وتار
ھەوڵی سیاسیی بۆ ڕیفراندۆم چیتر بەسە؟ با گەل بڕیار لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆبوونەکەی بدات!!
یاسین نادر ڕەحمان

دروست تا نووسینی ئەم وتارە نزیکەی چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ ڕیفراندۆمی ھەریمی کوردستان ماوە سزا قوورسەکان بۆ ڕاگرتنی بڕیاری ڕیفراندۆمی لەو پەڕی تەشەسەندنیدایە. بە ڕای من سیاسییەکان بەدژ و غەیرە دژەکانیەوە چیتر ھیلاک بوون بە دەست سەردانی وەفد و دەعوەتکردن و بانگھێشتکردنی ئەم ھەموو بەژەوەندیخوازانەی جیھان و دەوروبەرەوە، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بڕیاری ناڕاستەوخۆ لەمبارەیەوە دەدەن، کە لە پەسای ھەر کامیاندا فێڵ و کەڵەکەبازییەکی دیپلوماسیانە خۆی شاردووەتەوە.
 لەم ماوەیەدا وتارو گووتە نەما بە ھۆی بارزانی و سەرکردەکانی تری باڵادەستی کوردستان نەکرێت لە بارەی ڕیفراندۆم و مافخورانی گەلی کوردەوە، کەچی ھیچ کامیان نەیتوانی تا ئێستاکەش قەناعەتی سیاسیی بەتەواوەتی لە ناوخۆ دروست بکات و نە لە دەرەوەش توانیی پشتیوانییە بەھێزەکان لە ( وڵاتانیی دراوسێ و ئەنجوومەنیی ئاسایش و ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و ناوەندەکانی تری پەیوەست بە سیاسەتی ڕۆژھەڵات) بە دەست بێنێت تا ڕیفراندۆمی ھەرێمی بە بێ تەنگ و چەڵەمە بەدواوە بێت و بەڕێوە بچێت؟
 گەر ھەموان ورد ببنەوە ھەموان ھەر دەڵێن باجە قورسەکەو دۆخە خراپەکە لە پاش ڕیفراندۆمی ھەرێمی، بەرۆکتان دەگرێت. کە ئەمانەش ناڕاستەوخۆ ئاماژەی شەڕو ئاژاوەو فیتنەی ناوکیی و دەرەوەی لێ دەکرێت کە دەیانەوێت بە تەھدید و ترساندن لەمبارەیەوە، لەمپەر دروستکەر لە بەردەم سەربەخۆبوونی گەلێکی شایستە، لەم پڕەنسیڤەدا بکەن. 
 وا ھێدی ھێدی لە ئاستی ناوخۆیی وڵاتی عێراقدا لە پۆستە باڵاکانی عێراق وەختە دەستپێدەکەن تا بە ئاستی پچڕانی پەیوەندی لە سیکتەرەکانی تری ئابووری و سەربازی بگرە کە ڕێخۆشکەر بۆ ھاتنە ناوەوەی میلیشیا مەزھەبییەکان و بەناو ڕیکخراویتری سەربازی مەزھەبی و ھاوکاری ڕێکخراوە تیروریستییەکانیش بەھۆی سنوور واڵاکردنەوەش بێت، پێموابێت لە داھاتوودا ناوەستن.
 لەم کاتەشدا دەنگۆی ھەستانەوەی شەقامیی عێراقی دژی ھەرێمی کوردستان ھەروەک پێشبینیی دەکرا  ھەر لە ئارادا بوو و کەس تەسەوڕ و وێنای ئەوەی نەدەکرد کە ڕەنگە ئاوارەگەلێک کە لە سنووری نەینەواو فەلووجەو باعقوبەو زۆر ناوچەیتر لەم ھەنگاوی دژێتییەدا بەشدار بن و ھیچ نەبێت نەمەک حەرام لەماوەی دوو سال خزمەتکردنیان دەرنەچن و پشتیوانمان لە سەربەخۆبوونی گەلێکی خزمەتکاری لە حەقی ئەواندا بن.
 کەچی وا دەبینین ئەمە لە ئێستادا پێچەوانە بووەتەوە وا ھەڕەشەی کوشتن و زۆر شتی ترمان لێدەکەن و خەڵکی ناوچەکانیتری عێراقیش ھاوشێوەی نەمەک حەرامێتی خۆیان لە دژی کوردستان، وا ھان و قان دەدەن.
"مێژوو سەلماندوویەتی ھیچ وڵات و زلھێزو حیزبێکی دونیا گەر ئیرادەی میللەتی لە پشت نەبێت ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێک لە بەرژەوەندی ئەو میللەتە بنرێت"
لە ئێستادا من چیتر ئەوە لە زەینمدایەو دەیڵێمەوە: سەرکردەکان، حیزبەکان باڵادەستەکان و ئەنجوومەنەکانی ڕیفراندۆمی و سوڵح و ئاشتەوایی..!! ھەموان چیتر با بوەستن، با گەل و ھاوڵاتی ئەم کوردستانە لە دەرەوەو ناوەوە، لەمڕِۆوە لەم کاتەدا گەر سەوداو خەیاڵی جوادیی و سەربەخۆیی و بەماف گەیشتنی لەم ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا دەبینێتەوەو لە بەرژوەندی دەزانێت، با بڕیاری خۆی بدات.
چیتر خۆی با قسەی خۆی لە شەقامدا بکات و ھەوڵە سیاسییەکان بە باش بێت یان خراپ بە پوزەتیڤ بێت یان نیگەتیڤ بە ئوپوزوسیۆن و بە دەسەڵاتدارییەوە کە وا خەریکە بە بنبەست دەگات و فشارێکی زۆر تەنانەت ھەیە کە کورد بە ھیچ  ئامانجێک نەگات، واز لێ بێنێت. 
گەر ھەموان ڕازین ھەروەک چۆن ئەدای دژَایەتیمان دژی ناعەدالەتیی نێوخۆیی ھەبووە با ھەر لە ئێستاوە بە گەلی عێراق و دونیاو ھەموو گەلانی تری دونیاش بڵێینەوە:
 لەم ساتەوە واتە ٦٠ کاتژمێرەی ماوە بە سەپاندنی مەرج بە سەر دەسەڵاتدارنی حیزبی و حوکمدارێتی لە ھەرێمدا، ئەوە بەھەموان بڵێینەوە: چیتر ئێمە لەسەر شەقام پاڵپشتی بۆ خۆمان و سەربەخۆبوونمان دەکەین و مێژوومان و خەباتمان وشەھیدانمان پشتیوان لەم قسانەمانە.
 چیتر حیزب و ھەیمەنەی سیاسیی حیزبی و حکومیی  با لە ئێستادا سەیرکەری دۆخەکە بێت و ھەموو بزانێت گەر دۆخێک بێتە پێشەوە کە ھەموومان بریندار بکەن و ئیھانە بە ماڵ و منداڵ و سوکایەتی بە زۆر پیرۆزیمان و خزمەتکردنمان بکەن، ئەوە خۆمان نەک بە دەنگدان بەڵکوو بە خوێنمان مێژووی سەربەخۆبوونمان لە شەقامیشدا بێت دەنووسینەوەو ئەنفال وکیمیاباران و بە ناحەق کوشتنی و جێنوسایدەکان لە حەقماندا لەبیر ناچێت و لەمڕۆوە جووڵەی شەقاممان دژی ئەوانەن کە لە جێی ئێمەدا بڕیارمان لەسەر دەدەن و ھەموو ڕۆژێک ھەڕەشەی کۆشتنی ناحەق و بڕیاری میانمار ئاسایانەمان لە مافماندا بۆ دەدەن. بۆیە گەر کاتێکیش شیاو بێت و تەندروست بێت و لەجێی خۆیدا بێت، لە ئێستادا...
" کاتی ھاتنی سەرشەقام و خەڵکی سەرشەقام و ھەموو مرۆڤێکی کوردە لە دونیادا کە نەھێڵێت ھێڵە سوورەکان لە حەقیاندا چ لە بەرەی سیاسیی و چ ژیانەوەی بێت لە کوردستاندا ببەزێنرێت" وە ئەوە بە دونیا بلێتەوە:
" ئیرادەی میللەت لێرەدا حاکمە، گەر گەل نەبێت ھیچ توخمێکی سیاسیی بەرناگرێ و بەزوویی دەکەوێت و ئیتر ناوخۆیی بێت یان دەرەکی".
بۆیە ڕێکخراو وناڕیکخراو، ھەموو چین و توێژەکان بەوانەشی سیاسییەکی مەدەنی خۆیان لێ دەڕوانن با لەمڕۆوە بچینە سەرشەقام و بەرەی گەل لە دژی ھەوڵی سەربەخۆییمان لەم چەند کاتژمێرەدا ڕابگەیەنین و پشتیوانی و پاڵپشتێتی خۆمان بۆ سەربەخۆبوونمان کە لە ئامانجمانە بە دونیا بگەیەنین.      
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/09/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ