وتار
ھێزی ریفراندۆم بەبێ پاڵپشتی یاسا
پارێزەر: لوقمان مصطفی

ریفراندۆم شێوازێکی دیکەیە لە شێوازەکانی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان (دەنگدەران) لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا، بەیەکێک لە رێگاکانی دیموکراسی راستەوخۆ دادەنرێت و دەرفەتی ئەوە بۆ ھاوڵاتیان زیاتر دەڕەخسێنێت, کە لەبارەی پرسێکی دیاریکراوو چارەنوسساز, بە بەڵێ, 
یان بە نەخێر دەنگ بدەن،خۆ ئەگەرپشت ئەستووربێت بە دەستورو یاسا بەرکارەکانی ھەرێم ئەوە بێشک متمانەی زیاتر بەدەست دەھێنێت لەسەر ئاستی نێوخۆیی ونێودەوڵەتی.
‌ بەڵام..ئەوانەی بڕیار لەسەرریفراندۆم دەدەن لەھەرێمی کوردستان تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە کە ئایا گشت پرسی لەسەر بنەمای یاسایی یاخود سیاسی ئەنجام دەدەن، ئەگەر نیازیان وایە لەسەر بنەمای سیاسی بێت ئەوا پێویست ناکات خۆیان ماندووکەن،چونکە شتێکی تازەیان اکتشاف نەکردووە،لەبەر ئەوەی لە ‌ساڵی ٢٠٠٥دا لە ٩٩%ی خەڵک داوای جیابوونەوە یان کرد،بەڵام ئەو کاتە رایەکی گشتی نەجوڵاند،لەبەرئەوەی جوڵانەوەکە لەسەر بنەمایەکی یاسایی نەبوو بۆیە ھیچی لێ سەوز نەبوو، تەنھا ئەوە نەبێت کە  یەکھەڵوێستی دەنگی کوردستانیانی یەکلایی کردەوە".
زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری یاسای دەستووری وای بۆ دەچن کە  ریفراندۆم لە دۆخی ئێستادا ئەگەر بکرێت دەبێت  ریفراندۆمێک بێت ‌ بنەمایەکی یاسایی لە پشت بێت بۆ ئەومەبەستەش پێویستە پەرلەمان کارابکرێتەوە تالایەنە سیاسیەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایەدابکەن نەک لەگەڵ ھەڵوێستی لایەنێک".
کەچی بڕیاردەری کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان کەلەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەڕێوەچوونی گشتپرسی، پێویستی بە پەرلەمان و یاسا نییە، چونکە لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کوردستاندا ھاتووە، کە کۆمسیۆن دەتوانێ بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی، پشت بەو نیزامە ببەستێت کە خۆی دەری دەکات". بەپێی بۆچوونی ئەم بەڕێزەبێت پەڕلەمان زیادەیە وئەگەر نەشبێت ئاساییەو زەروور نیە.!
ھەروەھا زیاتردرێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێ : "ناوی تەواوی کۆمسیۆنەکە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسییە، بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی راپرسییە و مافی یاسایی ئەوەی پێ دراوە کە ھەر ئەرکێکی بۆ جێبەجێ نەکرا و پێویستی بە یاسا ھەبوو، دەتوانێ خۆی نیزام دەربکات". 
لەھەمووی سەیرترو نالۆژیکیتر (مەحموود محەممەد) گووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "مەرج نییە گشتپرسی پێویستی بە یاسا ھەبێت".! بۆ وەڵامی ئەم بەڕێزانە بە پێویستی دەزانم پێکەوە بڕوانینە
 بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان کە مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە ھەرێم، ھیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان ، سەرۆکایەتی ھەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان عێراق ، کە کۆمیسیۆن تەنھا دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی ھەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی ھەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠
بۆیە ئەم جۆرە لێدونانەی ھەندێک لەبەرپرسان نەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات بەڵکودەشیخاتە ژێرپرسیارەوە.! لەھەمان کاتیشدا خۆدزینەوەیە لە بەیاسایی کردنی پرسێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم کە ئەگەر بکرێت ئەوەچاوی دونیای دەچێتەسەر. ئاخر بەڕێزینە ھەرچی بڕیارێک لە بارەگا حیزبیەکانەوە دەردەچێت ناچێتە چوار چیوەی یاساوە،تەنھا بڕیارێکی سیاسیەو ھیچیتر،دواتر نەیارەکانمان دەتوانن تانەی لێبدرێت وڕاوەستێنرێت تاڕەدەی ھەڵوەشێاندنەوەش،لەبەر ئەوەی پەڕلەمان تەنھا شوێنی شەرعی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە وشوێنی دەرکردنی یاساوبریارە چارەنوس سازەکانە، ئەودەزگا شەرعیەیە کە ھەڵبژێرراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. پاشان ..لەگەڵ ئەوەی ھێزێکی یاسایی ھەیە لە ھەمان کاتیشدا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وڕێکخراوە مرۆییەکانەوە معتبر ترەوزیاتر باوەڕ پێکراوە.
ھەرجەندە لەئێستا پرسی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم پێی ناوەتە قۆناغێکی پراکتیکی ،وابڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتودا بەڕێوە بچێت. بەڵام تائێستا ساغ نەبۆتەوە لەسەر بنەمای سیاسی ئەنجام دەدرێت یاخود لەسەر بنەمای یاسایی.! بەبڕوای بەندە دەنگدان بۆ گشتپرسی بەبێ پاڵپشتی یاسا وەک ئەوە وایە ھاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ئەنجام بدەی.
27/08/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ