وتار
ناوچە دابڕاوەکان لەکوێی ڕێفەراندۆمدان؟
کارۆخ عوسمان

من لەگەڵ بونیادنانی دەوڵەتی نیشتمانیم کە گەرەنتی دابینکردنی دیموکڕاسی و سەربەستی و دادگەری بکات، بەڵام ڕێفەراندۆمێک کە کەرکوکی نیو سەدە خوێن بۆدراو نەگێڕێتەوە ژێر چەتری دەوڵەتی کوردستان چ فایدەی ھەیە؟
ئەگەر وانەبێت ڕێفەراندۆم لەقەشمەریاتی دەھۆڵی ناسیۆلیزمی شاخدار زیاتر ھیچیتر نیە.
ئەگەر بەبێ ناوچە دابڕادابڕاوەکان بەتایبەت کەرکوک دەوڵەتی کوردستانی دروست ببێت ئەوە گەڕانەوەیە بۆ نیوسەدە بەرلەئێستاو ڕازی بوونە بە ئۆتۆنۆمی سێ پارێزگای کوردستانی.

ئەم ھەموو ساڵە بۆچی کەرکوک نەگەڕێنرایەوە؟
دەزانن کە خودی پارتی دیموکڕاتی کوردستان موسەبیب بووە؟
ئەویش بەھۆکاری ھەبوونی زۆری نفوزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو ناچانە، چونکە پارتی لاوازترین ھێزی کوردستانیە لەکەرکوک، ئەگەر پرسەکان بەدەنگی خەڵک یەکالاببنەوەو ناوچە دابڕاوەکان بەشداری بڕیار بکەن، ئەوا پدک حزبی سێیەم و چوارەم دەبوو، ئێستاش ھەروا دەبێت.
لەڕاپەڕینەکەی ٩١ دا پارتی تەنھا لە دەھۆک یەکەمین بوو، جا ئەگەر کەرکوک بگەڕێتەوە، ئەوا دیسان نفوزی پارتی لەدەھۆک لەقولی قاف ھەڵدەکێشرێت.

یەکێتی کە ڕازی بێت بەکردنی ڕێفەراندۆم بەبێ کەرکوک ئەوا دیارە ھیچ خەمی دەنگدەری خۆی نیە، بەڵکو مەبەستەکانی لەبازنەی بەرژەوەندیە ئابوریەکانی کۆمەڵە خەڵکێ لەسەرکردەکانی دەخولێتەوە.
بەواتایەکیتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن بەقوربانی شەراکەت لەگەڵ پارتی و ئەو پارەیەی کە لەدزی و گەندەڵی دەستیان دەکەوێ.
ئەگینا چۆن دەبێت یەکێتی کە بەکردار ھەڵگری مافی چارەی خۆنووسین بووبێت ئێستا بکەوێتە ژێر کاریگەری خەپاندن و تەڵەکەبازی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کە ھەموو مەرامێکیان مانەوەیە لەناشەرعیەتدا.

لەم ڕێفەراندۆمەدا درۆینەیەدا، دوو شتی زۆر غەریب ھەن;
یەکەم: ھەڵگرانی مافی چارەی خۆ نووسین پشتیان کردۆتە مەبدەئی ئەساسی و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خەڵەتاندن لەپێناو ئەو بڕە داھاتە ناشەرعیەی کەدەستیان دەکەوێ.
ھەرچەندە لەمێستادا، یەکێتی دەڵێت: بەبێ ناوچە دابڕاوەکان لەگەڵ ڕێفەراندۆم نین، ئەمە دوای لێدوانی عببادی دێت، بەڵام دیسان خۆیان کردۆتەوە بە دوو بەش وەک ھەمیشە، یەکێتی وەک گرتنی فرچک سیاسەتی دوو ڕوویی پەیڕەو دەکات، بەتایبەت لەئێستادا، خراپتر لەڕێفەراندۆمەکەی بارزانی ھەم ھەوادارانی خۆیان ھەمیش خەڵک و ئەحزابە سیاسیەکان بەم شێوە لەسیاسەت کردنە خەڵەتاندن بەردەوامی پێ دەدەن، بەر لەھەمووشیان بزوتنەوەی گۆڕان کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو شێوە سیاسەتە خەڵەتێنەرەی یەکێتی، بەوەی کەچاوەڕێی مەوقیف لەکۆمەڵێ چاوچنۆک و خاوەن تورەکەی بن کون دەکات.

دووەم: پارتی بەھۆی بیری خێڵەکیەوە، قایل بەدەرکردنی ھۆشیار زێباری نیە لەحکومەتی عێڕاق، ھەرچەندە دەلالەتی ڕوون و ڕەوان ھەن لەسەر تێوەگلانی زێباری لەدزی و بەرتیل و گەندەڵی ئیداری و ئابوری، بۆیە کردوویانە بەسەرۆکی لیژنەی ڕێفەراندۆم تاکو بەخەڵکی کوردستان و عێڕاق بڵێن، ئەوەی لای ئێمە موعتەبەر بێت ھیچ شتێک ناتوانێ بچوکی بکاتەوە.
لەسەردانەکەی شاندی ڕێفەراندۆم بۆ بەغداد باسی پرسی زێباری کرابوو کەوەکو کاتێک لەبەرامبەر قسەی لەبارەوە کرابوو، گوتبویان; بەگێڕانەوەی زێباری بۆ پۆستەکەی یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەپارێزین.
لەھەمانکاتدا، ئەوەندەی پرسی دەرکردنی زێباری گرنگە بەلای پارتی و خودی مەسعود بارزانیەوە بەسەدا یەک پرسی ناوچە دابڕاوەکان جێگەی دیدو تێڕوانینیان نیە.

-لەکۆندا بۆچی ناوچە دابڕاوەکان گرنگ بوون؟
چونکە جێگەی تەماحی ھەردوولا (کورد-عێڕاق) بوو بەھۆی ھەبوونی نەوت، بەڵام لەئێستادا نەوت لەھەرشوێنێکی ھەرێمدا ھەیەو لەبەعزێ شوێندا زیاتر لەکەرکوک و ناوچەکانیتر یەدەگی نەوت ھەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجی سەرکردایەتی پارتیشە تەنھا نەوتە نەک خاک و خەڵکی کورد.
کەواتە ئەو شۆڕشەی بەناوی کوردەوە کردیان درۆیێکی گەورە بوو، باشتر وایە پێی بڵێین: (شەڕی نەوت).
چونکە ئەوەی موستەفیدی حوکمڕانی کوردیە لەماوەی ٢٦ ساڵدا تەنھا سەرانی بەناو شۆڕشی کوردین کە من ناوی دەنێم (شەڕی نەوت).
بەدەلیلی ئەوەی کە لەماوەی ٣ساڵی قەیرانی ئابوریدا جگە لەمانگێک کۆی نیوموچەکان و پارە خەرجکراوەکانی خزمەتگوزاریەکان (دراوی دەستی دوو) بووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە دەستھاتی نەوتی ھەرێم لەماوەی سەربەخۆ فرۆشتندا جگە لەسەرانی پارتی و بەشێکی کەمی سەرکردایەتی یەکێتی زیاتر ھیچ کەسێکیتر ئاگای لەو داھاتە نیە، کە مانگانە ١,٦٢١,٥٠٠,٠٠٠ پارەی دەستکەوتی نەوتی ھەرێمە.
کۆی موچەو خەرجیە گشتیەکانی تر لەباجی نێوخۆیی و داھاتی خاڵە سنوریەکان دابینکراوە، بۆ ئەوەی بڕی دیاریکراوی دزیەکان کەم نەکات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1