وتار
کێ لەگەڵ بارزانی-یە دەست ھەڵبڕێ
محه‌مه‌د ره‌ئوف

ئێستا گۆڕەپانەکە بەتەواوی دەرکەوتووە، ئاراستەکان رون بونەتەوە، بارزانی سواری ئەسپی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی بووەو باڵی گرتووە، کێ دەچێتە ژێر باڵی ئەوا لەبەرەی نیشتیمان پەروەری‌و کورد پەروەرو ئەوەی لەدژیەتی خائین‌و جاش‌و خۆ فرۆشە، یاریەکە ھەر وا سادەنیەو تەنھا پەیوەندی بەریفراندۆم‌و سەربەخۆیەوە نیە، بەڵکو ململانێی ئیرادەو راستکردنەوەی شوناسی ھێزو لایەن‌و ئیرادەی تاکی کوردە لەبەرامبەر ھەژمون‌و کارتەکانی بارزانی، لەم دۆخە ئاڵۆزەدا چۆن بڕیار ئەدەی، لەگەڵ بارزانی یان لەدژی، ئەبێ بزانی لەگەڵ نەبون لەلای ئەوان واتا دەنگنەدان بەسەربەخۆیی‌و خوێنی شەھیدان‌و مانەوەی لەگەل مالیکی عەبادی‌و نوجێفیەکان، لەگەڵ بون لەلای ئەمانیش واتا دەنگدانتە بەئەزمونی حوکمرانی ٢٥ ساڵی دەسەڵاتدارانی ئەو ھەرێمەی وێرانکراوە، دەنگدانتە بەحوکمی ویراسی‌و بنەماڵەیی، دەنگدانە بەو بەرپرسە مافیایی‌و گەندەڵانەی کە خاک‌و ئاوو ھەوای کوردستانیان فرۆشتووە.
 
ئێستا بەرچاوی ھەمو لایەک رونە، یەکگرتو، سۆسیالیست، شیوعی زەحمەتکێشان خۆیان یەکلاکردۆتەوە کە لەگەڵ بارزانین‌و چونەتە ژێر ھەژمونی بەڵێ-کەی پارتی، لەملاشەوە گۆڕان‌و کۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا خۆیان تەسلیم نەکردووەو دەڵێن ناچینە ژێر ھەژمونی بارزانی، ھەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشە دڵی لای بارزانیەو جەستەشی لای جەماوەرەکەی سەرکردایەتیەکەی لەگەڵ بارزانیەو جەماوەرەکەشی دژ.
 
بارزانی داشەکانی دەجوڵێنیت‌و ھێندەی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی جومگەکانی کوردستانە ھێندە ئامانجەکەی سەربەخۆیی نیە، ئەو کارتەی لەدەستی ھێزەکانی تردایە سوتاندی کە دەیانویست لەدوای کۆتایی داعش‌و کەوتنی موسڵ، بەرامبەر بەبارزانی بەکاریبھێنن، ئێستا بارزانی یاریەکەی پێچەوانە کردۆتەوەو کەوتنی موسڵی لەبەرژەوەندی خۆیدا سوڕاندووە، بەجۆرێک بارزانی لەھێرشدایەو لایەنەکانی تر لەبەرگریدا، بارزانی خەریکە بەتەواوی ھێزو لایەنەکان قوت دەدا، لەکاتێکدا پێشتر بەیەکێتی‌و گۆڕان‌و یەکگرتوو کۆمەڵ‌و بزوتنەوەی ئیسلامی، پارتیان لەسوچێکدا تەوق دابو خەریک بو بیخەن، بەڵام دوای تەنھا دو ساڵ پارتی توانی یاریەکە ھەڵگەڕێنیتەوەو خەریکە تەواوی ھێزەکانی دەخاتە بەرەکەی خۆیەوە.
 
ئەم ھەژمونەی بارزانی بەسەر کوردستانەوە کە لەئێستادا بە ٣٨%ی دەنگەکانیەوە لەھەرێمی کوردستان سەرەرای ئەوەی تەواوی دەسەڵاتە باڵاکان‌و پۆستە ھەستیارەکان لەلای خۆیەتی خەریکە ئیرادەو بیری تاکی کوردیش کۆنترۆڵ دەکات بەناوی سەربەخۆیی‌و ریفراندۆمەوە، ئەم ھەنگاوەی بارزانی بۆ قۆرخکردنی تەواوی کوردستانە بۆ ئەوەیە تەواوی ھێزو دەنگە نارەزاییەکان بخاتەژێر ھەژمونی خۆیەوە، ئەوکات تەواوی ھێزەکان تەسلیمی ئیرادەی بارزانی دەبن‌و ئیتر کوردستان دەبێتە ھەرێمی بارزانی‌و وەک ئال سعودی سعودیە، ھەموو بریارو پۆستەکان لەلای خۆیان دەبێت، چونکە بارزانی دەمێکە کەڵکەڵەی بەسعودی کردنی ھەرێمی لەمێشکدایەو ئێستا باشترین ھەلە بۆ ئەوەی ھەرێمی ئال بارزانی دروست بکات.
 
بۆیە لەئێستادا دۆخە رونە ئیدی کاتی خۆ یەکلا کردنەوەیە کێ بەرگەی فشارو کارتە سیحراویەکانی بارزانی دەگرێت‌و لەیاری‌و فێڵەکانی دەگات‌و لەبەرامبەریدا دەوەستێت. کێش تەسلیمی ئیرادەی بارزانی دەبێت لەئێستاوە دەست ھەڵبڕێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1