وتار
بزوتنەوەی گۆران‌و یاری مارو پەیژە
فه‌رسه‌ت سۆفی

خوێندنەوەیەک بۆ بەلاغی کۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆران‌و کۆمەڵی ئیسلامی


دووساڵە بزوتنەوەی گۆران داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات بەبێ مەرج، دوای ئەوەی ئەم داخوازیەی گۆران بێ کەمو زیاد جێبەجێکرا، ئینجا وەک یاری مارو پەیژە ھاتەوە خواری خوارەوەو ھەر رۆژەی بەیانێک‌و ھەڵوێستێکی دژبەیەک رادەگەیەنن، گوتاری گۆران ٣٦٠ پلە ھەڵگەراوەتەوەو ئێستا دەڵێن دەبێ لەسەر ھەمو جیاوازیەکان رێکبکەوین ئینجا پەرلەمان کارا دەکەینەوە، لەکاتێکدا پێشو تر گوتاری فەرمی گۆان بریتیبو لەکارابونەوەی پەرلەمان ئینجا گفتتوگۆو دانوستان.
 
ئەو گۆڕانەی تا دوێنێ دەیگوت دەبێ ھەمو پرسەکان بچنەوە ناو ھۆڵی پەرلەمان‌و لەوێ بڕیاریان لەسەر بدرێت، ئێستا دەڵێن دەبێ لەسەر ھەمو شتێک رێک بکەوین ئینجا دەچینەوە پەرلەمان، لەکاتێک دەزانن پەرلەمان تەنھا دو مانگی تەمەنی ماوە. لەدواین بەلاغی کۆبونەوەی نێوان گۆڕان‌و کۆمەڵ لەرۆژی ٤/٩/٢٠١٧ کە زیاتر لەبەیاننامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەچێت تەنھا ێیاغەکەی گۆڕاوە، دەمانەوێت ئەم سەرنج‌و تێبینیانەی خوارەوە بخەینەرو:
 
١-باسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی یاسایی خۆی دەکەن: ئەم دەستەواژەیە پێشو تریش لەبەیاننامەی جڤاتی نیشتمانی گۆران ھاتبو، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی ئەم بابەتە ئاراستەی پارتی دەکرێت, لەکاتێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە لەھەمانکات سەرۆکی پارتیشە لەکاتی خۆی بەمەرسومێک ١/١١ ی وەک وادەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم‌و پەرلەمانی دیاری کردوەو کۆمسیۆنیش وەڵامی داوەتەوەو ئامادەکاریەکان دەستیان پێکردوە. ئەم بابەتە لەکاتێک بەھاو ئەرزشی دەبوو کە وادەکەی دیاری نەکرابوایە, بەڵام پێش ئەوەی ئەوان بە یەک وشەش باسی ئەم پرسە بکەن سەرۆکی ھەرێم بابەتەکەی یەکلایی کردۆتەوە.
 
٢- لە بەشێکی دیکەی بەلاغەکەیان ھاتووە: (ریفراندۆم دوابخرێت بۆ کاتێکی گونجاو لەرێگای پەرلەمانەوە بڕیارو یاسای بۆ دەربکرێت):
 
ڕ- بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەرۆژی ٧/٦/٢٠١٧ لە کۆبوونەوەی سەرجەم حزبە سیاسیەکان درا جگە لەگۆران‌و کۆمەڵ, ئەو حزبانەی لەم کۆبونەوەیە بەشداربون نوێنەرایەتی ٨١ کورسی پەرلەمان دەکەن، لەلایەکی دیکە سەرۆکی ھەرێم بەمەرسومێێک رۆژی ٢٥/٩ی وەک رۆژی ریفراندۆم دیاری کردو کۆمسیۆنیش کە نوێنەری ھەر پێنج حزبەکەی تێدایە بەزۆرینە پەسەند کرد لە کاتێک پارتی لە کۆی ٩ کۆمسیار تەنھا سێ ئەندامی ھەیە.
 
ب- ھەر پەیوەست بەریفراندۆم سەرۆکی پەرلەمان نامەیەکی بۆ کۆمسیۆن نوسیوەو داوا دەکات ریفراندۆم‌و ھەڵبژاردنەکانیش لەپێش مانگی یازدە ئەنجام بدرێن, دیسان کۆمسیۆن وەڵامی نامەکەی سەرۆکی پەرلەمانیشی داوەتەوە. مەگەر سەرۆکی پەرلەمان گۆڕان نیە؟,ئەگەر کات گونجاو نەبوو بۆ داوای راپرسی کرد.
 
ت- رۆژی ٣/٧/٢٠١٤ جەنابی سەرۆکی ھەرێم ھاتە پەرلەمان و داوایکرد پەلە بکەین لەدەرکردنی یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژارن و راپرسی بۆ ئەوەی لەزوترین کات راپرسی ئەنجام بدەین, بۆیەشە پەرلەمان لە ٢٠/٧/٢٠١٤ یاساکەی پەسەند کردو سەرجەم لایەنەکان بەشدار بوون لەدەرکردنی ئەم یاسایەو گۆڕانیش ئەو کات پێیوابو کات گونجاوە, بۆچی دەبێ ٢٠١٤ کات گونجاو بووبێت کە تازە بودجە برابوو, کەس نەوتی کوردستانی نەدەکری و لەئاوەکانی نیۆرک باخیرەکەمان دەسورایەوەو نەیان دەھێشت لەنگەر بگرێت, تازە دەستپێکی شەری داعش بو…ھتد.
 
بەڵام ئێستا بەسەر داعش سەرکەوتووین و خەریکە لە کۆتایی قەیرانی دارایی نزیک دەبینەوەو پێگەی ھەرێم و پێشمەرگە زۆر لەو کات بەھێزترەو نەوتی کوردستان کریاری زۆرەو سەد بەقەد ئەو کات ئێستا زیاتر لەعێراق بێ ئومێدبون ھەیەو….ھتد. سەرەرای ھەموو ئەمانەش دەبێ لەگۆران بپرسین پێیوایە کەی کات گونجاوە؟ ئایا ئەو میللەتانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیان کردوە ھیچ کامیان بەدوای کاتی گونجاوی نموونەیی دا گەڕاون؟ لەساڵی ١٨٦٠ یەکەم راپرسی سەربەخۆیی کراوە تا ئێستا کە ٦٠ راپرسی تێپەراندوە, کامەیان گوتیان دەبێ دەوڵەتانی دەوروبەر چەپکە گوڵی پیرۆزبایی پێش وەقتەمان بۆ بنێرن؟, کامەیان رێگا بۆیان تەخت کرابوو؟. ئێوە لە لایەک دەڵێن ئەم راپرسیە بەپشتیوانی تورکیایە لەلایەکی دیکەش دەڵین سنورەکان دادەخرێن, خۆتان پێمان بڵێن کامەتان باوەر پێبکەین یان خۆتان باوەرتان بە کامیانە؟.
 
پ- سەبارەت بەو بڕگەیەی کە دەڵێن دەبێ لە لایەن پەرلەمان یاسای بۆ دەرچێت: بفەرموون وەرنە پەرلەمان یاسای بۆ دەربکەن کێ رێگری لێکردوون, ئەوە ئێوەن خۆتان لە خەمی کاراکردنەوەی پەرلەمان نین و دووساڵە تەنھا بۆ ململانێی حزبی و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان شین بۆ ئەم پەرلەمانە دەگێرن.
 
٣- لە برگەیکی دیکە ھاتووە(ئاسایی کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک کە کارەکانی یاسادانان و چاودێری خۆی بکات). بەراستی ئەم دەربڕینە زۆر نالۆژیکی و کاڵفامانە داڕێژراوە, نەدەبوو لە بەلاغی دوو حزب دەستەواژەیەکی وابنووسرێت, چونکە نەپارتی و نەھیچ لایەنێکی دیکە باسی گۆرینی وەزیفەی یاسایی پەرلەمانیان نەکردوە تا بیخەنە دانوستان.
 
٤- لەدەربڕینێکی دیکەی بەلاغەکەیان ھاتووە( ھەردوو لا جەختیان کردەوە لە سەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچەو چاککردنی گوزەرانی خەڵک). کامە لایەنی سیاسی جەختی لەمە نەکردۆتەوە, ئایا ئەمە بە جەخت کردنەوە چارەسەر دەبێت یان وەزیرەکانتان بێنەوەو لە گەڵ حکومەت بەیەکەوە کاری لە سەر بکەن و لە پەرلەمانیش ھەموومان بەیەکەوە بیکەینە خەمی ھاوبەش. بۆچی دەبێ ئێوە لە خەمی موچەی خەڵک بن و ئێمە خەممان نەبێت, ئەی ئێوە نەتان دەگوت پارتی و یەکێتی ئەو خەڵکەیان دامەزراندوەو ئەندام و لایەنگری خۆیانن, بۆیە باسکردن لە باشکردنی بژێوی خەڵک بە قسەو موزایەدە نابێت, بفەرموون ئەگەر لە خەمی خەڵکدان مل بدەنە بەر باری بەرپرسیاریەتی و لە گەڵ ئەم تیمانەی حکومەت ھاوکار بن کە سەرقاڵی پێداچوونەوەی موچەی خەڵکی کوردستانن.
 
٥- لەکۆتایی بەلاغەکە ھاتووە( کۆمەڵی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆران ئامادەیی خۆیان نوێکردەوە بۆ گفتوگۆی جدی لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان). کاتێک پارتی لەھەولێرەو بەوەفدێکی باڵا کە لەسکرتێرو حەوت ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێکھاتووە دەچێتە سلێمانی‌و شەش خاڵ بۆ گفتوگۆ پێشکەش دەکات‌و چواریان لەگەڵ بەیاننامەکەی جڤاتی گۆڕان ھاوبەشن‌و یەک مانگ‌و سێ رۆژ تحمل دەکات کە گۆران وەڵامی بداتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەو دەست لەھەمو مەرجەکانی خۆی ھەڵدەگرێت, ئەگەر ئەمە گفتوگۆی جدی نیە بفەرمون پێمان بڵێن گفتوگۆی جدی چۆنە، ئەوە ئێوەن ناتانەوێت گفتوگۆ جدی بێت ئەگینا کەس لەگفتوگۆ مەرجی پێش وەقتە دانانێت ئەگەر مەبەست رێکەوتن بێت، کامە گفتوگۆی جدی ئەو رۆژەی وەفدی پارتی ھاتە لاتان لەھەمو رۆژەکان زمانی راگەیاندنتان زبر تربو، ئایا جدیەت ئەوەیە فەرزی ئیرادە بەسەر ھەمو لایەنەکان بکەیت و لە رێگای بەیاننامەو میدیا مەرج فەرزبکەن؟.
10/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ