وتار
پەرلەمان و دیموکراسیەت لە ۱۲ ی ئۆکتۆبردا
تێکۆشەر حسێن

کاتێ نەوشێروان مستەفا لە ۱٦ ـ نیسانی ۲۰۰۹ بۆ ڕۆژنامەی ( شرق الٱوسط ) ی لەندەنی لێدوانی دا سەبارەت بەشداری کردنیان بە لیستێکی تازە و جیاواز لە تەواوی پارتە سیاسیەکانی تر بۆ نێو پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ۲٥ ـ ۷ ـ ۲۰۰۹ .
بۆیەکەم جار بوو پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم پێ بنێتە نێو قۆناغێکی جیاوازەوە ، ئەویش دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن و یاخوبونێکی مەدەنیانە بوو ، ئامانجیش لێی گۆڕینی سیستم و چاکسازی بوو لە تەواوی سێکتەرەکانی حوکڕانی لە وڵات .
دوای قۆناغی دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و چاودێر بەسەر حکومەتەوە بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکەمین کۆنگرەدا کە لە ۲٦ ـ ۱۲ ـ ۲۰۱۳ دا بەسترا ، بڕیاری دا بۆ خولی داهاتوو بە پڕۆژەی " بەرەو دەسەڵات " بێنە نێو پڕۆسەی هەڵبژادنەوە ، بۆ ئەوەی لە ڕێی حکومەتەوە بۆ قۆناغی دووەم کە گرتنە دەستی دەسەڵات بوو ئەویش خۆی لە چەند وەزارەتێک بینیەوە بۆ ئەوەی بتوانن دەسکەن بە ڕێکخستنەوەی دامەزراوە حکومیەکان لەڕێی کار و پڕۆژەکانیانەوە .
هەروەها لەڕێی پەرلەمانیشەوە چاودێر بن بەسەر ئەدای حکومەت و گومرگ و خاڵە سنوریەکان و نەوت و سامانی سروشتی و عقودەکانی تایبەت بە قوت و دات و بژێوی خەڵک و مووچە و بودجە .
ئیدی دەسەڵات بە کەمتر لە ساڵێک تێگەیشت کە فیعلەن هێزێکی تازە هاتوە دەیەوێت هەرێم بە موئەسەسە بکات ، دەیەوێت دەسەڵاتی حزب لە حکومەت جیا بکاتەوە ، هێزێکە هاتوە دەیەوێت حزب ئاوت بکات لە ناو حکومەت هێزی پێشمەرگە بەچەند قۆناغێک ڕێک بخاتەوە چیتر لە ژێر فەرمانی حزبدا نەمێننەوە ، هێز و دەسەڵاتەکانی حوکمڕانی هەمووی بێتەوە پێگە ئەسڵی یەکە ، لە بری ئەوەی حزب وەسیلەیەک بێ بۆ بە تاڵان بردنی داهاتی ووڵات ، لە بری ئەوەی لە ڕێی چەند کۆمپانیایەکی حزبی بە برا بەشی وڵات بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بکەن ، ئەبێ حکومڕانی ڕاستەقینە دەسەڵاتداری ڕاستەقینە و کارا بێ .
گۆڕان ئەیەوێت بە پشت بەستن و سود وەرگرتن لە حکومڕانی وڵاتە تەواو دیموکراسیەکان سیستمێکی تازە پیادە بکرێ لە وڵات کە خۆی لە سیستمی پەرلەمانی دەبینێتەوە ، ئەیەوێت شکۆ بۆ تەواوی دامەزراوە شەرعیەکان بگێڕێتەوە و لە ژێر هەیمەنەی حزب بێتە دەرەوە ، دەستورێکی دیموکراسی باڵا دەست بێ بۆ هەریەک لە دەسەڵاتەکانی ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) نەوەک شەخسی قائد دروستکات و دەستاو دەستی سیستمی پاشایەتی بکات بە میرات بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەمانە نەهج و بەرنامە و پڕۆژەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بوون ، ئیدی بە کەمتر لە ساڵێک ئەو هێزە سیاسیە لە ڕۆژێکی ڕەش و خیانەت و کودەتا بەسەر دیموکراسیەت لە ۱۲ ی ئۆکتۆبەردا لە پەرلەمان و حکومەت بە بڕیارێکی حزبی نێردرانە ماڵەوە ، ئێستا دوو ساڵ تێپەڕ دەکات بەسەر کودەتاکە ، لەو ڕۆژەوە ( دیموکراسیەت ) لە هەرێم نەک هەر کەوتبێتە ژێر پرسیارەوە بەڵکو ئەویش دەمامکی خۆی فڕێ دا و پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی خۆماڵیش هەڵماڵی .
ـ ژمارەی دیمانەکەی نەوشێروان مستەفا بۆ ڕۆژنامەی شرق الاوسط 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1