وتار
عیبرەت لە جێبەجێ کردندایە !!
شوان هه‌ورامی


وەکو نوسین – لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا – ئەوە بە باشترین دەقی رێکەوتن ھەژمار دەکرێت کە لە کوردستاندا نوسرابێت و واژۆ کرابێت ، بە تایبەتیی ئاماژەی داوە بە گشت گرفتە سیاسیی و ئابووریی و بگرە کۆمەڵایەتیەکانی ژیانی ھەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ئەوانەشدا باشترین رێگەچارەی بۆ داناوە ، کە ئەگەر ئەو رێکەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت ، کوردستان دەبێتە نمونەیەکی جوانی دیموکراسیی لە ناوچەکەدا ، بە تایبەتیی ئەوە ٢٥ ساڵە ھەموو گەلەکەمان داوای بە دامەزراوەیی کردن و بە نیشتمانیی کردنی دەزگاکانی ھەرێمەکە دەکات ، بۆ ئەوەی دادگەریی و شەفافیەت جێگەی گەندەڵیی و ستەمکاریی سیاسیی بگرێتەوە .
پێشتر دەیان رێکەوتنی سیاسیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا واژۆ کراوە ، بەڵام بە نھێنیی ماوەتەوە ، بۆ نمونە رێکەوتنی ستراتیژیی ، کە پارتی و یەکێتی شانازییان پێوە دەکرد و رایاندەگەیاند کە بە ھۆیەوە لە شەڕی ناوخۆ دوور کەوتوونەتەوە ، بەڵام جگە لە دوو سەرکردەکەی پارتی و یەکێتی ، کادرە باڵاکانی ھەردوو پارتەکەش دەقەکەیان نەدەزانی ، چ بگات بە خەڵکی کوردستان ، لە کاتێکدا رێکەوتنەکە بۆ دابەشکردنی پۆست و پارە و ئیمتیازات بوو ، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە گەلی کوردستانەوە ھەبوو . 
بەڵام جوانیی ئەم رێککەوتنە ئاشکرا کردنی تەواویی مادە و بڕگەکانیەتیی بۆ رای گشتیی ، بە پێچەوانەی رێکەوتنی ستراتیژییەوە ، ئەم رێککەوتنە بۆ زیاتر بە دەستووریی و دامەزراوەیی و دیموکراسیی کردنی میکانیزمەکانی دەسەڵاتە لە ھەرێمی کوردستاندا ، ئەگەر ئەوەش رووبدات ، باشترین بنەما و بناغەی پتەو دادەنرێت بۆ بیناکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ . 
من بۆ خۆم لە داڕشتنی چەند رێکەوتنامەیەکدا بەشدار بووم ، دەیان سەعات کاتمان تێدا تەواو دەکردن ، بەڵام ئەوەی گرفت بوو لە رێگەی رێکەوتنەکاندا ، چۆنیەتی جێبەجێ کردنیان بوو ، وابزانم بۆ ئەم رێکەوتنەش ، گرنگترین قوناغی جێبەجێ کردنیەتی ، ھەربۆیە کاک نەوشیروان - وەکو سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و سەرما و گەرما و ھەوراز و نشێو دیتوو – وەکو ئێمە دەزانێت دەقەکانی رێکەوتنامەکە زۆر جوان نوسراون ، بۆیە تەنیا نیگەرانی لە جێبەجێ کردنیاندایە ، بۆیە لەبەردەمی رای گشتیدا قسەی خۆی کرد و پێش لە ھەموان ئەو قسەیەی بۆ کۆمیتە و لیژنەکانی ھەردوولای رێککەوتنەکە کرد کە : عیبرەت لە نوسینیدا نیە بەڵکو عیبرەت لە جێبەجێ کردندایە !!
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ، ھەڵوێستی پارتی و میدیاکەیەتی ، لە کاتێکدا پێشتر شانازییان دەکرد بە رێکەوتنی ستراتیژیی نھێنیی و دابەشکردنی پارە و پۆست و ئیمتیازاتەوە و ھیچ حسابێکیان بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان نەدەکرد ، کەچی ئێستا بە رێکەوتنێکی ئاشکرا قەڵسن ، کە رێکەوتنەکە بۆ بە دیموکراسی کردنی ژیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە ؟ 
میدیاکەیان ئەوە چەند رۆژێکە ئاماژەکانی لەوەدا خەستکردووەتەوە کە گوایە ئەو رێککەوتنە بەس بۆ سلێمانیە و پەیوەندیی بە زۆنی زەردەوە نیە ، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەو میدیایە ئاساییە بەلایەوە فوو بە ئاگری شەڕی ناوخۆدا بکاتەوە ، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو قسەیەی ئەوانیش راست بێت بەس لە زۆنی سەوزدا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت ، ئەوا بە جوانیی وێنەکانی دەسەڵاتی دیموکراسیی و دەستووریی و دامەزراوەیی و بە نیشتمانیی کردنی ھێزی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و شەفافیەتیی کارگێڕیی لە شێوازیی دیکتاتۆریەت و وێنە ناشیرینەکانی جیادەبێتەوە بۆ ھەموان ، کە بێگومان خەڵکی کوردستان تووڕەن لە مۆدیلی دووەم و ئەگەر بیانووی شەڕی داعش نەبوایە ، ئەو ستەمکارییە کەمەرشکێنەیان قبوڵ نەدەکرد ، کە تا سەر ئێسقان ئازاری پێگەیاندوون !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ