وتار
رێکەوتنە چاوەڕوان کراوەکەی گۆڕان و یەکیەتی
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

بەش بە حاڵی خۆم ئەم رێکەوتنە بە بەشی لە پێویستی یەکانی کۆتایی ھێنان بە دۆخی چەقبەستووی ئێستای ھەرێم دەزانم..
دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە فۆرمی گۆڕانو ، گۆڕان و ئیسلامی یەکان و میکانیزمەکانی کۆن و شێوازەکانی ئیدارەکردنی ململانێکان بەو جۆرەی رابوردوو، گەیشتە بن بەست.
ئەم رێکەوتنە دەکرێت وا تەوزیفبکرێتو وەربگیرێت، کە ھەوڵێکی ھاوسونگتر و واقیعانە ترە بۆ کرانەوەی ئاسۆی نوێ بە ڕووی گفتوگۆی بەرھەمداردا، وادەکات لەڕێی یەکگرتنی فراکسیۆنەکانی ئەم دوو ھێزەوە ، موزایەدەی سیاسی نێوانیان کەمتر بێتەوە، ئەوەش وا دەکات مەسەلەی پارێزگاری سلێمانی نەبێ بە کێشە و سەقامگیری ئەم ناوچە و دەورو بەریشی پارێزراوتر بێت و کێشەی سەرۆکی پەرلەمانیش ئاسانتر بێت، بە حوکمی ئەوەی فراکسیۆنێکی نوێ دروست دەبێت و ھەنگاو و بڕیارەکان واتاکانی پێشوو نادەن.
لە ڕوویەکی ترەوە یەکگرتنی فراکسیۆنەکان و کەمبوونەوەی مزایەدەکان ھەر دوو ھێزەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو لەژێر فشاری بنکە حیزبیەکەیان دەردەھێنێ و سەرکردایەتیەکەیان دەستیان بۆ مانۆڕ و گفتوگۆ و ڕێکەوتن و قۆناغبەندی ئامانجەکان کراوەتر دەبێت.
ھەروەھا وا دەکات پارتی بەرچاو ڕونانەتر مامەڵە بکات "کێشەی جیاوازی یەکیەتی و پارتی و جەمسەری ھێز لە دۆخی سەوزی نەمێنێ ،بیریش لە سود وەرگرتن لە ناکۆکی نێوان گۆڕان و یەکیەتیش نەکاتەوە، ھەموو ئەوەش لێی دەخوازێت جدی تر بکەوێتە گفتوگۆوە چونکە وەک خۆی لە پەیامەکە تێدەگات و ئەوەی لا ڕونتر دەبێت، کە کێشەی ھەست بە پەراوێز کەوتن و ناھاوسەنگی تەنھا ھی گۆڕان نیە، بەڵکو ھی خەڵکی تریشە، وە کورسیەکانی گۆڕان پشتیوانی بۆ پەیدا دەبێت و ئیسلامی یەکانیش لەم نێوەندەدا تەفەھومی دۆخەکە دەکەن، پارتی لە کۆڵ ئەوەش دەبێتەوە لە ڕێی ناسەقامگیری دۆخی سلیمانی یەوە " پەیامی سیاسی بۆ بنێردرێ. ھەرچۆنێک بێت ئەم ھەنگاوە وا باشە وەک خۆی بخوێنرێتەوە و تەوزیف بکرێت و بخرێتە خزمەت زەمینەساز کردن بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانی و چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە نەخشە ڕێگایەکی تەوافوق لەسەر کراو ..
لەپێناو کۆتایی ھێنان بەم دۆخە چەقبەستووە و گەیشتن بە ڕێکەوتن لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی و دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و چاکسازی و دابەش کردنەوەی ھێزەکاندا.
10/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ