وتار
ه‌سه‌له‌كه‌ جدییه‌ و پاشه‌كشه‌ش چاره‌سه‌ر نیه‌
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و دواتر ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پەردەی لەسەر ھەندێ شت لادا و دۆخەکەی خستە قۆناغێکی نوێوە. لەو روانگەوە حەز دەکەم ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکەم :
یەکەم : ئامانج لەو بڕیارە ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ھەرێمە و پەیوەستیشە بە ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئێستای عێراق و ململانێکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەتوانین لەم ڕوەشەوە لەسەر ئەم خاڵانی بووەستین:
• کۆماری ئیسلامی بە ھەرێمی راگەیاندووەکە ریفراندۆم یەکسانە بە لەدەستدانی ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ھەرێم. کە دیارە ھەڕەشەیەکی ناڕاستە و خۆی بەکارھێنانی ھێزە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ، چونکە بەدەر لەوە روونە پێشمەرگە و کورد بریاری پاشەکشەیان لەو ناوچانە نیە.‌ ھەموو ئەوەی تاکو ئێستاش پەنای پێ براوە بێجگە لە جەنگی دەروونی بۆ ئیرادە شکاندن و پاشەکشە پێکردن دەبێت ئەگەری پیادەکردنیشی لە داھاتوودا بە جددی وەربگیرێت. 
• نوخبەی حوکمڕانی عێراق سەبارەت بە مافی چارەنووسی کورد گۆڕانێکی جەوھەری بەسەردا نەھاتووەو بە ھەمان شێوەی بەعس و رژێمەکانی پێشووتر ئامادەی دەستبەرداربوون لە کەرکوک و ناوچە ناوچە کوردستانی یەکانی تر نیە، کوردستان لای ئەوان سنوری ھەرێمی کوردستانی پێش (٢٠٠٣)یە، ئەوەش دەریدەخات ھێشتا باوەڕی بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و عادیلانەی کێشەی کورد نیە.
• نوخبەی حوکمڕان لە عێراقدا یە کێشەی لەگەڵ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی باشوری لە سنووری جوگرافی پێش روخاندنی رژێمدا نیە. ئەمەش ئەو پەیامە بوو کە ئەنجومەنی کاتیی حوکمی عێراق بە وەفدی بزوتنەوەی راپرسی (ریفراندۆم) یان لە ساڵی (٢٠٠٥) دا راگە یاند. کە خۆم بەشداری وەفدەکە بووم، کێشەکە لای ئەوان ئەوسا و ئێستاش پەیوەستە بە سەربەخۆیی لەسەر ئاستی کوردستانی باشوردا ، واتە کەرکوک و ناوچە کوردستانی یەکانی تریش ب‌گرێتەوە.
دووەم : لەڕوانگەی خاڵی پێشوەوە ریفراندۆم کێشە نیە بەڵکو پەردە لەوسەر جەیوھەر و راستی کێشەکە دەردەخات و ماسکی بەرامبەر لادەبات . ریفراندۆم شەڕێ پێش دەخات کە کورد و گەلی کوردستان بە ئاشتی بێت یاخود گەرم ھەر دەبێت بیکات چونکە :
١. نوخبەی دەسەڵاتداری عێراق بڕوای بە گێڕانەوەی دەستوریانە و ئاشتیخوازانەی ناوچە کوردستانی یەکان نیە و ناچێتە ژێرباری پیادەکردنی ماددەی (١٤٠) ،مەگەر کاتێ تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات و خۆی چۆنی دەوێت بەرەنجامەکان بەو جۆرە لێبکات. واتە پەنا بۆ پیادەکردنی ساختەی ماددەکە بەرێت. ئەم ھەڵوێستەشی لەو قەناعەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە کورد و گەلی کوردستان ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی ھەر لە عێراق جیادەبنەوە و (ولاء) یان بۆ عێراق نیە، بۆیە دەبێت ھەر لە ئێستاوە ھەوڵی بچوککردنەوە و لاوازکردنی ئەو دەوڵەتە بدرێت کە لە داھاتوودا دادەمەزرێت .
٢. عێراق دوای کۆتایی ھاتنی جەەنگی داعش چاەپۆسی لە واقیعی ئێستای ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ھەرێم ناکات کە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە. بەڵکو دەیەوێت دۆخەکە بگێڕێتەوە بۆ پێش جەنگی داعش و تەنانەت خراپتریش ،بەوەی پێشمەرگە بوونی لە ناوچەکەدا نەمێنێ. ملنەدانی کورد و ھەرێمیش بەم خواستە بە ناچاری شەڕ و فشاری زیاتری لێدەکەوێتەوە. دەستبەرداربوونیش لەو ناوچانە بۆ ئێمە ھەروا کارێکی ئاسان نیە .
سێھەم : لەڕوانگەی خاڵی دووەمەوە مەسەلەکە سەبارەت بە ناسیونالیزمی کوردی و کورد و گەلی کوردستان ،کردن و نەکردنی ریفراندۆم نیە، بەڵکو مەسەلەی چارەسەر کردن و نەکردنی کێشەی کورد لە عێراق و دەستبەرداربوون و نەبوونە لە ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ھەرێم. واتە ئێمە وەک نەتەوە و گەلێکی خاوەن مافێکی مێژوویی و زەوتکراو و نیشتمان و ناسنامە مامەڵە دەکەین ،یاخود بسنسمان و دوکاندار و کورتکردنەوەی بابەتەکە لە ئاستێ لە خۆشگوزەرانی و پەرەپێداندا؟.
کێشەکەش لەوەدایە داخۆ کەس مافی ئەم دەستبەرداربوونەی لەم مافە ھەیە ؟ یاخود ئەگەر یەکێ ئەو مافەی بەخۆی دا، داخۆ ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری کورد وەک نەتەوە و گەلی کوردستانی باشوور و ناسیونالیزمی کوردی لە ئێستا و داھاتوودا، یاخود خەڵکانێ لە ئێستا و داھاتوودا پێی رازی نابن وبەوەش برینەکە بەردەوام خوێنی لێ دەتکێ و بە چارەسەر نەکراوی دەمێنێتەوە ؟ ئەو خۆشگوزەرانی یەی دەستیش دەخرێت لەژێر ھەڕەشەی تیاچووندا دەبێت، بۆیە رەنگە وا باشتر بێت ئەو شەڕ و ململانێ یە لە ئێستادا لەپێناو خۆمان و نەتەوەکانی ئایندەدا بکرێت وچیتردوانەخریت
چوارەم : ئێمە وەک وتمان لەم روەوە پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە،دەبیت ئاماژەکردنەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوە و سەردانی سلێمانی بۆ کوردستان بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆتایی بەجددی وەربگیرێت، بەڵام چارەسەر پاشەکشە و خۆترساندن نیە چونکە تەنھا کێشەکان ھەندێ دوا دەخات و شپرزەیش دروست دەکات، بەڵکوڕەوشەکە کۆمەڵێ شتی ترمان لێ دەخوازێت ، لەوانەش:
١. ھێزە کوردستانی یەکان بچنە ئاست گەورەیی تەحەداکانەوە و گوتارێکی یەکگرتوویان دەربارەی دۆخەکە و بەرامبەرەکان ھەبێت، چونکە دۆخەکە ھەندێ مشت و مڕی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ بە شێوەیەکی کاتیش بێت تێپەڕاندووە، وڵات بە کردەوە لە دۆخی جەنگدایە، گرنگیشە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ سەرەڕای ھەموو ڕەخنەکانیان لە ھەنگاوەکانی ریفراندۆم و دۆخەکە، بڕیارێکی بوێرانە بدەن و ببن بە بەشێ لە پرسی ریفراندۆم ،خۆ ئەگەر بە ھەر ھۆکارێکبێت نەگەیشتنە ئەو بڕیارە ،چاوەڕوان دەکرێت بەجیا یاخود بەیەکەوە بەیاننامەیەک دەربارەی دۆخەکە دەربکەن و ئاماژەی ئەوەی تێدا بکەن کە ئێمە سەرەڕای ھەر ناکۆکی یەکی سیاسی کە لەناو خۆماندا ھەمانە، زمانی ھەڕەشە لە گەلی کوردستان و ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ھەرێم رەت دەکەینەوە ، ئەو ناوچانەش لەڕووی میژوویی یەوە بە بەشێکی جیانەکراوەی کوردستانی باشوور دەزانین و ناتوانین مل بۆ واقیعێ بدەین کە سیاسەتە شۆفێنیستیانەی تەعریب خوڵقاندوویەتی ، ھەروەھا ناتوانین بەرامبەر ھیچ دەست درێژی یەکیش بۆ سەر گەلی کوردستان بێ باک بین لە کاتێکدا داوای بە ئاشتی چارەسەر کردنی کێشەکان دەکات، ھەڵوێستی فراکسیۆنی ھەردووکیشیان لە پەرلەمانی عێراق لەبەرامبەر بڕیاری رەتکردنەوەی ریفراندۆم جێگای ستایشە .
٢. سیاسەتێکی نیشتنمانی بەبەشداری خودی دەزگاکانی راگەیاندن، بۆ راگەیاندن لە کوردستاندا لەم قۆناغەدا دابنرێت، بۆ ئەوەی راگەیاندن نەبێتە سەرچاوەی پەرش و بڵاوی ریزەکان و ورە ڕووخاندنی خەڵک و گومانکردن لە ڕەوایی کێشەکەمان، بەوجۆرەی داڕێژەرانی جەنگی دەروونی بەرامبەر دەیخوازێت. لە دیموکراسیترین وڵاتی دنیاشدا لە دۆخی جەنگدا بەتایبەتیش کە وڵات لەبەردەم ھەڕەشەدا بێت بەو جۆرەیە.
٣. دەنگی (نەخێر) بۆ ریفراندۆم لە دۆخێکی لەم جۆرەدا با (ماف)ێکی دیموکراسیش بێت درێژەپێدانی بە شێوەی پێشوو ، خزمەت ناکات و چاوەڕێ دەکرێت سەرپەرشتتیارانی ئەو دەنگە ھەوڵدەن بەجۆرێ مومارەسەی ئەو مافەیان بکەن کە لەگەڵ دۆخی نائاسایی ئێستادا بگونجێندرێت . 
سێھەم : سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئیران گرنگە ئەوە بزانێت و ئەو پەیامەشی پێ ڕابگەیەنرێت ، کو گەلی کوردستان چاوەڕێی ھەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن دۆستەکانی ئێوەوە ناکات. وە خوانەخواستە ھەر جەنگێ ڕووبدات بمانەوێ و نەمانەوێ لەپاڵ رەھەندە نەتەوەیی یەکە ، بە حوکمی ناسنامەی مەزھەبی نوخبەی حوکمڕانی بەغدا و تاران و ململانی مەزھەبی یەکەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ، بۆ یەکەم جار رەھەندێکی مەزھەبی وەردەگرێت . کە ئەوەش بۆ ھەمووان و لەوانەش زیانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئیرانی تیدایە ، چونکە باشوری کوردستان لە ناوچە دەگمەنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە کە تاکو ئێستا مەزھەب نەبووە بە پێکھینەریکی ململانێکانی. ھەروەھا ھەر جەنگێ برینێکی قوڵ لەنیوان شیعە وەکو مەزھەب ( بە تایبەتیش گەر ھەموو ھێزەکانیان پشتیوانی شەڕەکە بکەن)و کۆماری ئیسلامی ئێران و نەتەوەی کورد و گەلی کوردستاندا دروست دەکات، کە ساڕیژ بوونی کات و خەرجی یەکی زۆری دەوێت .
لە کۆتایی دا پیویستە بڵیین نابێت گومانمان لە ڕوایی کێشەکەمان ھەبێت. داواکەمان داوایەکی ئەخلاقی یە. داوای ئەوەیە لە بەرامبەرەکان ئەوەی بۆ خۆتان بەڕەوای دەبینن بۆ ئێمەش بە ڕەوای ببینن، باکۆتایی بە ململانی و خوێنڕێژی لەسەر مەسەلەی کورد بێت، گرەو مەکەن لەسەر شکاندنی ئیرادەی کورد،چونکە گەر نەشتوانێت خۆی بسەپێنێت ، خۆی بەدەستەوە نادات، برایەتی و بەرژەوەندی ھاوبەشی گەلانی ناوچەکە . چارەسەری ئەم کێشەیەی دەوێت ، قەوارە دەست کردەکان پیرۆز نین و ئەوەی پیرۆزە مرۆڤ و مافەکانیەتی، ھەروەھا ئەوەی ئازاری قۆناغەکەشمان کەمتر دەکاتەوەە و سەرکەوتنمان مسۆگەرتر دەکات ، گیانی ھاوچارەنووسی و یەکڕیزی نیشتمانی یە، بۆیە گەر لۆژیکی خێڵیشمان ھەبێت دەبێت تا ڕەوینەوەی شەڕ و تارمایی ھەڕەشەی ھاوبەش، دژایەتی یەکانمان بۆ یەکتر سڕ کەین و ململانێکان بەحۆرێ ئاراستە کەین کە کەشتی یە ھاوبەشەکەمان بگەیەنێتە کەناری رزگاری ..
13/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ