وتار
بەڵێ یەکی لە سێدارە دراو
بكر جۆڵا

لەسەردەمی شێخ محمودەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ ھەوڵ و تێکۆشان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە, ئەو نوخبە سیاسیانەی تا ئەمڕۆ جڵەوگیری دەسەڵات بوون و مەغزاکانی پشت دەسەڵاتیشیان کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە بوە بە تێڕوانینەی خۆیان دەیانەوێت, وە دیموکراسی لایان ئەو حەبە پڕۆفینەیە تەنیا لەکاتی ئازارەکانی خۆیان بەکاری دەھێنن, ئەگینا کەمێک لەمەغزاکانیان لابدات ئیتر ئەمە فۆبیایەکە بۆ تێکدانی کۆمەڵگە.
بەڵێ, لای زۆربەمان بەڵێیەکی ئیحراجییە, بەڵێیەکە بۆ مێژوو وە تۆمارکردنییەتی بۆ نەوەکانی دوای خۆی بۆ ئەوەی لەسەریان نەبێت بە ماڵ, بڕوا ناکەم ھەموو ئەوانەی دەڵێن بەڵێ لە ناخی دڵیانەوە بێت چونکە نەک لایەنێک و دوو لایەن شایی و ھەڵپەڕکێی بۆ بکەن و ئەوانی تر شین و واوەیلایان بێت بەڵکو لەم قۆناغەدا ئەگەر پێویست بوایە ئەوا لە ھەموو ماڵێک بەجلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لێدەکرد.
بەڵێ, بەڵێیەکە لەسێدارە دراوە بەو تێڕوانینەم کە سەرکردایەتی سیاسی کورد زیرەکانە ھاتووەتە مەیدان و لەدۆخێکی ناھەموار و پەشێو لەژیانی ڕۆژانەیان, خستونییەتە نێوان دوو بەرداشەوە کە تێیگەیشتووە چۆن ئیجراجبونێک ڕوی ھاوڵاتیەکانی دادەپۆشێت.
بەڵێ تینوەتی دایکی جگەرسوتاو ناشکێنێ, بەڵام ناچاری و خەونی دەوڵەت وای لێدەکات, ئەو لەوە تێدەگات کە زوڵم و ستەم چەند ناخۆشە, بێدەرەتانی و بێنانی چەند ناخۆشە بەڵام ئەگەر لێی بپرسیت ئەمڕۆ کاتییەتی بێگومان دەڵێت نەخێر ھەر دایکێک و ھەر ڕۆڵەیەکی نیشتیمان پێموایە پێویست ناکات ھیچ بەرنامەیەکیشی بۆ بکەیت ناوچاوان گرژی و بێتاقەتی ئەو, پێناسەی ناسۆریش ھەڵناگرێت و ویژدانی پێت دەڵێت دەڵێم بەڵێ بەڵام بەڵێیەکی پڕ لەحەسرەت.
بەڵێ ھاوارێکە لەباڕوت دەچێت گڕ دەگرێ و ئەسوتێت گڕێکی پڕاو پڕ بەرپرسیاریەتی لە مۆڕاڵی مرۆڤیاتی بەتەواوی مانا, بەڵام ئەوانەی کەسە نزیکەکانیان ئاوێتەی خاکی نیشتیمان بووە پێتان دەڵێن, نەڵێین ئومێد و ھیوا و خۆزگە دەکەین بەڵکو دەڵێن بەڵێ فەرموون مادام لەم دۆخە نەخوازراوە ئیحراجمان دەکەن ئێوەش بنەماکانی ژیانێکی سەرەتاییمان لە ئاو و کارەبایی دەوڵەتداری پێشکەش بکەن.
ھاونیشتیمانیانتان دەڵێن, نەڵێن پاشخانی موچە و سیستەمی سکانی بارھەڵگر لە بازگەکان و پارەی خاشاک و زبڵ و ھەروەھا فلێکسی ناونیشانی دوکانەکان بکەن بە پرۆژە و دوای بەڵێیەکە بۆمان بکەن بەدیاری و جوانترین پرۆژەی دوای ڕیفراندۆم.
سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێت لەوە تێبگات ئەگەر ڕیفراندۆم بکات ئەوا قۆناغێکی مێژووی نوێ دەست پێ دەکات, وە ئەگەر ئەو مەوقیفەی ھاوڵاتییەکانی بە ھێند وەر نەگرێت و ئاھێک بەگەروە ماندوەکاندا نەھێنێت پێموایە لەم دۆخە نەخوازراوەی ئیمڕۆ ئەوا توشی لێکھەڵوەشانێک و پەرتەوازەییەکی گەورەی نێوخۆیی دەبین.
بەڵێیەکی بێدەنگ ھاوار دەکات و ساردی بەدەمەوەچوون لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک ھەست پێدەکرێت, ھەست دەکەیت خەڵک ماندووە ھەست ناکەیت ھەمووی لەمڕۆدا خۆشییەکانی ئەو ڕۆژەیە کە دەیویست, خەڵکانێکی زۆر ھیوایان بەڕۆژێک بوو کە بارودۆخیان لەکەشێکی گونجاودا بوایە بۆ ئەوەی دەنگی سەربەخۆیی سەمفۆنیایەک بوایە و ئارام و دەم بەزەردەخەنەیەک خەوی لێبکەوتایە نەک بەڵێیەکی لەسێدارەدراوی لە ناخی بخستایە.
11/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ