وتار
لەپشت ھەوڵی ئاشتکردنەوەی بەرھەم ساڵح سیاسەتێکی بەعسیانە لەئارادایە
دانا محمد
 دوای دەرکەوتنی جموجۆڵە سیاسیەکانی دکتۆر بەرھەم ھەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی دەیانەوێت دکتۆر بەرھەم ئاشت بکەنەوە و قەناعەتی ئەوەی پێبکەن بگەڕێتەوە ناو کۆبونەکانی یەکێتی،بۆ ئەو مەبەستەش چەند پۆست و ئیمتیازیان بۆ پێشنیاز کردووە،بەڵام دکتۆر بەرھەم ڕەتی کردوەتەوە.
دەبێت دکتۆر بەھەم ئەوە بزانێت ئەوسەرکردانە نەنیەتیان پاکەو نەڕاستگۆشن لەگەڵی،وەبگرە لەپشت ھەوڵەکانیشیانەوە ئەجێندای خراپ و شکاندنی شکۆی دکتۆر بەرھەم ھەیە.

ڕون و ئاشکرایە دکتۆر بەرھەم یەکێکە لەسەرکردە چالاک و دیار و دیبلۆماس و ناودارەکانی گەلی کورد،ئەو جگەلەوەی پشتیوانیەکی باشی جەماوەری ھەیە،ھاوکاتیش لەدیدگای ناوخۆو ناوچەیی و نێودەوڵەتیەوە خاوەند قورسایەکی زۆرە،
کەم پرس وبابەت ھەیە لەناوخۆی ھەرێم لەپشتی دکتۆر بەرھەمەوە تێپەڕێت و ڕای وەرنەگیرێت،چونکە دکتۆر بەرھەم ھەمیشە لەتەک گفتارەکانی کردارو لەتەک کێشەکان چارەسەری پێ بووە،وە وڵاتانی ناوچەکەو جیھانیش بەوردی و بایەخێکی زۆرەوە گوێ بۆشرۆڤەو بۆچونەکانی دەگرن لەھەمبەر پرسە گرنگەکان،ھەموو ئەمانە لەکاتێکدایە دکتۆر بەرھەم ھیچ پێگەیەکی حکومی نیەو ماوەیەکی زۆریشە بەھۆی نیگەرانیەکانی لەکێشە نێوخۆیەکانی یەکێتی بەشداری کۆبونەوەو چالاکیەکانی یەکێتی نەکردوە، بەپێچەوانەوە سەرکردەکانیتر ئەگەر لەپێگەی حکومی و حزبی نەمێنن،نەک لەدیدگای نێودەوڵەتی و ناچەیەوە ناخوێندرێنەوە،تەنانەت لەناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش بزردەبن،ئەمەش گرێیەکی لەسەر دڵی ئەو سەرکردانە دروست کردوە و بەھیچ جۆرێک بۆیان ھەزم ناکرێت،بۆیە ئەولەوێت و ئەجێندای ئەوسەرکردانە دووبارەکردنەوەی  ھەمان ئەو سیاسەتەیە کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو ھەندێک جاربەرانبەر ھەندێک کەس پەیڕەوی دەکرد، سیاسەتەکەی بەعسیش ئەوەبوو ھەرکاتێک ھەستی بکردایە،ھەرکەسێک خاوەند پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە خۆیان لێ نزیک دەکردەوە،تا بەھەر نرخێک بێت ناشیرن و لەکەداری بکەن لەپێش چاوی خەڵک،ئەوسا پشتیان تێدەکردو وازیان لێدەھاورد،ئێستەش ئەو سەرکردانەی یەکێتی دەیانەوێ ھەمان ئەوسیاسەتەی بەعس دووبارە بکەنەوە بەرامبەر دکتۆر بەرھەم،لەئێستاش دا ئەو ھەوڵەش لەژێر ناوی ئاشتکردنەوەو گەڕانەوە بۆناو کۆبونەوەو چالاکیەکانی یەکێتی،بەکرداری وبەنھێنی کاری لەسەر دەکرێت،بۆیە ئەوسەرکردانە دەیانەوێت ھەرچی زووە ڕێبگرن لە جموجوڵەکانی دکتۆر بەرھەم و بیخزێننە ناو سیاسەتێکی چەوتەوە،تاکو بەوھۆیەوە دکتۆر بەرھەم بچوک بکەنەوەو لەبەرچاوی خەڵک و جەماوەرەکەی ناشرینی بکەن.
لەلایەکی تریشەوە بەلایانەوە گرنگە دکتۆر بەرھەم تادوای ھەڵبژاردنەکانی مانگی ۱۱ی ئەمساڵ یەکێتی جێنەھێڵێت، بۆ ئەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان بۆبکات و دەنگیان بۆکۆبکاتەوە،تادووچاری شەرمەزاری و دۆڕانێکی تری ھەڵبژاردن نەبن،چونکە ترسی زۆریان ھەیەو ھەموو پێشبییەکانیش ئەوەمان پێدەڵێن،کە لەھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە یەکێتی بەڕێژەیەکی بەرچاو دەنگی کەم دەکات.

 وەمن نازانم ئەمانە بەتەمان دکتۆر بەرھەم بۆناو کام یەکێتی بگەڕێننەوە؟بۆناو ئەویەکێتیەی کە بەبنەماڵەکراوە و لەپەیڕەو و پرەنسیپی حزبی لایداوە؟بۆناو ئەویەکێتیەی ھەریەکی و لەئاوازێک دەخوێنێت و لەڕادەبەدەر پەرتەوازە بووە؟ بۆناو ئەویەکێتیەی لەشاڕێ ئەسڵێکەی لایداوە؟بۆناو ئەویەکێتیەی بەرەو نادیموکراتی و بەپارتی بوون ڕۆشتووە؟
بۆناو ئەویەکێتیەی بەشدارە لەوتاڵانکاری و ستەم کاریەی ئێستا،یان بۆناو ئەویەکێتیەی کەبووەتە چاڵەکە و دکتۆر بەرھەم تێیدا بووە بەیوسفەکەی کەنعان و سەرکردەکانیشی بونەتە زڕبراکانی یوسف؟.

ھەربۆیە بەدیدگای ئێمە جێگایەک بۆدکتۆر بەرھەم نەماوەتەوە لەناو یەکێتی،چونکە یەکێتی ئەودەستەشکاوەیە کەچاک بونەوەی ئەستەمەو جێی کەسە ڕیفۆرم و ئازادیخوازەکانی تێدا نابێتەوە،بۆیە دەبێت دکتۆر بەرھەم لەھەمووکات وحاڵەتێکدا داواکاری و پێشنیازەکانی ئەوسەرکردانە ڕەتبکاتەوە،چونکە چونەناو ھەرپڕۆسەیەک کەھەنگاو بنێ بەرەو نزیک بونەوە لەبەرەی دەسەڵات جگە لەناشرینی و کوتانی ئاسنی ساردو بچوک بونەوە،ھیچی تر بەدوای خۆیدا ناھێنێت،بۆمەوزوعی پێدانی ھەرپۆستێکیش بەدکتۆربەرھەم،ئەمەش بەچارەسەر نابینرێت،چونکە ھەتا دەسەڵاتی ئەم دووماڵباتەی باشوری کوردستان لەبواری کرداریەوە لاواز نەکرێت و ھەر ئەوان تەحەکوم بەحکومەت و ژیانی خەڵکەوە بکەن،وەھەتا سەرکردەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار خاوەند گروپی تایبەت و بەرژەوەندی و ھێزی تایبەت بن،بێ سودەو ھیچ گۆڕانکاریەک ناکرێت لەسیستەمی حکومڕانی.
شایەنی گوتنە ئەوانەی سەرپەرشتی ئەوھەوڵانە دەکەن کەلەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا،سەربەو گروپەن کەلەئێستادا دەستیان بەسەر یەکێتی داگرتووە.

ھەروەھا بەشێک لەسەرکردەکانی ناوەندی پێشووی بڕیاریش بەھەمان شێوەی سەرکردەکانی باڵی زۆرینە لەھەوڵی ئەوەدان دکتۆر بەرھەم پاشگەز بکەنەوە لەھەر بەرنامەو پرۆژەیەک کەلە دەرەوەی یەکێتی ئەنجام بدرێت،لەبەرئەوەی ئەگەر دکتۆر بەرھەم ماڵئاوایی بکات لەیەکێتی،ئەوا ئەو کات ئەوان لاوازتر دەردەکەون بەرامبەر ئەو گروپەی کەدەستیان بەسەر یەکێتیدا گرتوە،وەتائێستاش جورئەتی ئەوەش ناکەن بەشێک بن لەپرۆژەو بەرنامەکانی دکتۆر بەرھەم،بەھۆی لەدەست نەدانی بەرژەوەندیە شەخسیەکانیان،بەڵام بەڕای ئێمە ئەو سەرکردانەی ناوەندی پێشووی بڕیار دواجار دەکەونە بەردەم سێ بژاردەوە کەدەبێت یەکیان ھەڵبژێرن بژاردەکان ئەمانەن..

ـ یان دەبێت ھەرئاوا بەلاوازی بمێننەوە لەناویەکێتی.
ـ یان دەبێت تەسلیمی ئەمری واقعی ناویەکێتی بن و لەگوێ ڕایەڵی گروپی دەست ڕۆشتوی ناویەکێتی دەرنەچن.
ـ یان ئەوەتا بڕیارە دروستەکە بدەن و ببنە بەشێک لەپرۆژە تازەکەی دکتۆر بەرھەم کەلەئایندەیەکی نزیکدا ڕای دەگەیەنێت.

بەبۆچونی ئێمە باشترین بڕیار ھەڵبژاردنی بژاردەی سێ ھەمە و بەیەک جاری جێھشتنی بەرەی دەسەڵاتەو ھاتنە بەرەی خەڵک و ئازادی خوازانە،وەدورکەوتنەوەیە لەبەرژەوەندی تایبەت،تەنھا ئامانجیش پاراستن و سەرخستنی بەرنامەو پرۆژەکەی دکتۆر بەرھەم بێت،چونکە بەبڕوای ئێمە چەندە دوربی لەبەرەی

دەسەڵاتەوە ئەوەندە بەپاکی و بەجوانی دەمێنیتەوە و زیاترخۆشەویستر دەبیت لەناو کۆمەڵانی خەڵک،بێ گومان ئەمە بۆ پێچەوانەکەشی ھەردروستە.
وەنابێ گوێش بدرێت بەساردی و گەرمی و بەرزی و نزمیەکانی ڕێگای گۆڕانکاری،ھەروەک دکتۆر قاسملۆی شەھیدیش فەرموویەتی:ئەگەر سەرکەوتنت دەوێت دەبێت ئامادەبی نرخی سەرکەوتنەکەشت بدەیت.
وە ھیچ کاروانێکیش بێ پشوودرێژی و قوربانی و ماندوبون ناگاتە شوێنی مەبەست،وەک دەشوترێت ئامانجی گەورە ھەوڵی گەورەی دەوێت.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1