وتار
پڕۆپارتیەکان سەرکەوتن
هۆشیار عەبدوڵڵا
مەترسیەکان لە سی حوزەیرانێکی ترەوە بۆ ئاشبەتاڵێکی تر
(چەند قسەیەکی ڕاشکاو لەسەر ڕێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی و مەترسیە چاوەڕوانکراوکان .)
نەبونی ھیچ ئەنجام یا بەرەوپێشچونێک لە پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی پەیوەستە بە ئەجێنداکانیی پارتی بۆ ڕێگرتن لە ھەر بەرەوپێشچونێکی ئیجابی لە نێوان ئەو دو ھێزەدا .
پارتی لە ڕێگەی چەند بەرپرسێکی یەکێتیەوە کە بەتەواوی بۆ بارزانی یەکلابونەتەوە ئەو کارە ئەکا ، ئەمەش تازە نیە دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دەستیپێکرد ، لە دوای ڕێکەوتنیی نێوان یەکێتی و گۆڕان ئاشکرا دەرکەوت و کۆچیی دوایی کاک نەوشیروانیش ھێندەی تر ئەو بەرپرسانەی یەکێتی بۆ سەری ڕەش بێ چەندوچۆن ، یەکلا کردەوە .
بڕیاری سیاسی یەکێتی ، ئێستا دور لە قەناعەتی قاعیدەکەی و بەشێکی زۆری سەرکردایەتیەکەشی بە دەست گروپێکی کەمەوەیەوە و بارزانی چۆنی مەبەست بێت ، ئاوا ئاراستەیان ئەکات.
ئەو گروپەی یەکێتی ، دەمێکە و بۆ چەندین جارە پێچەوانەی ڕێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی مامەڵە ئەکەن ، لە پرسی سیستمی سیاسیا، لەپرسی نەوت و داھاتەکاندا ، لە پرسی پەرلەمانا ، چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ بەغداد و ریفراندۆمیشا پابەندی ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتننامەیە نەبون و نین ، بەڵکو ئاشکرا دژی دەجوڵێنەوە .
ئەگەرچی تەنھا ئەبێ جڤاتی نیشتیمانیی بڕیار لە چارەنوسی ئەو ڕێکەوتنە بدات و جڤات قسەی کۆتایی ئەکا ، بەڵام بەڕای بەندە وەک ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان کاتیەتی کۆتایی بەو ڕێکەوتنە بھێنرێ.
دەبێ گۆڕانیش و ئەو بەشەی یەکێتیش کە پەرۆشی ڕێکەوتنەکە و واژۆکانی ھەردو جوامێر ، مامجەلال و کاک نەوشیروان بون ، دان بەو ڕاستیەدا بنێن کە پڕۆپارتیەکانی ناو یەکێتی سەرکەوتوبون لە پەکخستنی ڕێکەوتننامەکە ، دەشێ ھەردولا بیر لە جۆری تری تەنسیق و کاری ھاوبەش و لێکتێگەیشتنی نوێ بکەنەوە .
ڕوداوەکان لە ھەرێمی کوردستان ، لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ، لە ئاستی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ ، لە ئێستاوە تا دەگاتە کۆتایی ئەم مانگە خێرا و مەترسیدارن و تەنھا ئەجێندای پارتی لە ژێر پەردەی ڕیفراندۆمدا لە ئارادایە ، کاتیەتی گۆڕان و ئەو لایەنانەی ھەست بە مەترسیە جدیەکان ئەکەن قسە و ھەڵوێستی ڕونیان ھەبێت .
بۆ گۆڕان و بۆ ئەوھێز و گروپانەی ئاڵای سپیان لە ئاست بارزانی ھەڵنەکردوە، کاتیەتی ڕایگشتی لە مەترسیەکان ئاگادار بکەنەوە ، ئەو مەترسیانەی بەناوی سەربەخۆییەوە بچوکترینیان سی حوزەیرانێکی ترە بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا و گەورەکەشیان ئاشبەتاڵێکی ترە بەسەر کۆی ئەزمونی ھەرێمدا.
لە ئێستاوە تا کاتیی ڕیفراندۆم ، دو سێ ھەفتەی ھەستیار و گرنگمان لەبەردەمە ، ئەگەر حزبی سیاسی ئێستا و لەم ڕۆژەدا ھەڵوێستی ڕون و ڕاشکاو ئازایانە دەرنەبڕێ و قسەی لەسەر کۆی پرسەکان نەبێ ، کەی ئەیبێ ؟!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123