وتار
وەڵامێکی گشتگیر بۆ دۆخەکە: ئەگەرە لۆژیکیەکانی ئەم دۆخە کامانەن؟
شه‌ريف هه‌ژارى

بەڕێزان دۆخەکە و لێکەوتەکانی چەندین ئەگەری ھەیە، ھەولەدەین ئەگەرە لۆژیکیەکانی دەرھاویشتەکانی ئەم دۆخە، لە خوارەوە بخەینەڕو:
-
١- ئەگەرێک ئەوەیە: لەم دۆخەدا شەڕی ناوخۆی بێتەبون. بەتایبەت ئێران و، بەشێوەی گشتی تورک و مالیکی، ھەولی ھاتنەدی ئەو شەڕە دەدەن. 
ھەربۆیە بەتایبەت ئێران ھانی ئەوانە دەدات کە ھاو-ئاڕاستەی ئەجێنداکانین لە ھەرێم، بۆ ئەوەی ئەو شەڕە خۆکوژیە ترسناکە بێتەبون، کە ھەمو شتێ لە ناو بچێ. 
بۆیە ئەرکی ھەر کوردێکی نەتەوەیی دژە-تالانکاریەکانی پارتیی-یەکێتییە کە لەم ساتەدا گوتارێکی نەتەوەخوازانەی ھەبێ و، پەیامەکانی ڕێگربێ لەو زەمینە ترسناکە خۆکوژییە.
-
٢-ئەگەرێکی دیکەی ئەم دۆخە، بە دیفاکتۆبونی ئەم دۆخەیە. 
بەو مانایەی: ئێستا کە سوپای عێراقیان ھێنایە (کەرکوک-دوز و خانەقین) لەولاشەوە (شنگال و مەخمور). ئیدی ئەمە ببێتە دیفاکتۆ و بەغدا موچە بنێرێت. 

لە دیفاکتۆیەکی ئاوھادا: پارتیی شوێنگە جێگیرەکانی خۆی (ھەولێر و دھۆک)ی بۆ ماوەتەوە. خۆشی بەباشی تێدا جێگیر کردووە.

لەم لاشەوە یەکێتیی سلێمانی بۆ ماوەتەوە. 
بەلام لای یەکێتیی (بزوتنەوەی گۆران، کۆمەل، لیستی بەرھەم سالح، حسک، بزوتنەوە، یەکگرتو، کۆسرەت رەسول-مەلا بەختیار و ھتد)یش ھەن. 
بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیەکی زۆر دوری سیاسیی بۆ نەکەین، ئەوا ئەستەمە لەم دیفاکتۆیەدا جێگیریی سیاسیی بێتەبون. چونکە یەکێتیی قورسایی جەماوەری نەماوە (بەتایبەت پاش لە دەستدانی کەرکوک-خانەقین-دوز و، جیابونەوەی: ھاودیدەکانی بەرھەم سالح و، ناڕەزایی: بەرەی کۆسرەت-مەلا بەختیار). 

لە دۆخێکی وادا، یان: دەبێت یەکێتیی واز لە ھەمو شتێک بێنێ و دیموکراسیانە پۆستەکانی بداتە ئەو لیستانە (لە ئەگەری ھەلبژاردنی داھاتوی ھەرێم دا)، یاخود: دەبێت ئێران چەند کورسیەکی پێ ببەخشێت. لەو ئەگەرەش دا لیستەکانی ناوچەی سڵێمانی قبولی ناکەن کە کورسی بە یەکێتیی بدرێ و، ھەر لە دەسەلات بمێنێ. بەمەش ھەر ناوچەی سلێمانی ئاڵۆزی تێ دەکەوێت. 
بە ئەستەمیشی ئەزانم ئێران بتوانێ ھەمو ئەم لیستانەی ناوچەی سلێمانی ڕێکبخات دژی پارتیی. چونکە دەبێت ئەم لیستانە بەپێی سەنگی جەماوەری ھەلبژاردنەکانی داھاتو پۆستیان پێ بدرێ، گەر یەکێتیش پۆستیان پێ بدات بەپێی ڕێژەی دەنگەکانیان، ئەوا مەگەر بە ئیستیحقاقی ھەلبژاردن یەکێتیی تەنھا یەک بۆ دوو قایمقامی ھەبێ لە ھەمو ناوچەکانی (سلێمانی-ھەلەبجە-گەرمیان). یەکێتیش ئەمە قبول ناکا و، ئالۆزیی و ناجێگیریی دێتەکایەوە. چونکە ھێزەکانی دیکەش بێ-بەشکردنیان قبول ناکەن. 
-
٣-ئەگەری سێیەم ئەوەیە: دۆخی (کەرکوک-خانەقین-دوزخورماتو) نەتوانرێ سەقامگیر ببێ. تەعەداکردن لە کەرامەت و شەرەفی کورد و، سوتاندنی ماڵەکانی کورد ھەزم نەکرێ و، بەریەککەوتن بێتەکایەوە. 

بەو مانایەی: دانیشتوانە کورد و سونەکەی بچەوسێنرێنەوە لە لایەن حەشد-پاسدارانەوە و، ھەر خودی حەشد-پاسداران ڕێکەوتنە نھێنیەکەیان لەگەڵ ئەو باڵەی یەکێتیی جێ بەجێ نەکەن. 
بەمەش کەشێک دەخولقێنێت، (بەپلە) سەرکردەکان گەر تۆزقاڵێک غیرەتیان تێدا مابێ ئەوا دژە-ھێرش بێتەکایەوە. لە ئەگەری دژە-ھێرشی ڕزگاریخوازی کورد دا، کەمەری حەشد-پاسداران و بەرەکەیان بشکێنرێت!
-
٤-ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە: ئەمریکا دان بۆ ئێران دابکا، بۆ ئەوەی ئێران غرور بکرێ و، ھێدی-ھێدی نەک ھەر بەسەر (شنگال-کەرکوک-خانەقین و دوزخورماتو) بونی ھەبێ، بەڵکو بەگشتیی دەست بکات بە جینۆسایدی دژبەرانی خۆی لە تەواوی ناوەڕاست و باکوری (عێراقی سەر کاغەز دا). 
لە کەشێکی ئاوھادا، زەمینە بۆ ئەمریکا بڕەخسێت کە ناڕەزایی نەیارانی ئێران و، تاوانە جەنگیەکانی حەشد-پاسدارن بقۆزێتەوە بۆ دژە-ھێرش و پاڵپشتی کردنی پارتیی-کۆسرەت ڕەسوڵ-سونە بۆ پڕوکانی یەکجاری ئەجێنداکانی ئێران.
-
٥-ئەگەری پێنجەم ئەوەیە: ھەروەک ڕونە و خۆشیان نایشارنەوە کە باڵی خاوەن دەسەڵاتی یەکێتیی ھەستان حەشد-پاسدارانیان ھێنا بۆ (کەرکوک-خانەقین-دوز). لەبەرنبەردا، ئەمەش ببێتە ھۆی ئەوەی پارتیش سازشی گەورەتر بۆ (ئێران-مالیکی) بکات. لەم ئەگەرەیان دا بەتەواوی دۆخەکە دەبێتە ھی ئێران. 
ئەم ئەگەرەی پێنجەم نالۆژیکییە. چونکە ھەم ئەمریکا ئەستەمە بھێڵێت (عێراقی سەرکاغەز) بە ھەمو سنور و خاکەکەی ببێتە کۆڵۆنی ئێران، ھەم لەم ئەگەرەدا نفوزەکانی تورکیا-سعودیە-ئەوروپا بەتەواوی لە (عێراقی سەرکاغەز) لەناو دەچێت. بۆیە ئەم ئەگەرە (ئەگەری پێنجەم) زۆر لاوەکییە کە بێتەدی، بەڵام ویستم ھەر ئاماژەی پێ بدەم، ھەرچەندە ئەگەرێکی زۆر لاوازیشە.

٦- ئەگەری ھەیە: شۆڕشی جەماوەریی دژی پارتیی-یەکێتیی و، بەتایبەت دژی ئەو سەرکردانە بێتەکایەوە کە بوونە ھۆی فرۆشتنی (کەرکوک). لەم ئەگەرەیاندا ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پشتیوانی جەماوەری ناڕازی بکەن. بەلام ئەم ئەگەرەش لەبەر چەند فاکتێک ھەر سەختە بتوانێ پارتیی-یەکێتیی ڕاماڵێت. بەتایبەت بەھۆی لاوازیی و ناتەبایی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و گوتارەکانیان و، قۆزتنەوەیان لە لایەن دەولەتانی ئیقملیمی و، نەبونی ستراتیژێکی سەربەخۆیی ڕاماڵێنەری بەرپرسە فاسادچی و ھەلاتوەکان!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1