وتار
ریفراندۆم؛ سیاسەتی لەباربردنی خەونی دەوڵەت
کەمال چۆمانی

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوڕوپیی پێیگوتم “دژایەتییمان بۆ ریفراندۆم بۆ ئەوەیە ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێن. 
عێڕاق، بەھەرێمی کوردستانیشەوە، لەژێر چەتری پاراستنی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دایەو دەیپارێزین لەھەر مەترسییەکی ناوخۆیی‌و دەرەکیی.” منیش لێم پرسی: “ئەگەر ھەرێمی کوردستان ریفراندۆمی کردو دەوڵەتی سەربەخۆی راگەیاند، بەو مانایەیە کە ئێوە چیتر ھەرێمی کوردستان ناپارێزن؟” ئەو وەڵامێکی ئەوتۆی نەدایەوە، بەڵام رونە وڵاتانی ئەوڕوپاو ئەمریکا، دۆستایەتییان لەگەڵ سنوری نوێ نییە.
 
لەمێژوی دروستبونی عێڕاقەوە تا ٢٠٠٣، عێڕاق مەترسیی بوە لەسەر ھەرێمی کوردستان، دوای ٢٠٠٣ بۆتە دەرفەت. ئەو دەرفەتە، بەئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێتەوە مەترسیی.
 
تا ٢٠٠٣، وڵاتانی تورکیاو ئێران، تەنانەت ئەمریکاش، ھەمیشە کوردی عێڕاقیان وەک دەرفەت بینیوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدادو بەقوربانیکردنی کورد، دوای ٢٠٠٣ کورد خۆی عێڕاقی وەک دەرفەتێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیدی بەکاردەھێناو مەترسیی تورکیاو ئێران کۆتاییھات.
 
ئێستا، جارێکی تر کورد عێڕاق دەکاتەوە مەترسیی‌و خۆی دەکاتەوە دەرفەت بۆ مامەڵەکردن‌و فرۆشتن. تورکیا، ھەرچەندە لەژێرەوە لەپشت ریفراندۆمە، بەڵام دەرفەتێکیش دەبێت لەداھاتوی نزیکدا بمانفرۆشێتەوە.
 
ئەمریکا لە ١٩٩١وە ھەرێمی کوردستان دەپارێزێت. لە ٢٠٠٣وە پشتیوانییەکی بەھێزە. دوای ریفراندۆم، ھیچ ئاسۆیەکی رون نییە کە مانگی ھەنگوینیی کوردو ئەمریکا بەردەوام بێت. ئەمریکا رێککەوتننامەی ئەمنیی‌و ستراتیژیی لەگەڵ بەغداد ھەیە.
 
گرتنەبەری سیاسەت‌و کاتی ھەڵە بۆ بەدەستھێنانی خەونی گەورە، دەکرێت خەونەکە لەبارببات. [ئەوە بەو مانایە نییە من خەونی دەوڵەتم ھەبێت یان خەونی دەوڵەت بەخەونی گەورە ببینم].
12/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ