وتار
ئەمریکا لە نێو کێشەکانی ھەرێم و بەغدا
دانا مەنمی

ویڵسۆن ئەو سەرکردە کاریزمایە بوو دوای کۆتایی ھێنانی جەنگی یەکەمی جیھانی ( کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان) ی پێکھێنا ، ئەویش بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکی نێوان وڵاتان و نەتەوە جیاجیاکانی جیھان ، لە ڕێگەی گفننوگۆو دیالۆگ لێکتێگەیشتن و چارەسەری ئاشتییانە دوور لە شەڕو بەکارھێنانی ھێزو گەڕانەوە بۆ یاسایی نێودەوڵەتی ، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دامەزرا بۆ ئەوە بوو کە وەکو ڕێکخراوێکی بێلایەن و سەربەخۆ کاربکات و ھەوڵی چارەسەر کردنی کێشەو گرفتەکان بدات ، ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەوە دامەزرا کە وەکو ناوبژیوانێک نێوەندگیری بکات و لایەنگری ھیچ ولات و نەتەوەیەکی پێوە دیار نەبێت و نەبێتە داردەست و کەرەستەو ئامرازی ھیچ حکومەت و وڵاتێک ، لەم بوارەشدا ھەنگاوی باشی ناوەو کاتی خۆی زۆر کێشەو گرفتی چارەسەر کردووە ، بەڵام ئێستا کە تەماشا دەکەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێکخراوەی جاران نییە کە بێ لایەنی کار بکات .
بەڵکو ئێستا وەککو گۆچانێکە بەدەستی ئەمریکاوە بەرژەوەندییەکانی خۆی پێ دەپارێزێت ، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە ئامرازێک بە دەستی ئەمریکاوە چۆنی بوێت ئاوا ھەڵیدەسوڕێنێت ، ھەر بڕیارێک کە لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان دەربچێت ، ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نەبێت ئەوا یەکسەر کپ دەکرێتەوە ، ئەمریکا ھەرلە کۆنەوە نەتەوە یەکگرتوەکانی خستووەتە ژێر ھەژمونگەری خۆی و کۆنترۆڵی کردووە ، لەڕابردوش لەسەردەمی دابەشبوونی جیھان بەسەر ھەردوو ئایدۆلۆژیایی ( سۆشیالیزم و سەرمایەداری ) دا ململانێیەکی توند لە نێوان ( ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت ) دا ھەبوو لەسەر بڕیارو ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان .
بەڵام دواجار ھەر ئەمریکا دەیبردەوە ، چونکە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ھەردوو ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەبوو ، ئەمریکا وەکو ھێزێکی گەورەو زەبەلاح پاش جەنگی جیھانی دووەم  ھاتە مەیدانەکەوەو پەیدا بوو ، ھۆیەکەشی ئەوەبوو کە ئەمریکا لە گۆڕەپانی جەنگ دوور بوو ، ھیچ زیانێ:ی بەرنەکەوت کە ژێر خانی ھەڵتەکێنێت و لە ڕووی ئابوری و سەربازییەوە لاوازی بکات ، چونکە پاش کۆتایھاتنی جەنگ و بەرقەراربوونی ئاشتی لە جیھاندا ، دەوڵەتانی بەشداربوو لە جەنگ شەکەت و ماندوو ھەڵتەکاو بوون لە جەنگ ، بۆیە پێویستیان بە ماوەیەکی زۆر ھەبوو تا وزەو توانایان بێتەوە بەرو دەزگاو دامەزراوەکانیان بنیات بنێنەوە ، ئەوەش فرسەتێکی باش بوو بۆ ئەمریکا وەکو زلھێزێک کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی دابنێت ، دوای کۆتایھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی ئەمریکا وەکو دەوڵەتێکی بەھەیبەت و خاوەن چەکی ئەتۆم و ھێزی سەربازی بە توانا و ئابوری و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ھاتە نێو گۆرەپانی سیاسەتی نێودەولەتی ، لەبەرامبەریشدا یەکێتی سۆڤیەت بە خۆی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی و تەکنەلۆژیایەکی گەورەی سەربازییەوە ھاتە مەیدانەوە .
بەڵام ئەوەی زیاتر ئەمریکای لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوری بەھێزتر کرد ، ئەوە بوو کە وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا زیاتر خواستی چوونە پاڵ و مەیلی ئەمریکاییان ھەبوو ، ئەو ولاتانە ھەرزوو ھەستیان بە مەترسی کۆمۆنیزم کرد ، بۆیەشە ھەرزوو ڕوبەڕوی بونەوە ، بۆ ئەو مەبەستەیش سیستەمێکی بەرگرییان پێکھینا بە ناوی ( ناتۆ ) پاشان لە ساڵی (١٩٥٢ ) بوو بە ڕێکخراوێکی سەربازی بەرفراوان ، پاش ڕوخانی بلۆکی سۆشیالیزم و ھەرەسھێنانی ئەزموونی کۆمۆنیستی ھیچ ھێزێک نەما بتوانێت ململانێی ئەمریکا بکات ، ئێستا دەتوانین بلێین ئەمریکا خاوەنی دەسەڵاتێکی کاریزمایە و ھەموو ئیرادەیەک لەبەردەمیدا سفر دەبێتەوە ، ئەمریکا لە ڕێگەی چەمکەکانی دیموکراسی و لیبراڵی و مافی مرۆڤ سیستەمی نوێی جیھان توانیویەتی کلتور و فەرھەنگی خۆی بسەپێنێت ، ئێستا ئەمریکا لە ڕووی ئابوری و سەربازی و تەکنەلۆژی تاکتیکی جەنگەوە بەھێزترین ھێزی دنیایە ، ھەموو وڵاتێکی ئەم دنیایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی پەنا بۆ ئەمریکا دەبات کە یارمەتی بدات ، بۆ نمونە کێشەی( تورکیا و قبرس – تورکیا و پەکەکە – تورکیا ھەرێمی کوردستان – کێشەی یوگسلافیا و سوریا و ئێران وسعویە و بەحرەین و ئەفغانستان و پاکستان ) زۆر دور نەرۆین و بگەرێینەوە ھەرێمی کوردستان لە ڕابردوو کێشەی کێشەی ( کوردو بەعس – کوردو ئەنسارول ئیسلام – شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی – روخاندنی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ و ئینجا کوردو نەوت – کوردو داعش – کوردو ڕیفراندۆم – ئیستاش کوردو کەرکوک و ھاتنی حەشدی شەعبی )ھەموو ئەمانە خوێندنەوەی خۆیان ھەیە و بە سەدان وتارو ناگەینە کۆتایی ، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە ھەموو کێشە سیاسییەکانی دنیا سەرەداوەکەی لە دەستی ئەمریکادایە و لەوێوە دەحوڵێندرێت و ئەوەی بیەوێت ھەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدات بەمەرجێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی بگونجێت ، ئەوەشی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا نەگونجێت ھەر بە چەقبەستووی و بەستەلۆکی دەمێنیتەوە .
کەواتە ئەمریکا چ لەسەردەمی ویڵسۆن و چ لەسەردەمی ئۆباماو ئیستاش لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دا ئەو ھێزە گەورە زەبەلاحەیە کە لە ڕووی سیاسی و تەکنەلۆژیای سەربازییەوە ھاوشانی نییە و بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەرێت ، جارێکیان وەزیری بەرگری ئەمریکا لەکۆلێژی ( ویست بۆیند ) گوتبووی " ئەمڕۆ لە جیھاندا ھیچ ھێزێک نییە لەگەڵ ھێزو توانای ئەمریکادا بەراوورد بکرێت ، ھیچ دەوڵەتێکیش نییە لەسەر نەخشەی زەوی بتوانێت شانی خۆی لە شانی ئەمریکا بدات ، بۆیە بە ئاسانی دەتوانین ھەرچی بمانەوێت ئەنجامی بدەین ".
ئێستاش کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ نزیک دەبینەوە و ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم گۆڕانێگی جێوسیاسی دایە ، عێراق بەم ھەموو قەیرانە ئاڵۆزو پڕ مەترسییانەوە بۆشایی گەورە لە نێو پێکھاتەکانی عێراق و قەیرانی سیستەمی سیاسی یاسایی و دەستوریمان ھەیە ، گرنگترین بۆشای ئەمنی یە ، عێراق لە ئێستادا بووەتە مەیدانی ساغکردنەوەی حیساباتی سیاسی و دەستێوەردانی ولاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ، لەرابردوو کشانەوەی لیستی عیراقیەو ڕاوەدونانی تاریق ھاشمی و چەندین سەرکردەی تر و شەڕی تائیفی دروست بوو ، لەکوردستانیش کێشەی قەیرانی دارایی و خنکاندنی ئازادی وتیرۆرکردنی نوسەرو رۆژنامەنوسان و مامۆستایانی ئاینی و کێشەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم و  کە ڕوداوەکانی ٢٣ی حوزەیران و ١٩ی ئاب و ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و دواجار داخستنی پەرلەمانی کوردستانی بەدواداھات ، پاشان کیشەو قەیرانەکانی نیوان ھەرێم و بەغداد و کیشەی کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت و گەڕان بە دوای نەوت دا قەیرانی مەترسیدارن و ئەزمونی سیاسی و حوکمرانیەتی کوردی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە ڕیکەوتنی چەند رۆژی لەمەوبەر کە لەنێوان ( عێراق و ئێران تورکیا ) بە ھەماھەنگی ئەمریکاو بەرچاوی ھاوپەیمانانەوە پەلاماری شاری کەرکوک دراو کەمتر لە رۆژێک شارەکە ڕادەستی ھێزەکانی حەشدی شەعبی کرا ، کەرکوکییەکان دوجار پەلامار دران جارێک داعش و ئەمجارەیش حەشدی شەعبی لەھەردوو پەلامارەکەدا ھێزە فشەڵەکانی پارتی و یەکێتی ھەڵھاتن و ھێندەی لەخەمی بیرە نەوتەکاندا بوون ھێندە لە خەمی کەرکوکییەکاندا نەبوون ، ئێستاش کاڵفام و دەمشڕەکانی نێو یەکیتی و پارتی ھێندەی لە ھەوڵی تاوانبارکردنی یەکترو جنێو تۆمەت بۆ یەکتر دەھۆننەوە ھێندە لە خەمی چارەسەرکردنی کیشەکان و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردیدا نین .
دەسەڵاتی کوردی جورئەتی ئەوەی نییە کێشە و گرفتە نێوخۆییە کەڵەکە بووەکانی چارەسەر بکات و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگەڕێنێتەوە نێوماڵی کوردی و زەمینەسازی بکات بۆ گەڕانەوەی متمانەو دروستبوونی ژینگەیەکی لەبار کە رێز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرن ، بەڵکو ھێشتا لە خەمی  تەخوینکردنی یەکتر دابەشکردنی (جاش و باش) دان لە نێوان یەکتریدا ، خۆئەگەریش قسەکە لەسەر جاشایەتی بێت بە دڵنیاییەوە پەرێزی ھیچ لایەکتان خاوێن نییە و لێوان لێوە لە شەرمەزاریدا ، دەمەوێت بەڕاشکاوی بلێم چەند پێویستیمان بە ئەمریکا بوو بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس ھێندەش پێویستیمان بە ئەمریکایە بۆ پاراستنی ئەزمونی سیاسی و حوکمرانیەتی کوردی ، لەوەش زیاتر پێویستیمان بە ئەمریکایە بۆ ھەناسەیەکی ئارام و ئازادییەکی فراوانتر و گەرانەوەی شکۆی بەھای مرۆڤبوون بۆ ھاونیشتیمانیانی کوردستان .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ