وتار
لە ھەولێرەوە بۆ بەغدا!
ئومێد بابان


ئەو چەند ساڵەی ڕابرد، بە تایبەت دوای ھەردوو کابینە ھەشت ساڵییە شکستبردووەکەی مالیکی و دواتریش کابینە بەناو گشتگیر
بنکەفراوانەکەی عەبادی، نە ھاوبەشی لە دەسەڵاتدا پەیڕەو کراوە و نە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانی ھەر پێنج پارێزگاکەی ھەرێمیش، خێروبێریان لەو کابینانە نەبینیوە و بە پاساوی جیا و بۆ مەبەستی سیاسی و شتی دیکەش، ھەم سزا دراون و ھەم لە کێشەگەلێکەوە تێوە گلێندراون کە لە ئەرزی واقیعدا گرفتی ئەوان نییە و ناشبێت.

ئەوەی جێی پرسیار و تێڕامانە، سەرباری ھەموو ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدادا ھەن کە مێژووەکەیان بۆ چەند ساڵێک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و بە گەنگەشە و دیالۆگ ھیچ بابەتێک چارە نەکراوە، بۆچی دیسان نوێنەرانی خەڵکی کوردستان (ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق) گاڵ دەدرێن بچنەوە بەغدا؟ 

بەغدایەک کە خەریکە شەڕی شیعە و شیعە، سوننە و شیعە تێیدا بەرپا دەبێت و شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە خەتەردایە، چ پێویستییەک لەوەدایە دیسان کورد ناوماڵیان ڕێک بخاتەوە و بەھانایانەوە بچێت؟
ئێستا کە بوودجەی حکوومەتی ھەرێم و مووچە و تەنانەت قوتی ھاونیشتمانیانیش لەلایەن بەغداوە گل دراوەتەوە، ئامادەیی ئەندامانی کورد لە بەغدا، چی لە ھاوکێشەکە دەگۆڕێت؟ 

لە ڕاستیدا، پێشتر بەغدا بێمنەتانە سەرجەم کارتەکانی گوشاری بەرامبەر حکوومەتی ھەرێم و خەڵکەکەی بەکار ھێناوە و ئێستاش کە دواھەناسەی دابەشبوون دەدات، تا ئەو کاتە پێویستی بە کوردە کە دەگاتەوە سەر سکەی جارانی، لەوێ بەولاوە دەبێ ھەمدیسان سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و بگرە خەڵکی ھەرێمیش، وەک ھەمیشە باجی ناکۆکییە مەزھەبی و تایفییەکانی نێوان شیعە و شیعە، سوننە و شیعە بدەن و بەس.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
15/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ