وتار
نیشتمانی من
تێکۆشەر حسێن

ھەست دەکەم ھەندێ جار دەمەوێ شتێک بڵێم ، ھەندێک جاریش دەمەوێ شتێک بنوسم ، بەڵام مەخابن دزەکانی وڵاتەکەم ھێندە بە ئەزمونن ھەست و ڕازو نیەت و توانای ھەموومانیشیان دزیوە .
لەم نیشتمانەی منا کە وەک جەنگەڵستانێک وایە ( گوێدرێژ ) ێک دێت ئامۆژگاری ( کەڵەشێر )ێک ئەکا و پێی دەڵێت بەرلەوەی بێیتە نێو نیشتمانەکەی من ئەبێ فێری ئەوە بیت بانگ دان بە ھەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە ھەرچی پیاسە ھەیە ، ھەرچی لوتکە ھەیە ، ھەرچی ھاوار ھەیە ، ھەرچی ئازادی ، دیموکراسی ، کورسی ، ئەمانە ھەموویان قەدەغەن لێرە ، بەڵێ قەدەغەن .
دنیابوو ئەگەر یەکێکتان نیشتمانێکتان بینی گەلێکی بەختیار و ھۆشیار بە ئاڵایەکی ڕەنگ سوری ئاڵ بەخوێنی شەھیدان کە لە ناویا خۆرێک ھەبوو ھەڵگری ۲۱ تیشک بوو ، ئەشەکایەوە ، ئینجا دەوڵەتەکەشیان ناو نابوو ( کوردستان ) ئەوا ھەرگیز نەکەن شتی وابکەن بیدرکێنن و ئاھەنگی دەوڵەتەکە سازبکەن ، وامەکەن مەرگی خەونە لە مێژینەییەکەتان بەچاوی خۆتان ببینین ، چونکە یاسای گەردوون وایە خەونەکانیش لە چرکەساتی بەدیھاتنیان ماڵئاواییمان لێدەکەن.
چ نەنگیەکە پەنجە ئەخەیتە سەر ھەر شتێک ، ھەر دزیێک ، ھەر گەندەڵی یەک ، ھەر ئازادیەک ، ھەر دادپەروەریەک ، ھەر دیموکراسیەتێک ، ھەر ھەڵبژاردنێک ، ھەر موقەدەساتێک ، ھەر پەروەردەیەک ، ھەر زانکۆیەک ، ھەر ھاوینەھەوارێک ، ھەر سروشتێک ، ھەر ڤێلایەک ، ھەرکێڵگەیەک ، ھەر بۆڕیە نەفتێک ، ھەر تانکەرێک ، ھەر خیانەتێک ، ھەر شەنگالێک ، دەوڵەتی ھەر بەھارێک ، نوکی ھەر قەڵەمێک ، ھەر سەردەشتێک ، ھەر سۆرانێک ، ھەر کاوەیەک چ لە گەرمیان بێ یاخود کوێستان ، چ لەشاخ بێ یاخود شار ، ھەر ....ھەر.......... ھتد
دیسانەوە دەوڵەتەکە دەڵێنەوە ، دیسانەوە قەوانی شەرعیەتی شاخ و شۆڕشگێڕی لێئەدەنەوە ، دیسان و دیسان و دیسان 
کەچی ھەر چەپڵەشیان بۆ لێ ئەدەنەوە !
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
15/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1