وتار
لە ۳۱ ی ئابەوە تا ئێستا
هۆشیار عەبدوڵڵا

ئەگەر ڕەتکردنەوە و نەفرەت کردن لە خیانەتی ۳۱ی ئاب نەبێتە کردار و ھەر لە چوارچێوەی قسەیا بمێنێتەوە ، ھیچ بایەخێکی نیە .
دونیا پڕبکە لە قسە ، بایەخیی چیە ئەگەر بەفعلی ڕێ لە ئەجێنداکانیی ئێستای پارتی نەگری کە درێژکراوەی مێژوی ئەو خیانەتەیە ، تۆ کە باسی خیانەتی ئەوکاتەی پارتی ئەکەیت و ئێستا حزبەکەت بۆتە دارشەقی ڕێکردنی بارزانی سودی چیە ، بەچیی ئەچێ ؟ کێ باوەڕت پێ ئەکا ؟

بارزانی بە ۳۱ ی ئاب ،ھەولێری داگیرکرد و ھەر بەو دەسەڵاتەشەوە تا ئەم لەحزەیە پایتەختی ھەرێمی کوردستانی کردۆتە شارێک کە ئەتوانێ پەرلەمانەکەی دابخا و کێی بەدڵ نەبێ ئاودیوی دێگەڵەی بکاتەوە .

ئەگەر بارزانی بە ۳۱ ی ئاب ، پیلانیی داگیرکاری ھەولێری بۆ چوبیتە سەر ، ئەجێنداکانیی ئێستای بۆ کۆنتڕۆڵی ھەمو کوردستانە ، سەیرەکە ئەوەیە ئەوانەی تا دوێنێ قارەمانی دژایەتی خیانەتی ئەوێ ڕۆژێ بون ، ئێستا پارێزە و پاسەوان و باخچەی پشتەوەی ئەجێنداکانیی بارزانین و شانازی ئەکەن بەوەوە کە بۆ بەرژەوەندی شەخێیان لە خزمەتیی ئەجێداکانیدان و پڕ بە دەمیان تف ئەکەنە مێژوی خۆیان و ئەو ڕابردوەی کە دژایەتی بارزانی و حزبەکەیان کردوە .

بیریشمان نەچێ ، مێژوی ئەو کاتە و ئێستا زۆر نەگۆڕاوە ، ئەو کاتەش کاتێک پارتی بە ۳۱ی ئاب ھاتەوە ھەولێر و لە ژێر پەرچەمیی ئەو خیانەتەدا کابینەی حکومەتی تەشکیل کرد ، ھەر ئەوانەی ئێستا سەرچۆپیان بۆ ڕیفراندۆمەکەی پارتی گرتوە ، ئەو کاتەش بێ سێ و دو بەشداریان کرد لە حکومەتەکەیاندا .

ڕێساکانیی گەمەی سیاسی پێش و پاش ئەو خیانەتە چۆنبون ، ھێشتا وەک خۆیانن ، بێ گۆڕینی ئەو ڕێسایانەی ململانێی سیاسی ، ھیچ شتێک لە کوردستان بستێک ناڕواتە پێشەوە .

مۆدێلی خیانەت ئەگەر جاران ھێنانی دەبابەی بەعس و جەندرمەی تورکیی و پاسداری ئێرانیی بو ، ئێستا دزینی نەوت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی وڵاتە ، ئێمە ئێستا ڕۆژانە لەگەڵ خیانەتی مافیاکاندا مامەڵە ئەکەین ، مەگەر بازرگانیان لەگەڵ داعشدا ئاشکرا نەبو ، بۆ ڕادەستکردنی شەنگال چی لە ۳۱ ی ئاب کەمترە ئەگەر زیاتر ، زۆر زیاتر نەبێ ، مەگەر ڕۆژ ھەیە سکانداڵێکیان کەشف نەبێ ؟!

۳۱ ی ئاب و ھەمو خیانەتەکانی ڕابردو و ئێستا و داھاتوی ئەو کاستە سیاسیە بازرگانە مشەخۆرە ، قەدەری میلەتێکن ، کە حەیف زو ، زۆر زو شتی لەبیر ئەچێ .

کۆمەڵگەیەک ؛ خیانەتکار وەک ڕزگارکەر و فایلدار وەک دێو لە ناوخۆیدا بھێڵێتەوە ، نابێ چاوەڕێی لە ئێستا باشتر بێ .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123