وتار
داھاتووی کەرکووک لە پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم
یاسین نادر ڕەحمان

لەماوەکانی ڕابردووداو لە وتارێکمدا کۆمەڵێک مەترسی پەیوەست بە کەرکووک وەکوو " تەگەرەخستنی وڵاتانی زلھێزی جیھان و  ھێزەناوخۆییەکانی عێراق و بوونی پێکھاتەی ئەم شارەو تەھجیر و تەعریب کردن  و قۆناغی ئاساییکردنەوەو و سەرژمێری و  پاش ئەمانە باسی ڕیفراندۆمم خستە ڕوو، و لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکانیی پەیوەست بەناوچە دابڕاوەکان و مادەی ١٤٠ی تایبەت بەم ناوچانەو تەبابوونی ھێزە سیاسییەکانی کوردم لەم ناوچانە بە پشتیوانی پێشمەرگە و پێکھاتەی زۆرینەی کوردی ئەم شارە ھەردەم لە ڕوانگەدا دانابوو، کە کورد لەم ناوچانە لە ئەنجامدا خۆزگە بە چ شتێک دەگات و دەیەوێ بگات.
 چوونکە ھەر لە ساتی ھەڵکردنی ئاڵای شەکاوەی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای ئەم شارە کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن و لە کۆی ٤٤کورسی ئەنجومەنی ئەو شارە ٢٦کورسییان بەدەست کوردەوەیە، ئاماژە ترسناکەکان بۆ لایەنە عەرەبییە شیعەو سووننیەکان و تورکمانەکان ئەو شارە دروستبوو کە گەر فریا نەکەون لە ڕێگای دەسەلاتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی وەزیران و بگرە سەربازیشەوە، کەرکووک وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەندی خاوەن یەدەگی نەوتی ٩ملیاری بەرمیل نەوتی جیھان، چیتر لە دەست و بەندی حکوومەتی عێراقی و بەکوورتی عەرەبی عێراقدا دەردەچێت.چوونکە ئاراستەکانی دەسەڵاتداری پاش شەڕی داعش لەم شارەدا بەڕای عەرەب و تورکمانەکان وای پیشانیداوە کە چیتر کەرکووک کورد سەربەخۆ مامەڵەی سیاسیی و ئیداری و دارایی و سەربازیشی دەکات.ئێستا بەم دۆخەوە کە باسمان کرد سەرچاوەی کێشەکان لەم شارەدا نە دوێنێ و ئەمڕۆکە نەبووە بەڵکوو دیارە ڕەگێکی مێژووییان ھەیە.
 گەر ئەم ئاماژانەی سەرەوەش لەبارەی کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکانەوە پەیوەست بە بڕیاری ڕیفراندۆمی ھەرێم لەماوەی ئەم دوو مانگەدا بکەین کە لە  لایەن ھێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بێگوومان ھەر دەبوو چاوەڕوانی بڕیارگەلی دژبەری لە لایەن عەرەب و نەتەوەکانیترەوە بەو ئەزمونەی کە باسمانکرد لە دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەو شارەو لە ئاستی دەسەڵاتدارێتی عێراق وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیەوە بین.
 ئیتر بڕیاری بەپەلەو تەواری کە بەرانبەر، دوژمنێکی سەرسەخت و کوڵنەدەر، سەیر بکات، تێپەڕاندنی ھەموو سنوورێکی دۆستایەتی و قەومیی و نابەرپرسیارانەی ڕابردوویشی بەدواوە دەبێت، کە ھەروەک بینیمان سەرەتا ئاستی بڕیاری نەتەوەیی گەلێکی ستەمدیدەیان بەبڕیارێک لە دژی ڕیفراندۆکەی و بێ دەسەڵاتدارکردنی دەسەڵاتدارانی ناوچە دابڕینراوەکانی گرتەوەو بێباکانە نەک نوێنەرایەتیی حیزبە کوردیەکانیان لە ناوەندێکی وەک پەرلەمان گوێ لێنەگیراو  سەیر کرد بگرە ھەر لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ھەڵویستی عەرەبە شوڤینیەکان بە سوننەو شیعەیانەوە ئەوەی بۆ ھەموان ڕوون کردەوە کە کورد ھەرگیز بە سەدان ڕێکەوتنی ئەمریکی و بەریتانیش بێت، چیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە لە ئەدای کاری سیاسیی عێراقیدا تەعامول بکات، کە ھەردەم خۆی خاوەندار و پێکھاتەی غەیرە عەرەبی وەکوو کورد بەتایبەت، کرێچی و ملکەچی فەرمانەکانی دەزانێت و ئامادەیە ھەموو سنوورێکی نایاسایی و بگرە سەربازیشی بۆ تەفروتوناکردنی ببەزێنێت.
 ھەروەک ئاماژەکان دەریدەخەن شەڕی ئامادەکاری پاش داعش بۆ ئەوان، شەڕی کوردان بۆ ئەوانە. کە لەم نێوەندەشدا  گەر ئێمە باسی شەڕی ئەوان لەسەر کەرکووک و ناوچەکانیتر لەم دۆخەدا دەکەین و پاش بڕیاری لادانی پارێزگاری ئەو شارەو دژایەتیکردنی بەردەوامی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەماوەکانی ڕابردوو لە لایەن ئەوانەوە، چیتر کورد قۆناغی سەربەخۆبوونی کەرکووک تێدەپەڕێنێت، چوونکە ئاماژەکان بەمشێوەی خوارەوە وا پێشان دەدەن:
١-پاش لادانی پارێزگار لە پەرلەمانی عێراقەوە، پارێزگاری ئەم شارە بە نەفەسێکی نەتەوەییەوە ئەوەی بە ڕاگەیاندنەکان گووت: کورد چیتر لەبارەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی کە پێشمەرگە بە خوێن و گیان پاراستوونی ناچێتە ژێر فرمانی دەسەڵاتدارنی بەغداوەو بڕیارە ھەرێمییەکانی قیادەی کوردی گوێدەگرێت.
٢-ھەرچەندە مقۆمقۆی ھێزەسیاسییەکانی ناوخۆ لەھەرێمدا تا ئێستاش ھەر جێی باسە، بەڵام چوونە دەرەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی کورد لە کۆبوونەی پەرلەمانی بەغدا لەسەر مەسەلەی کەرکووک و ناوچەکانیترو  بەیاننامەی حیزبیی ھەموو حیزبەکانی کوردستان لە پشتیوانی کەرکووک و پارێزگارو ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە ئەوەی دەرخست کە کورد پەیامی گەڕانەوەی یەکجاری کەرکووکی بۆ باوەشی کوردستان ھەیە، وە ڕیفراندۆم بکرێت و نەکرێت کورد خۆبەرێوبەری لەم شارە بە پاراستنی مافی نەتەوەکانیتر پەیڕەو دەکات.
٣-کورد چیدی لەم ناوچانەدا ترسی تەداخولی ھێزی دەرەکی نییە، چوونکە لە لایەک بەرژەوەندییە سەقامگێرێتی و ئابووری و سەربازیەکانی خۆی و ئەوانیشی پاراستووە، لەلایەکی تریشەوە ئەمنیەتی ئەوشارە لە مەبەستی زلھێزە ڕزگارکەرەکانی عێراقدایەو پاراستنی بەرژوەندیەکانیان، کە سوپاو سەردەمدارانی پێشووی عێراق لەپێش ھاتنی داعش نەیانتوانی لەو ئاست ومتمانەیدا بن و پارێزگاری لەم ئامانجە ناوخۆیانە نە بۆ خەڵکی شارەکەوە نە ھاوپەیمانان بکەن
" ئاماژە"
کورد نابێت بە پێکھاتەی سیاسی حیزبییەوە لەم ناوچانەدا بە نەزانم ھەڵەکاری و زۆرشتی ترەوە تەبایی خۆی بە ھۆی تەداخولکردنی بێگانەی ناوخۆیی و دەرەکی لەدەست بدات و لەمڕۆدا دەبێت بەھەموو لایەنە سیاسییەکانەوە پشتیوانیی و پشتگیری لە ئەنجوومەنی پارێزگاری ئەو شارەو کار بەدەستە کوردەکانی بکات، مادەم ئێستاکە باسی سەربەخۆبوونی نەتەوەی کوردە، ھەڵبژاردنی داھاتوو با لە ژێر ڕکێف و پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ھەرێمدا چیتر لەم شارەو ناوچە دابڕاوەکانیتر بکرێت و سەرجەم جومگە ئیداری و سیاسیی و سەربازیی و ئابووریەکانی بەڕێوە ببرێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ