وتار
ھەنگاوە یاسایی یەکـانی بوون بەدەوڵەت
پارێزەر: لوقمان مصطفی


لەمێژووی کورددا گەلێک رێککەوتن و پەیماننامەی ژێر بەژێر و ئاشکرا و بەرژەوەندیخوازانە لەنێوان داگیرکەرانی کوردستان و ھێز و دەوڵەتە زلھێزەکانی ناوچە و جیھان دژ بە نەتەوەی کورد بەگشتی ھاتۆتە ئاراوە کە زۆربەی ئەو ھاوپەیمانییە لەراستای داپڵۆسین و سەرکوتی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردو لەھێندێک بڕگەی زەمەنی بۆ پاکتاو و جینۆسایدی رەگەزیش بووە.
رێککەوتننامەی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣ز، لەمێژووی ھاوچەرخدا لەنێوان تورکیای تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو و زلھێزەکانی ئەو سەردەمی بەریتانیاو فەرەنسا واژۆ کرا. ئەوەی کە لەم رێکەوتنەدا رویدا، جارێکی تر فریوخواردنی رێبەرانی کورد بوو بە بەڵێنییەکانی سەرانی تورک وەک مستەفا کەمال و عیسمەت ئینۆنۆ کە زۆر بەسانایی توانیان بەدانی ھێندێک بەڵێنی لاوەکی رێبەرانی کورد بخڵەتێنن و ئەم رێککەوتنە پرۆژەی زلھێزەکان و دەوڵەتانی داگیرکەر لەو سەردەمەدا کە پاش شۆڕشی ١٩١٤ز روسیاو کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی ١٩١٨ز و دواتر دابەشکردنی ناوچەکانی پێشووی ئیمپراتۆری عوسمانی وڵاتانی شکستخواردووی جەنگی یەکەمی جیھانی لەنێو خۆیاندا دابەشکرد، بەیەکێک لەرووداوە گرنگەکانی دادەنرێت، پەیمانی لۆزان جگە لەئێران و تورکیا، عیراق و سووریاش بوون بەخاوەنی ناشەرعی دوو بەشی تر لەکوردستان.
 تاھەنوکە بزاڤی رزگاریخوازی کورد لەخەباتدایەو خوێنی لێدەچۆڕێ، بەردەوام لەھەوڵ و چاوەڕوانی ئەوەدا بووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نەتەوەیەکی زیندوو و ستەملێکراو بیناسێت و سوود لەو بڕیارو ھاوکاریانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت کە لەساڵی ١٩٥٠ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە داوای لەلیژنەی مافی مرۆڤ کرد راسپاردە سەربارەت بەرێگەو شێوازی جێبەجێکردنی مافی چارەنووس دەستنیشان بکات. لە ١٦/١٢/١٩٥٢ بڕیاری ٦٢٧سەبارەت بەمافی چارەنووس دەرچوو، داوا لەوڵاتانی ئەندام لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە ئەو مافە بۆ گەل و نەتەوەکانی دیکە بسەلمێنن و رێزی لێبگرن. لە ١٤/١٢/١٩٦٠ بڕیاری ١٥١٤ سەبارەت بەسەربەخۆیی نەتەوەو وڵاتە داگیرکراوەکان دەرچوو.
 ئیدی لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ دەیان بڕیارو راسپاردەی دیکە سەبارەت بەمافی چارەنووس لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکانەوە دەرچوون، ئەوەش پشتیوانی و ھاندەرێکی باش بووە بۆ ئەو نەتەوەو وڵاتانەی کە داگیرکراون یان بەزۆرەکی بەوڵاتانی دیکەوە لکێندراون، بەڵام دەکرێ بڵێین کە لەدوای ١٩٩٠ دا کارکردنی ئەو مافە لەزۆر شوێنی جیھاندا بەرچاوتر بووە، لەو رێیەوە دەیان گەل و وڵات بەسەربەخۆیی گەیشتوون. 
دوایین نموونەش باشووری سودان بوو کە لەو ماوەیەی پێشودا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناسراو بوو بەئەندام لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. 
پرسی دروستکردنی دەوڵەت تەنھا بەدەستێک یان تەنھا کەسێکی دیاریکراو ناکرێت، بەڵکو دەبێ ھەماھەنگی و ھاوسەنگی دروست بکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، باشترین ئەزموونیش لەو قۆناغەدا کە کورد دەتوانێت سودی لێ ببینێت ئەزموونی جولەکەکانە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بۆ نموونە لەھەر کەسێک بپرسیت دەڵێت ھۆڵۆکۆست پرۆسەی کۆمەڵکوژیی جولەکەکان کە شەش ملیۆن جولەکەی تێدا بوو بەقوربانی، ھۆکاری سەرەکی پشتگیریی نێودەوڵەتیی بووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، زۆرجار ئێمەی کوردیش دەڵێین ئێمەش ھەڵەبجەو ئەنفالمان ھەیەو دەتوانین بیکەینە ھۆکارێک بۆئەوەی جارێکی تر جینۆساید نەکرێینەوە، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە کە بۆچی ئێمە ناتوانین بەو ھۆکارەوە ببینە دەوڵەت و سەربەخۆبین؟ ستراتیژ‌و ئەزموونی دروستکردنی دەوڵەتی جولەکە لەم ڕووەوە جێگای تێروانین و خوێندنەوەیە.
 تیۆدۆر ھێرتزل لەساڵی ١٨٩٧دا لەوەدا سەرکەوت زۆربەی گروپ‌و رێکخراوەکانی جولەکە لەشاری بازل لەسویسرادا کۆبکاتەوەو پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەتێکی جولەکەیان لەگەڵدا گەڵاڵە بکات. 
ھێرتزل لەیاداشتنامەی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت «لەبازل دەوڵەتی جولەکەم دامەزراند، بەڵام ئەگەر بەدەنگی بەرز ئەمە بڵێم ھەموو دونیا گاڵتەم پێدەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە پەنجا ساڵی تر ھەموو کەسێک ئەم دەوڵەتە دەبینێت». رێک پەنجا ساڵ دواتر‌و لەساڵی ١٩٤٧دا پێشبینییەکەی ھێرتزل ھاتەدی‌و نەتەوە یەکگرتووەکان دەوڵەتی ئیسرائیلی تازە دامەزراویان لەفەلەستیندا وەک ئەندام قبوڵکرد، بەڵام لەماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا جولەکەکان ھەموو شتێکیان کرد بۆ دروستکردنی ئەو دەوڵەتە، لەناردنی ھەزاران ھەزار جولەکەی ئەوروپییەوە بۆ فەلەستین، لەکڕینی چەک‌و حەشاردانی، لەکڕینی زەوییەوە لەعەرەبەکان، لەدروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ ھێزە گەورەکانی دونیادا‌و لەھەمووشی گرنگتر رێگرتن لەدروستبوونی ھەموو دابەشبوونێکی نەتەوەیی‌و ناوەکی، یان رێگرتن لەتەقینەوەی ئەو دابەشبوونانەو گەیشتنیان بەپەلاماردانی یەکتری.
لەگەڵ ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستانن و ئێستا سەربەخۆن و ئەندامن لەرێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکان بۆ ئێمە گرنگە سوودیان لێوەرگرین خوێندنەوەی وردیان بۆ بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ ھەموو ھەوڵەسیاسی جۆرەکانی تری خەبات کردندا پێویستە لەئێستادا ئەم ھەنگاوە دیپلۆماسی و یاسایییانە بنرێت:
-لەڕووی کاری دیپلۆماسی و یاساییەوە فشار بخرێتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە شومەکەی لۆزان.
- داواکردن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادە یاسایییەی بڕیاری ١٥١٤ ساڵی ١٩٦٠ سەبارەت بە سەربەخۆیی نەتەوە و وڵاتە داگیرکراوەکان کە دەرچووبوو.
 - دەرخستن و ئیبرازکردنی سەرجەم بڕگەو مادەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ وەک بەرگریکارێک لەنەتەوەیەکی ستەم دیدەی دەستی چەوسێنەرانوداگیرکەرانی. 
-بەفەرمی ناساندنی باشووری کەردستان وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆمامەڵەی لەتەکدا بکرێت تابەفەرمی سەربەخۆیی رادەگەێنێت.
 - لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا ریفراندۆم بۆ مەبەستی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت. 
- رەزامەندی و پشتگیری بەریتانیا و فەرەنسا لە ھەموو دەوڵەتان زیاتر گرنگترە چونکە ئەوان پێشتردەستێکی باڵایان ھەبووە لەدابەشکردنی کوردستان. 
- دڵنەوایی کردنی دراوسێکانی ھاوسنووری کوردستان کە سەربەخۆیی کوردستان نابێتە جێی مەترسی بۆ ئەوان و ئایندەی ناوچەکەش لەمەترسی شەرو ئاشوب دوردەکەوێتەوە.بەڵام ئایا لە کوردستان ئەم ھەنگاوانە ھەڵھێنراوە.!؟ چونکەئەم ھەنگاوە دیپلۆماسی و یاسایی یانەی کە باسمان کرد و ھەروەھا ئەزموونی گەلان کە گەیشتون بەسەربەخۆیی، لەگەڵ سەرجەم ھەوڵەکانی تری سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەگەر نیەت ومەبەستی ڕاستەقینەیان بۆ سەربەخۆیی ودامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت ئەوەبێگومان نزیک دەبینەوە لەبەدەستھێنانی کورسی ژمارە ١٩٢ی نەتەوە یەکگرتووەکان  وسەربەخۆیی کوردستان دەبێتە ئەمری واقع وئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەشەکێتەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123