وتار
ڕاگەیاندنی کوردی، چۆن دەیەوێت خزمەتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی کوردستان بکات؟
یاسین نادر ڕەحمان
                

ڕاگەیاندن لە کوردستاندا، دەسەڵاتی دووەم سەیر دەکرێت یان سێیەم یان چوارەم، فەرق ناکات چوونکە ئەم نازناو و مێتۆدانە لە مەر کاریگەری ڕاگەیاندن لە دونیای دەوروبەر و ڕادەی ئاگایی و وریایی و زانیاری بەدەستخستنی و بێلایەنی ئەو ڕاگەیاندنە خۆی دەبینێتەوە، ئیتر لەھەر کام لەم مێتۆد و ئەدای کاریانە سەرکەوتوو بوو، دەتوانرێت مۆرکێکی سەرکەوتوووانەی پێ بدرێت و بینەر و بیسەر دڵنیا لە زۆر شتی بێت.
تا ئەم ساتە کە نووسەری ئەم وتارو و پەیڤەم لە پڕۆسەیەکی وەک ڕیفراندۆمدا، دەمەوێت سەرنج و سەیرێکی ورد و سێرچێک بە کەناڵە کوردیەکاندا بکەم و لەبارەی کارو ئەدایان لە ھەنگاوێکی درێژ مەودای وەک سەربەَخویی و ڕیفراندۆمدا بخەمە ڕوو، بە شتگەلێکی نائاسایی و ناڕاگەیاندنی و ناپیشەییانە وەختە بەتەواوەتی دەگەم. 
ھەروەک دەبینین لە ئێستادا لە لایەن چەند کەناڵێکەوە بانگەشەی چرکەیی و خوولەکی و کاتژمێری ھەتا ڕۆژانەییشی  لە کاتی ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکرێت، لە کاتێکدا ئەم بانگەشە کردنە دەبێت ھەر لە ساتی بڕیای ٧/ ٦/ ٢٠١٧سەرەتای دەستپێکی بۆ ڕاگەیاندنی حیزبیی سەرجەم لایەنەکانە کوردیەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەی ٧/٦بوایاو کە بڕیاریاندا ڕیفراندۆم لە ھەرێمدا ئەنجام بدەن وکاتیشیان گونجاو و ھەل لە ئێستادا زانی، وە ھەر  لەو ڕۆژەشەوە نا..! چەند ڕۆژێکی پاشتر ئاوا ھەنگاوێکیان بنایا.
 گەر لایەنە سیاسییەکان لەو کۆبوونەوەدا کە بە گووتنێک دەگووترێت ھەندێکیان خاوەن ڕاگەیاندن و کەناڵی فەرمی نین خۆ ھەندێکیان بۆ نزیکەی پازدە تا بیست ساڵە خاوەن ڕاگەیاندنی فەرمیی حیزبین و پەیام و گووتەو زۆر ھەیمەنەی حیزبییان لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەیانەوە پاراستووەو خزمەتی چین و توێژ و لایەنگرو با بڵێین گشتیشی پێ دەکەن. 
بانگەشەی ڕیفراندۆمی لە ئێستادا بەس لە کەناڵە فەرمیی حیزبێکەوە وایی کردووە بەس نازناوی حیزبی پارتیبوونی زیاتری بەم پڕۆسەیە ببەخشێت و ھەموو کەناڵە عەرەبی و لۆکاڵییەکانی دونیا بە بیستراو و بینراوەوە چاودێری وردی ئەم کەناڵانە لە ئەداو گووتەی فەرمی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکان لە بڕیار  و گووتەی ڕەزا و ناڕەزا لەمەر ئەم پرسەیە دەکەن.
 باشە گەر پرسیارێک ئاراستەی ھەندێک کەناڵی حیزبیی تر کە پاڵپشتی بڕیاری ریفراندۆم دەکەن و کۆبوونەوە و گووتە نییە لەبارەیەوە لێدوان و ڕاو سەرنج وبۆچوون وەرنەگرن و نەیکەنە مانشێتی ھەواَڵییان، بۆچی وا نزیکەی١٠ تا ١٢ڕۆژی ماوە بۆ دەستپێکی پڕۆسەکە، وەک کەناڵە شیعەوسوونە عەرەبییەکان لە ھەڵمەتی ڕیفراندۆم دێنە بەرچاو، تا ڕادەیەکیش دەتوانم بڵێم ئەوانیش ھەر لە گوومان و سەرسامی و حاڵەتێکی ناڕەزابووندا کار دەکەن و ھەنگاو دەنێن. گەر لە کەناڵێکەوە ڕاستەوخۆ بێ ئەملاولا بانگەشەی "نەخیر"ی دەکرێت پێموابێت خۆی لەم ھەڵمەتی بانگەشەیە یەکلایی کردووەتەوە کە ئەو کار لەسەر "بەڵی بۆ ڕیفراندۆم" ناکات و بەڵام ئەی کەناڵێک بانگەشەی حیزبیی و کۆبوونەوەیی و سیکتەرەکانی تری پاڵپشتی ڕیفراندۆمن، وا کەناڵەکانیان دێنە بەرچاو کە نە دژی ڕیفراندۆمن نە بەڵێی ڕیفراندۆمیان پێ قبووڵە.
 ئەم سەرنجدانەش دەبێت لێ وردبینەوە لەبەرەی دژی ڕیفراندۆمی ھەمو کەناڵە شیعی و عەرەبیی و تورکی و فارسیەکانی دونیا لە دەرەوە و ناوەوەی ئەم گۆی زەوییە بەسەرنجدانی وردم لێیان تا ئێستاکەش، بۆ دژایەتیی ڕیفراندۆمی ھەرێمی یەکدەنگن و کار بۆ ئیفلیجکردنی ئەم پڕوسەیە دەکەن و لە بەرنامەی کاریاندایەو بەردەوامیشی ھەر پێدەدەن.
 ھەر زووش پەرلەمانتاران نوێنەر وەزیر و زۆر نوێنەری ترمان لە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراقدا بەوە گەیشتوون عەرەب بە(شیعەوسونیی)ەوە گەر لە ھەموو شتێکدا لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەتایبەت ناکۆک بن، لەھەنگاونانی دژی (کورد) ونەتەوەکەی یەک ھەڵوێست دەبن و ھەروەک لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق بینیمان یەکھەڵوێستییان بەرانبەر بەکورد ونەتەوەکەی وای کرد بە واژووی ٨٠ پەرلەمانتاریان دژی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بوەستن و لە قەناعەتی ئەوەشدا ھەر مانەوە با بژاردەی دەست واڵابوون بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەرۆکی ھێزە چەکدارەکانیشە، لە ھەر بڕیارێکدا دژی ھەرێم واڵابێت و ھەنگاوی کردەکی ئیتر سەربازی بێت یان بوارگەلی تر ، با دەست کراوە بێت و بمێنێتەوە.
ئێستا وەرن ھەر بەم نەفەسەوە کە نوێنەرانیان لە پەرلەماندا ئاوا ھەڵسوکەوت دەکەن، ئەی ڕاگەیاندنیان چ حەشر و حەشامات و ناشیرینی و نیگەتیڤ بیرکردنەوەییان بە ھۆی کەناڵە ڕاگەیاندنە بیستراو بینراوەکان و شرۆڤەکارە سیاسییەکانیانە بە نسبەت ھەرێمەوە لەبارەی سەربەخۆبوونیەوە ھەبێت.
دەبێت ڕاگەیاندنی کوردی چ بەوانەشی لە بەرەی "نەخێر" تەنانەتیش کاردەکەن و بانگەشەدەکەن و ھەنگاو دەنێن، نابێت لە بانگەشەییاندا بۆ ھەر ھەڵمەتێکی بانگەشەیی ئیتر بێت، ھەرێمی کوردستان و سیمبولە جوان و بەرزو پیرۆزەکانی لەکەدار و بریندار بکەن، چوونکە دواجار ئێمەش پەیامی یەکھەڵوێستی کوردیمان گەر پێ قبوڵەو خۆمان لە خزمەتی ئەجیندای دونیای دەرەوەدا نابینینەوە دەبێت نەفەسی کوردانەو ھەڵمەتی کوردانە و ڕیزگرتن تەنانەت لەکاتی ناکۆکی و نیفاقی سیاسیی سیمبوولیەتی کوردبوونی خۆمان لە دەست نەدەین و ھاوھەڵوێست لە کوردبوونی ڕاستەقینەمان بین و لە شاشەی تیڤییەکانمانەوە یان ھەر ڕاگەیاندنێکی بیستراو بینراومان، ئەبو ئیزارەئیل و ڕەگەزپەرەستە ناحاڵ و نەفام تێنگەیشتوەکانی ئەوان نەخەینە سەر شاشەکانمانەوە، پەیامی تەھدیدات و ترساندنەکانیان پیشانی بینەرمان بدەین.
ئیتر کات کاتی ئەوە ھاتووە ڕاگەیاندنی بەرانبەرت کە دژی کوردبوون و مرۆڤبوونیشتە، لە ھەر ئاراستەیەکی فیکری و سیاسییدا کە کار دەکەیت، دەبێت نەھێڵێت سەدمەی نەتەوەیی لە بواری ڕاگەیاندن و زۆر شتی تر، بە میللەت ونەتەوەکەت بگات.
گەر پێچەوانە کرداریش لە ئەجیندادایەو مەبەستداریەکانی سەرەوە لە ئامانجدارێتی ڕاگەیاندن لە کایەی نەتەوەیی لە کوردستاندا لە مەبەستدا نییە، ئاوا ڕاگەیاندنێک( بیستراو بینراو) ھی ھەر ئاراستەیەکی( حیزبی وناحیزبی) بێت، دەبێت پەیامی جیدی ھاونیشتیمانیی کوردی بە لایەنگر و بێلایەنییەوە لە بەرانبەردا ھەبێت و بەگوێیاندا بچرپێنرێت، کە لە پرسیی نەتەوەیی و بانگەشەیی ڕیفراندۆمیتان خۆتان یەکلایی بکەنەوەو پەیامی (بەڵێ)تان بۆ ناونیشان و نازناو بەرژەوەندی وەدەسکەوتی حیزببیە یان نا خزمەتی سەربەخۆیوونی گەلێکی بێ دەوڵەت دەیەوێ بکات، کە وا ئیچستاکە نایبینن و بە کوورتی نایەتە بەرچاو. 
بەوانەشی کە لە ڕاگەیاندنی بەرەی نەخێرن یان ھیچ کام لەم بەرانەن(بەڵی و نەخێر)، دەبێت ھێڵە سوورەکانی کوردبوون و نەتەوەی کورد بزانن و خزمەتی ئەجیندای دەرەکی خوانەخواستە لە پەیام و گووتەیان بەرچاو نەکەوێت ،کە ئەمە ھێڵی سوورەو دەبێت خۆیان لە ڕیزی ڕاگەیاندنی بێگانە ھژمار بکەن، کە ئەمەش ھەنگاوە مەترسیدارەکەیە کە لە ھەر دوو بەرەی ئێستایی ڕیفراندۆمدا دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت............ھتد
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ