وتار
ئەزانن سیخوڕ و دبلۆماتکارانی ئینگلیز چۆن باسی کورد دەکەن!!
شه‌ريف هه‌ژارى

بۆ نەتەوەی کورد، گرنگە بزانرێ دیدگای سیخوڕ و دبلۆماتکارانی ئینگلیز بۆ نەریتە کۆمەڵایەتیی و جووڵە سیاسییەکانی سەرکردەکانی کورد چۆن چۆنی بووە! تایبەتمەندییە بەھێز و لاوازەکانی کورد چی بوون!؟ لەو ڕێیەشەوە ئەگەر بتوانرێت پەند لە ھەڵە و کەموکورتییەکان ‌وەربگیردرێت ئەوا سەرکردەکانی کورد دەتوانن جوولانەوەی نەتەوەیی کورد تەکانێکی گەورەتر پێ بدەن، بەتایبەت گەر بەدیقەتەوە ھەڵەکانی ڕابردوو لە دیدیی سیخوڕ و دبلۆماتکارانی ئینگلیزەوە شەن و کەو بکرێ و، دواتریش ‌بە بژاردەی نەتەوەییانەوە ئەو کەموکورتییانە چارەسەر بکرێن.
 چونکە نابێت ئەوە لە یاد بکرێت ئینگلیز مێژوویەکی پڕ-بەریەکەوتنی لە گرتنی دونیا دا ھەیە و، ئیمپراتۆریەتێکی (خۆر لێ ئاوا نەبوو) و بە ئینگلیزکردنی چەندان گەل و قاڕەی جیھانیان ئەنجام داوە. 
ھەربۆیە دۆزینەوەی لاوازییەکان لە پێوانەکردنی ئەوانەوە،‌ ئەکرێت بە خاڵی لاوازی کورد بزانرێ و، ئەشتوانرێت بە بژاردەی بەھێزیشەوە کاربکرێت کە ئەو خاڵە لاوازانە چارە بکرێن. خۆ ئەگەر سەرکردەکان و تاکەکانی گەلی کوردیش ئەو لاوازییانە دووبارە بکەنەوە، بێ گوومان تراژیدیاکانیش دووبارە دەبنەوە.

یەکێک لە بەڵگەنامەکان ھی دبلۆماتکارێکی ئینگلیزە کە ناوی باگە، ئەم بەڵگەنامەیە (وەک زانیاری پێ دان) بۆ بەریتانیا بەرزکراوەتەوە، لە ڕۆژی (٢٢ ی ئەیلوولی ١٩٦١- ژمارە ١٢٠ ی زانیاری تایبەت).
بەڵگەنامەکە خاوەندارێتیی کوردی لەسەر خاکی ڕەسەنی خۆیان کە خاکی کوردستانە بۆ مێژوویەکی دە ھەزار ساڵە گەڕاندووەتەوە و بە خاوەنی ڕاستەقینەی خاکی کوردستان ناوی بردوون. دواتر دێتە سەر باسی ئەوەی کە: “سەرەڕای داگیرکردنی نیشتمانەکەیان لەلایەن عەرەبەوە کە لە سەدەکانی شەشەم تاوەکوو نۆیەمی زایینی درێژەی کێشا و، لەلایەن داگیرکەرانی تورکە عوسمانییەکان و سەفەوییەکانەوە لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا درێژەی ھەبووە. نەتەوەی کورد ھەمیشە توانیویانە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیان ھەبێت و تا راددەیەکی زۆر خۆیان بپارێزن لە توانەوە لەناو نەتەوەکانی تردا. لە رۆژگاری ئەمرۆشدا کوردەکان لەو ولاتانەی کە بەسەریدا دابەشکراون، گرووپێکی رەگەزی جیاوازن و کەمینەیەکی نەتەوەیی پێک دەھێنن کە گرنگی سیاسییان ھەیە!”.
(کەوابوو لەم پێوانەکردنەی ئینگلیزەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مانەوەی کورد لەسەر خاکەکەی لەم ھەموو شالاوە کشتوبڕییەدا کە داگیرکەران بە درێژایی چەندان سەدە بەسەریاندا ھێناوە،‌ خاڵی بەھێزی بوونیەتی نەتەوەیی کوردە).
-
خاڵی جێی تێڕامان لەم بەڵگەنامەیەدا ئەوەیە کە (باگ) ی دبلۆماتکاری ئینگلیز تاڕادەیەک بێ-ویژدانی لەبارەی سیاسەتی بە تورکردن لە باکوری کوردستان بە نووسراوەکەیەوە دیارە کە بۆ دەولەتی بەریتانیای ناردووە. 
ھەرچەندە ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا دەیەوێت ڕەگەزی کورد بشواتەوە، بەڵام بەم پەڕەگرافەشی ڕەوایەتی بە سیاسەتی جینۆسایدکاری تورک دژ بە کورد دەدات، کە وەک خۆی دایدەنێم و (باگ) لە بەشێکیدا دەنووسێت: “رێگە و ھێلی شەمەندەفەر گەیەنراوەتە دورترین ناوچەکانی خۆرھەلاتی تورکیا کە کوردەکانی لێ نیشتەجێن. ئەمەش لە پێناو ھاندانی خەڵکەکەیە کە واز لە شێوازی ژیانی کۆچەریی بھێنن و نیشتەجێ ببن. ھەروەھا ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ بەرەوپێشبردنی شێوازە سەرەتاییەکانی کشتوکاڵکردن. ئەمەش لەپێناو لاوازکردنی سیستمە خێڵەکیی و دەرەبەگایەتییەکان دایە و بۆ ئەم مەبەستەش پەنا براوەتە بەر دورخستنەوەی ھەندێ لە سەرکردە خاوەن دەسەلاتەکانی ناوچەکە و دابەشکردنی زەویزارەکان”.

(ئەم زانیارییەی کە دبلۆماتکارەکەی ئینگلیز بە بەریتانیای گەیاندووە، لە ڕاستیدا بیانووھێنانەوە بووە بۆ سیاسەتی جینۆسایدکردنی گەللی کورد لە دێھاتەکانی باکوری کوردستاندا، ئەگەر نا! ئەی بۆ دەوڵەتی تورکیا بە ھەمان بیانوو (پرۆسەی بە شارستانیکردن) گوندە تورکنشینەکانیشی بەزۆرەملێ چۆڵ پێ نەکردووە و دژایەتی دەسەلاتی زەوی و زاری تورکە گوندنشینەکانیشی نەکردووە و، تەنھا دێھاتە کوردییەکانی باکوری کوردستانی گرتووەتەوە!؟).

خاڵی ھەرە لاوازی کورد، کە بەڵگەنامەکان بە وردی جەختی لەسەر دەکەنەوە (نەریتی خۆخۆریی و خێڵگەراییە لە ناو ڕیزەکانی کورد دا). 
سەبارەت بەم کەیسە، بەپێی بەڵگەنامەیەکی نھێنی ساڵی ١٩٧١ - ژمارە ١٠-RR٦- ، دبلۆماتکارێکی دیکەی ئینگلیز جەخت دەکاتەوە کە: ''لە ڕووی سیاسییەوە کورد ھەرگیز وەک نەتەوەیەک یەکگرتوو نەبوون و، بە زۆری لە چوارچێوەی ژیانی خێڵەکییدا بە ناکۆکیی و جیاوازییە زمانەوانیی و نەریتییەکانیانەوە ژیاوون''. 
(کەوابوو توێژەرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورد دەبێت تەرکیز لەسەر ئەوە بکەن ئایا چۆن بتوانرێت نەتەوەیەکی یەکگرتوو بنیاد بنرێت!؟ ئەمە بەو مانایە نییە کە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی جیاواز لە ناو کورد دا نەبێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە: چۆن بتوانرێ بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو ھەموو بەرژەوەندییە (خێڵەکیی، ناوچەیی، حیزبیی و مەزھەبیەکان)ەوە دابنرێت!؟ ئایا بە کام پرۆسەی ھۆشیاریی ئەتوانرێت کورد بگاتە ئاستی نەتەوەیەکی یەکگرتووی بەھێز- لەکاتێکدا نیشتیمان و سامانی خاک و مێژوو و جوگرافیی و زمان و کلتورمان چەندین کۆلەکەی بەھێزی دەولەتداریی و بوونیەتی نەتەوەیەکی بەھێزی لەخۆگرتووە!).
-
سەبارەت بە ھەڵسەنگاندنی کۆمەڵناسیی سیاسیش بۆ گەلی کورد، بەڵگەنامە نھێنییەکە دەقاودەق بەم پەڕەگرافە ئاماژە بەوە دەدات، کە: ''لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کوردەکان لە دۆخێکدان کە لە سەرەتای تێ پەڕاندنی ژیانی مەڕداری و، سەرەتای قۆناغی نیشتەجێ بوونی شارنشینیش دان. ھەروەھا زۆربەی شۆڕشەکانی کورد- شۆڕش نەبوون، بگرە حەزی سەرکردە خێڵەکییەکانی کورد بووە بۆ ئەوەی لەمپەر بۆ ئازادی دەسەڵاتەکانیان لە ناوچەکانیاندا بۆ درووست نەبێت''.

(بە پێی خوێندنەوەی کۆمەڵناسییانەی ئینگلیز بێت تا ئەو کاتە -١٩٧١- نەتەوەی کورد بە مانا و بوونیەتە مۆدێرنەکەی شاریی نەبوون، تەنانەت گەر ئێستاش شاریشمان ھەبێت، ئەوا پرسیارەکە ھەر ئەوەیە: ئایا دیدی خێڵگەرایی و ناوچەگەرایی و ئاینیی دەکەینە قوربانی بەرژەوەندی نەتەوەیی گەللی کورد!! یان نەخێر ھەر وەک سالانی حەفتاکان شانازیکردنمان بە (خێڵ، شار و حیزب) لە سەرو شانازی بە نەتەوە و نیشتیمان دەزانین!؟ ئەگەر بە فیکر ھوشیار و شارنشین بین، دەبێت نەتەوەیی بین. خۆ ئەگەر ھەر لە قۆناغی مەڕداریدا بین، ئەگونجێت بە جەستە ببینە شارنشینیش، بەڵام بە فکر (خێڵپەرستیی و شارپەرستیی و حیزبایەتیی) دەکەین. چونکە مرۆڤی شارستانیی و شاریی ھەمیشە نەتەوە و نیشتیمانەکەی لە سەروو (خێڵ، شار و حیزب) وە دەبینێت. ھەروەھا ئایا حیزبەکان کاریان کردووە بۆ توانەوەی بیریی خێڵایەتیی و شارپەرستیی بە ھۆی پەرەپێدانی بیریی نەتەوەییەوە!؟ یان نەخێر حیزبەکانی کوردستانیش تاوانبارن لە تۆخکردنەوەی بیریی تەنگەتیلەی ناوچەیی و ھۆزپەرستیی!؟).
-
زیاتر لەوانەش، بەشێک لە دبلۆماتکاران لە بەڵگەنامەکاندا جەخت دەکەنەوە کە "زانیاری وردیان لایە کە لە ھەندێ ناوچەدا کوردەکان خۆیان دەسەڵاتدارن. چونکە سیخورەکانی ئینگلیز سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە و دەسەلاتی دەولەتی ناوەندی لەو ناوچانەدا زۆر لاوازە. بەڵام ھێندە خۆخۆر و خێڵەکین کە ڕۆژانە لەسەر لەوەڕگاکانیان لەنێوان خۆیاندا شەڕ دەکەن و ،چەندین کەس لە یەکتر دەکووژن و، دانوویان پێکەوە ناکووڵێت''.
-
(کەوابوو پرسیار ئەوەیە: سیخوڕ و دبلۆماتکارانی ئینگلیز بزانن کە ئێمەی کورد لەسەر لەوەڕگای مەڕوماڵات و زەوی و زار ڕۆژانە شەڕی یەکتر دەکەین و، لە یەکتر دەکووژین. ئیتر چۆن فارس و تورک و عەرەب وەک سێ نەتەوەی داگیرکەر بەم نەریتەمان نازانن و نایقۆزنەوە!؟ جارێکی دیکەش دەبێت ئەو پرسیارە بکەینەوە: ئایا چۆن دەکرێت تاکەکانی نەتەوەکەمان ھوشیار بکرێنەوە، بەجۆرێ کە ژیانی تاکێک و پێکەوەژیانی برایانە زۆر لە ئاژەڵ و لەوەڕگا و کشتوکاڵ و بەرژەوەندی خودی و حیزبیی،  پیرۆزتر و بەنرختر بێ!).

دبلۆماتکارەکانی ئینگلیز، کاریگەری ململانێ خێڵایەتییەکانی کورد بەجۆرێک بەردەوامی پێ دەدەن و لەسەری دەڕۆن کە پێیان وایە: “ناکۆکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان بالی مەلا مستەفای بارزانی و بالی برایم ئەحمەد-جەلال تالەبانی، بە ڕووکەش واوتراوە کە ھۆکارەکەی ئەوەیە: بارزانی سەرکردەیەکی تەقلیدیە و ئیبراھیم ئەحمەد-جەلال تالەبانیش گەنجانی توندڕەوی مارکسین. بەلام ناوەڕۆکی ململانێیەکە ھەر ئەوە بووە کە کێبرکێی خێڵایەتیی و پۆستپەرستی ناو ڕیزەکانی کورد بووە و فەقەت!!”.
-
(ئەم پەرەگرافەی سەرەوە دیدی دبلۆماتکارێکی ئینگلیز بووە کە لە ساڵی ١٩٧١ بە ڕاپۆرتێکی نھێنیی و ورد - ژمارە ١٠-RR٦، بەرزی کردۆتەوە بۆ دەولەتی بەریتانیا لە بارەی ململانێی نێوان مەلا مستەفا و ئیبراھیم ئەحمەد-مام جەلال، ئاخۆ ئێستا دەرکەوتووە کە ململانێکانی ئەو سەردەمەی نێوان مەلا مستەفا و ئیبراھیم ئەحمەد-مام جەلال لە پێناو پۆستی سەرکردایەتیکردن و کێبرکێی خێڵایەتیی ناو ڕیزەکانی کورد بووە وەک ئەو دبلۆماتکارەی ئینگلیز پێی وابووە!! یاخود نەخێر ململانێکە ڕەھەندی پلەوپایەخوازیی و خێڵگەرایی و بنەماڵەیی تێدا بوونی نەبووە و، ھۆکارەکەی فکریی بووە!؟ ئەو پرسیارەش ھەر بۆ خوێنەر جێ دەھێڵم!). 

بەپێی بەڵگەنامەکەی ساڵی ١٩٧١، ئامانجی سەرەکی کورد لە ناوچە خێڵەکیەکانیاندا ئەوەبووە کە: “بە شێوە نەریتییەکەی خۆیان – کە جوتیاریی و مەڕداریی بووە - بەبێ دەستێوەردانی دەولەتی عێراق بژین”.
-
(کەوابوو بە پێی ئەم بەڵگەنامەیەش بێت بیریی زۆرینەی کورد تا سالانی ١٩٧١ یش ھەر خێلەکیی بووە و، بە ھونەری بەڕێوەبردن و حوکمەتداری ئاشنانەبوون. بۆیە دبلۆماتکارانی ئینگلیز جەخت دەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکی کورد ئەوەبووە: سەربەخۆییانە جوتیاریی و مەڕداری بکەن! ئەم دیدەی دبلۆماتکارانی ئینگلیزیش ھەر شیاوی زیاتر لێوردبوونەوەی خوێنەرانی بابەتەکەیە کە: ئایا دەوڵەتانی دونیا و بەتایبەت کۆنە ئیمپراتۆریەتێکی وەک ئینگلیز کە باوەڕیان وابووە:‌ کورد توانای حوکمکردنی خۆیانیان نییە بەھۆی زاڵێتی بیریی خێڵایەتیی و ململانێ ناوچەگەرییەوە، دروست بووە یان نادروست!؟).
_____________
ئامادەکردن و ساغکردنەوەی لە ئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانیی و شیکارکردنی: “شەریف ھەژاری” مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1