وتار
ئەھلی نەزەر
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر

لە ئێستادا، باسکردنی دەوڵەتدارییانەو ھاووڵاتییانە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی و کۆمەڵایەتیی و ئارامیی تاک و داھات و خەرجییەکانی وڵات و موچەو دەرەتانی خەڵک و چارەنوسی وڵات و بەتایبەتیی ناوچە کوردستانییە بە دەستور داگیرکراوەکان و، دەرفەتی کارو شەفافییەت و لێپرسینەوە، لە ھەموو پرسێکی تر گرنگترن، لە بری پەرلەمان و نەخشەڕێگای ڕیفراندۆم، فەرموون داھاتی وڵات و ھەر پارێزگایەک وەکو خۆی بۆ ڕایگشتیی بخەنەڕوو، تا گشتپرسیی لەسەر بکرێت و خەڵک خۆیشی بکاتە قوربانی قەرزو قۆڵەو بەرنامە بێنەخشەکانتان..، با ھەڵبژاردنێکی بێگەردانە لە کاتی خۆیدا بکرێت و ھەموو لایەک قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن.. شینی ئەمڕۆ، شینی ھەریسەکەیە، پێویستە گۆڕان تەنھا شین بۆ حسێن بکات، نەک بۆ ھەریسە..
لە کۆنەوە وتراوە: (مێشێک گەیشتە ڕوی ڕوخسارێک؛ لە خاڵ دەچێت)، جوانیی خاڵەکان دەلیل نین بۆ ئیرادەو ناوەڕۆکێکی شایانانە، ماکس ڤێبەر ڕاستی وتووە: کە چیتر ڕەفتاری کەسێک بەس نییە بۆ دیاریکردنی کردارو کەسێتیی ئەو کەسە، بەڵکو کردەی ڕەفتارو لێکەوتەی کردارەکان گرنگن، نییەت بۆ پەیوەندیی نێوان خود و خودایە، مامەڵەو ھەڵوێست و کردەی کردارەکان بۆ خودو خەڵکن، ماوەی دوو ساڵە تاکڕەوانە دامەزراوەکان پەکخراون، لەبری ئەوەی ھەموو بێن کەلتوری تاکڕەویی بگۆڕن و بە ئیرادەیەکی جەماعیی نیشتمانیی بیانخەنەوە گەڕ، تازە بەتازە دێن و دەڵێن: (ھەڵفڕاندنی باڵندەیەک لە دارستانێکدا، تاوانێکە لێخۆشبوونی نییە، بەڵام کوشتنی گەلێک بە سەرلەبەریانەوە، بابەتێکە جێی نەزەرە)..
زەمەن زۆری تێپەڕیوە، ساڵانتان خایاندووە، دەخوازم تا دوای ٢٥ی ئەیلولیش بخایەنن، ھەر لایەنێک کە لە دەسەڵاتدابێت و داھاتی وڵاتیشی لابێت و بەشێک بێت لە پرۆسەی پاکانەکردن بۆ ناشەرعییبونی دەسەڵاتی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بیەوێ دۆخی خەڵک چاکبکات، پێویستی بە لایەکی تر نییە میکانیزمی بۆ بدۆزێتەوە..
ئەگەر پەرلەمان ئەوەندە پێویست و پیرۆز بوو، بەشدارانی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم؛ بۆ چاوتان لە ئاستیدا نوقاند، ئێستایش کە ڕەوایەتییەکی ماوە، بەزیندوویی مەیخەنە چاڵەوە، شوکر بۆ خودا یەکلایەنەیش بێت شەڕمان بەمانای شەڕ کەنییە، ھەشبێت سیاسییە نەک کوشتوکوشتار، ئاخۆ
موقسیتێک نەماوە؟ یان پێتان وایە فرعەون تەنھا لە نیلدا غەرق دەبێت نەک لە نیلیدا؟

((وَإِن طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا ۖ فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَىٰ فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي حَتَّىٰ تَفِيءَ إِلَىٰ أَمْرِ اللَّهِ ۚ فَإِن فَاءَتْ فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا بِالْعَدْلِ وَأَقْسِطُوا ۖ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ))..


ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1