وتار
کەرکوک لەجەنجاڵی ریفراندۆم‌و ئەگەرە سەختەکاندا ‌
فەرید ئەسەسەرد

ھێشتنەوەی ئۆپەراسیونی رزگارکردنی حەویجە بۆ پاش کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیونی تەلەعفەر، لەھیچەوە نەھاتووە. بەغدا بە ئەنقەست ئۆپەراسیونەکەی بۆ مانگی ئەیلول ھێشتۆتەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی بەرێوەچونی ریفراندۆمی چاوەڕوانکراو ھەبێ.
 
ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بەبەشداریی کەرکوکەوە ھەیە لەریفراندۆم، لەھەلومەرجی ئەمڕۆدا کەرکوک لەژێر کاریگەریی سێ فاکتەر دایە کە دەشێ ئاسەواری خراپ، تا ئەندازەی پەکخستن، لەسەر کارایی بەڕێوەچونی ریفراندۆم بەجێ بێڵن. بەشدار نەبوونی عەرەبی حەویجە لە ریفراندۆم کەموکوڕییەکی گەورەیە کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەرنجی نەداوەتێ‌و بایەخی پێویستی پێ نەداوە.
 
ھەرچەند بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگا سەبارەت بەنیشاندانی رەزامەندی لەسەر بەشداریی پارێزگاکە لەریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەناو حەویجەی لێ دەرنەھێنراوە، بەڵام دەرچونی بڕیارەکە لەکاتێکدا کە حەویجە لەژێر دەسەڵاتی داعش دایە، شتێکی وای لێ ھەڵدەکڕێندرێ کە ریفراندۆم تەنھا ئەو بەشانەی پارێزگاکە دەگرێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە دان.
 
ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرفتێکی یاسایی لێ دەکەوێتەوە چونکە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا دەبێ ھەموو ناوچەکان بگرێتەوە نەک بەشێکی بگرێتەوەو بەشێکی دیکەی نەگرێتەوە. ئەمە ئەو فاکتەری یەکەمەیە کە لەڕوی سیاسی و یاساییەوە ئاسەوار لەسەر کارایی بەڕێوەچونی ریفراندۆم لە کەرکوک بەجێ دێڵێ.
 
فاکتەری دووەم بایکۆت کردنی ریفراندۆمە لەلایەن تورکمانەکانەوە. شەممەی رابردوو بەرەی تورکمانی رایگەیاند کە تورکمان بایکۆتی ریفراندۆمەکە دەکەن. دەبێ ئەوەش بەبیر بھێنرێتەوە کە تورکمانەکان بایکۆتی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگاشیان کردووە کە بڕیاری بەشداری پێ کردنی کەرکوکی لە ریفراندۆم تێدا دەرچووە. بۆیە بڕیارەکەی بەرەی تورکمانی لەمەڕ بایکۆت شتێکی تازەی تێدا نەبوو. بەڵام نابێ بایکۆتی تورکمان بە ھەند وەرنەگیرێ چونکە ئەم بایکۆتەو بەشداری نەکردنی عەرەبی حەویجە لە ریفراندۆم ئەو ئاکامەی لێ دەکەوێتەوە کە نزیکەی نیوەی پارێزگاکە بەشداری لە پرۆسەکەدا نەکا.
 
فاکتەری سێیەم کە لەھەموی مەترسیدارترە، ھەڕەشەی پەرەسەندنی گرژی‌و ھەڵگیرسانی شەڕە لە کەرکوک. ئەم مەترسییە دەبێ زۆر بە ھەند وەربگیرێ چونکە تا دێ جیددیتر دەبێ. بارزانی کە مەسەلەی ریفراندۆمی وروژاندووە، لە قۆناغە بەراییەکاندا ھیچ ئاماژەیەکی بۆ ئەگەری شەڕ نەکردوە. بەڵام سێ رۆژ لەمەوبەر، لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ BBC ، بۆ یەکەم جار ئاماژەی بۆ ئەو ئەگەرە کرد کە رەنگە ریفراندۆم شەڕی لێ بکەوێتەوە. ئەمەش، ئەگەر رویدا، پێش ھەر شوێنێکی تر، کەرکوک دەگرێتەوەو پاشان شوێنی دیکە دەتەنێتەوە. بۆچی بارزانی ١٧ رۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ئەنجامدانی ریفراندۆم باسی ئەگەری شەڕ دەکا‌و پێشتر باسی نەکردووە؟ رەنگە وەڵامەکە بەم جۆرە بێ کە سەرکردایەتیی کورد لە سەرەتادا پێشبینیی ھەڵایسانی شەڕی نەکردوەو درەنگ پەی بەو ئەگەرە بردووە.
 
بەھەر حاڵ، زیادبونی گرژی‌و ئەگەری ھەڵایسانی شەڕ لە کەرکوک، بەدڵنیاییەوە کاریگەریی ریشەیی لەسەر رەوشی ریفراندۆم لە کەرکوک بەجێ دێڵێ‌و ھەروەھا رەنگدانەوەی خراپی لەسەر رەوشی ریفراندۆم لەناو ھەرێمیش دەبێ.
 
ئۆپەراسیونی حەویجە بیانوویەکی گونجاوە بۆ کۆکردنەوەی ھێز لە دەوروبەری کەرکوک‌و نزیکبونەوە لە کەرکوک پێکدێنێ. ھەڵوێستی بەغدا بەرامبەر بە ریفراندۆم ھەر لە سەرەتاوە روون بووە. بەرپرسانی بەغدا لەسەر ئاستی بەرز سورن لەسەر رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم. بەڵام تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نیە کە بەغدا تا کۆتایی ھەر بە ڕەتکردنەوەی سەرزارەکی دادەکەوێ‌و ھەنگاو بۆ بەکارھێنانی فشاری زبرتر نانێ.
 
ھەر چۆنێک مەسەلەکە ھەڵسوڕێ، ھەر بەرەو ئەوە دەچێ کە ئۆپەراسیونی حەویجە، بەوەی کە ئاستێکی بەرزی گردبونەوەی ھێز بۆ بەغدا دەستەبەر دەکا، فشارێکی زۆر لەسەر کەرکوک دروست بکات.
 
ریفراندۆم کەرکوکی ھێناوەتەوە ریزی پێشەوە. بە کردەوەو لە ھەلومەرجی ئەمڕۆدا، چارەنوسی ریفراندۆم نە لە ھەولێر‌و نە لە سلێمانی، بەڵکو لە کەرکوک دیاری دەکرێ. ئەگەر ریفراندۆم لە کەرکوک شکست بێنێ، ریفراندۆم لەناو ھەرێم ھیچ بەھایەکی نامێنێ.
12/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ