە ( ١٩٩٢ ، ٢٠٠٥ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٣ )، لێرەدا بەووردی ئاستی دەنگ و کورسی ھێزە سیاسیەکان دەخەینە روو لەو چوار ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا، کە لەماوەی ٢١ ساڵەدا چی گۆڕانکاریەک بەسەر دەنگ و کورسی ئەو ھێزانەدا ھاتووە، لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا کە ( ١ ملیۆن و ١١٢ ھەزار ) کەس مافی دەنگدانی ھەبوو ( ٩٧١ ھەزارو ٩٥٣ ) کەس دەنگیاندا بەرێژەی ( ٨٧.٤% )، ھەرچەندە (لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ لە پارێزگای دھۆک ١٧٨ ھەزار کەس مافی دەنگدانی ھەبوو ١٩٨ ھەزار کەس دەنگیدا واتا رێژەکە ١١١% بوو ) بەڵام بەھۆی دیاریکردنی رێژەی ٧% بۆ چونە پەرلەمان ئەویش بەپێی بڕگەی ٣ لەمادەی ٣٦ی یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان، ٧ لیست بەشداریان تێدا کردوو تەنھا لێستی یەکێتی و لیستی پارتی ئەو رێژەیەیان تێپەراندوو چونە پەرلەمانەوەو دواتر دەنگەکانی ئەو لیستانەشیان بەسەر خۆیاندا دابەشکرد کە رێژەی ٧% یان نەھێنابوو لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ( ٤٣٨٣٣٩) بەدەستھێنابوو بەرێژەی (٤٤.٥١٧% ) و لیستی یەکێتی (٤٢٣٦٨٢ ) بەرێژەی ( ٤٤.٠٣٣% ) بەڵام ئەو لیستانەی نەچونە پەرلەمانەوە لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی (٤٩٠٧٣ ) دەنگی بەدەستھێنا بەرێژەی (٥.١٠٠% ) و کە زۆرترین دەنگی دوای لیستی یەکێتی و پارتی ھێناو نەچووە پەرلەمانەوە دواتریش لیستی سۆسیالیست (٢٤٨٦٧ ) دەنگ بەرێژەی( ٢.٥٨٤% ) بەدەستھێناو لیستی پارتی گەل (٢١١٠٦ ) بەرێژەی ( ٢.١٩٣% )، لیستی حیزبی شیوعی( ٩٩٠٢ ) بەرێژەی (١.٠٢٩% ) بەدەستھێناو لیستی دیموکراتخواز و بێلایەنەکانیش (٥٠٠ ) بەرێژەی (٠.٥١٩% ) بەدەستھێنا کۆی گشتی دەنگی ئەو لیستانەی کە نەچونە پەرلەمانەوە ( ١٠٥٥١٧ ) دەنگ بوو کە بەھۆی یاسای ھەڵبژاردنەوە فەوتان و خرانە سەر دەنگی یەکێتی و پارتی.
بەو پێیەش کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بەسەر یەکێتی و پارتی ( ٥٠ بە ٥٠ ) دابەشکران، بەو پێیەش رێژەی کورسیەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان ٥٠% و رێژەی دەنگەکانیشیان بە نزیکەی ٤٤% بووە. بەڵام بەھۆی شەری ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە دوای ١٣ ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردنێکی تر کرایەوەو 
لە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ ی پەرلەمانی کوردستاندا کە (١٣) پارتی سیاسی بەشداریان تێداکردوو، ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ دا ( ٢ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزارو ٧٣٦ ) کەس مافی دەنگدانی ھەبووە ( ١ ملیۆن و ٧٥٣ ھەزارو ٩١٩ ) کەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( ٧٥.٦% ) ، بە بەراورد بە ھەڵبژاردنی خولی یەکەم کە لە ساڵی ١٩٩٢ بەڕێوە چوو (١١١٢٠٠٠) کەس مافی دەنگدانیان ھەبووە، واتا لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٥ (١١٧٨٧٣٦) کەس زیادیکردووە، واتا بە رێژەی (٥١.٥%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە زیادیکردووە
رێژەی (٧٥.٦%) دەنگیاندا بەبەراورد بە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ (١٠%) کەمی کردووە بەو پێیەی لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا ئاستی بەشداریکردن (٨٧.٤%) بووە واتا لە نێوان ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٥ ئاستی بەشداری ھاوڵاتیان نزیکەی (١٢%) دابەزیوە
لەو ھەڵبژاردنەدا ١٣ لیست بەشداری کردبوو لیستی نیشتیمانی دیموکراتی کوردستان کە لە یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو شیوعی و چەند لایەنێکی تر پێکھاتبوو (١٥٧٠٦٦٣ ) دەنگی بەدەستھێنا بەرێژەی (٨٩.٥٥% ) و لەکۆی ١٠٠ کورسی بێ کۆتاکان ئەو لیستە ( ٩٣ کورسی ) بەدەستھێنا بەو شێوەیە یەکێتی ( ٣٨ کورسی ) پارتی ( ٣٧ کورسی ) یەکگرتوو ( ٩ کورسی ) شیوعی ( ٣ ) یەکێتی نەتەوەیی ( ١ کورسی ) سۆسیالیست ( ٢ کورسی ) پارتی کرێکاران و رەنجدەران ( ١ کورسی ) ھەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی کە لەدەرەوەی ئەو لیستە ھاوبەشە بوو ( ٦ کورسی ) بەدەستھێناو لیستی زەحمەتکێشانیش ( ١ کورسی ) بەدەست ھێنا، بەو پێەیەش رێژەی دەنگەکانیان ئەگەرچی بە تێکەل و پێکەوەیە بەڵام دابەزیوە بەھۆی دەنگی یەکگرتوو لایەنەکانی ترەوە، بەڵام ئاستی کورسیەکانی پارتی و یەکێتی بەراورد بە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ کە ( ٥٠ بە ٥٠ ) بوو دابەزی بۆ ( ٣٨ بە ٣٧ ) واتا لە ١٠٠ کورسیەوە بۆ ٧٥ کورسی واتا ٢٥ کورسی کەمیان کرد، بەرێژەی ٢٥% ی کورسیەکانی پارلەمانی کوردستان. 
بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دا بەھۆی درووست بوونی لیستی گۆڕانەوە گۆڕانکاریەکان زیاتر دەرکەوتن لە نەخشەی سیاسی ھێزەکاندا، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ٢٥/٧دا کە (٢٤) لیست و ھاوپەیمانێتی و کەسایەتی بەشداریان تێدا کرد و لە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دا کە ( ٢ ملیۆن و ٥١٨ ھەزارو ٧٩٣ ) کەس مافی دەنگدانی ھەبووە، ( ١ ملیۆن و ٨٧٦ ھەزارو ١٩٦ ) کەس دەنگیانداوە بەرێژەی ( ٧٤.٥ % ) ، تیایدا لیستی کوردستانی کە (یەکێتی و پارتی و چەند ھێزێکی تری لە خۆ دەگرت) لە پلەی یەکەمدا ھات بە (١٠٧٦٣٧٠) بە رێژەی (٥٧.٣٧%) و بەدەستھێنانی (٥٩) کورسی، لیستی گۆڕان لە پلەی دووەم ھات بە (٤٤٥٠٢٤) بەڕێژەی (٢٣.٧٢%) و بەدەستھێنانی (٢٥) کورسی، لیستی خزمەتگوزاریی و چاکسازیی کە (لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و زەحمەتکێشان و سۆسیالیست پێکھاتبوو) بەبەدەستھێنانی (٢٤٠٨٤٢) لە پلەی سێیەمدایە بەڕێژەی (١٢.٨٤%) و (١٣) کورسی، ھاوکات لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی (٢٧١٤٧) دەنگی بەدەستھێنا بەڕێژەی (١.٤٥%) و (٢) کورسی بەدەستھێنا، لیستی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی (حیزبی شیوعی و چەند گر‌ووپێک)، (١٥٠٢٨) دەنگ بەڕێژەی (٠.٨٠%) و (١) کورسی بەدەستھێنا.
گەر بەراوردی بکەین بە دەنگ و کورسیەکانی ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ و ٢٠٠٥ گۆڕانکاریەکە زیاتر دەردەکەوێت، لەبەر ئەوەی یەکێتی و پارتی بە لیستی ھاوبەش بوون بۆیە ئاستی دەنگەکانیان بەجیا ئەژمار ناکری بەلام ئاستی کورسیەکانیان ٥٩ کورسی بوو بەرێژەی ٥٩%ی کورسیەکانی پەرلەمان بەبێ کۆتاکان، بەو پێیەش بە بەراورد بە ھەڵبژارندنی ١٩٩٢ یەکێتی و پارتی پێکەوە ٤١ کورسی بەرێژەی ٤١%ی کۆی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کەمیان کرد، رێژەی دەنگەکانیشیان کە لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ پێکەوە ٨٩% بوو دابەزیوە بۆ ٥٧% واتا ٣٢% دابەزیوە. 
لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ ی پەرلەمانی کوردستاندا لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ دا ( ٢ ملیۆن و ٦٥٤ ھەزارو ٦٩٦ ) کەس مافی دەنگدانی ھەبوو کە ( ٧٣%) یان دەنگیاندا واتا ( ١ ملیۆن و ٩٤٥ ھەزارو ١٢٤ ) کەس، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان (٧٤٣٩٨٤ ) دەنگی بەدەستھێنا بەرێژەی ( ٣٧.٨% ) و ٣٨ کورسی پەرلەمان و لیستی گۆڕان (٤٧٦٧٣٦ ) دەنگی بەدەستھێنا بەرێژەی ( ٢٤.٤ ) و ٢٤ کورسی و یەکێتی (٣٥٠٥٠٠ ) بەرێژەی( ١٧.٨% )و ١٨ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش (١٨٦٧٤١ ) دەنگ و بەرێژەی ٩.٦% و ١٠ کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش ( ١١٨٥٧٤ ) بەرێژەی ٦% و ٦ کورسی و بزوتنەوەی ئیسلامیش ( ٢١٨٣٤ ) دەنگ و بەرێژەی ١% و ١ کورسی و سۆسیالیست ( ١٢٥٠١ ) دەنگ و بەرێژەی ٠.٦% و ١ کورسی و لیستی ئازادی ( ١٢٣٩٢ )دەنگ و بەرێژەی ٠.٦% و ١ کورسی و ئاراستەی سێیەم ( ٨٦٨١ ) دەنگ و بەرێژەی ٠.٤% و ١ کورسی.
بەراوردی نێوان دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی و پارتی لەنێوان ١٩٩٢ و ٢٠١٣ گۆڕانگاریەکی زۆر رویداوە ھەم لە دەنگ و ھەم لە کورسیەکانی پەرلەمان، بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا ( ٤٣٨٣٣٩) بەدەستھێنابوو بەرێژەی (٤٤.٥١٧% ) و ٥٠ کورسی پەرلەمانیش بەڵام لە ٢٠١٣ و لە دوایین ھەڵبژادرنی پەرلەماندا (٧٤٣٩٨٤ ) دەنگی بەدەستھێنا بەرێژەی ( ٣٧.٨% ) و ٣٨ کورسی پەرلەمان واتا رێژەی دەنگەکانی ٦.٥% دابەزیوەو رێژەی کورسیەکانیشی ١٢ کورسی ١٢% کورسیەکانی دابەزیوە، ھەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢دا (٤٢٣٦٨٢ ) دەنگی بەدەستھێناوە بەرێژەی ( ٤٤.٠٣٣% ) و لەگەڵ ٥٠ کورسی بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ دا یەکێتی (٣٥٠٥٠٠ ) بەرێژەی ( ١٧.٨% )و ١٨ کورسی، بەو پێیەش رێژەی دەنگەکانی ٢٦% کەمی کردووەو کورسیەکانیشی لە ٥٠ کورسیەوە بۆ ١٨ کورسی واتا ٣٢ کورسی کەمی کردووە بەرێژەی ٣٢%.
بەھەردوکیشیان یەکێتی و پارتی، رێژەی کورسیەکانیان کە ( ٥٠ بە ٥٠ ) بووە واتا ١٠٠ کورسی بەھەردوکیان بووە بە ( ٣٨ بە ١٨ ) واتا ٥٦ کورسی واتا ٤٤ کورسی کەمی کردووە بە رێژەی ٤٤% ی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و دەنگەکانیشیان کە پێشتر ( ٨٩%) بووە دابەزیوە بۆ ( ٣٨% بە ١٨% ) واتا ٥٦% دەنگەکانیان ھەیە واتا بەرێژەی ٣٣%ی دەنگەکانیان کەمیکردووە، لێرەدا بۆیە زیاتر تەرکیز لەسەر بەراوردی دەنگ و کورسی یەکێتی و پارتیە، لەبەر ئەوەی لە یەکەم خول تا دوایین خولی پەرلەمان ئەوان لیستیان ھەبووەو لە ھەمانکاتیشدا ئەو دوو ھێزە لە ١٩٩٢ تا ئێستا خاوەنی زۆن و ناوچەی جێدەسەڵاتی خۆیانن. 
ئەوە جەوھەری گۆڕانکاریەکەیە لە کوورسی و دەنگداندان رویداوە کە لەماوەی ٢١ ساڵی نێوان چوار خولی ھەڵبژاردن روویداوەو بەڵام، بەھۆی ئەوەی یەکێتی و پارتی پرسی ھێز و پارەو پۆستەکانی لەدەست خۆیاندا ھێشتۆتەوە، بۆیە ھەڵبژاردنەکان کاریگەری زۆری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئەو ھێزانە درووست نەکردووە، سەرەرای ئەوەی گۆڕانکاری گەورە لە کورسی و دەنگەکانیان رویداوە.
27/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ