وتار
کاتی ئەوەیە دەست لە کاربکێشنەوە
پارێزەر: لوقمان مصطفی

تائێستا لە ووڵاتی ئێمەدا تا ئەم ساتەش دەست لەکار کێشانەوە و دەست ھەڵگرتن لە پۆست وپلەو پایەکاندا ھێشتا لە فۆرمەلە یاساییەکەی دەرنەچووەو نەبۆتە نەریت، بەردەوام لەبازنەی بەرژەوەنی تایبەتی خولدەخوات، خۆ ئەگەر بۆ ھەموو سەرە
تایەک کۆتاییەک ھەبێت ئەوا بەرلە شکستی گەورەوبەرلە قەیران ولەھەموو ساتە وەختێکی پێویستدا،ھەرکاتێک قۆناغەکە و ژینگەی شوین و پۆستی کارکردن و لێپرسرواێتی بیخوازێت دەست لەکارکێشانەوە و وازھێنان و دەست ھەڵگرتن لە 
ئەرک وپلە و پۆستەکان زەروورەتێکی مێژووی قۆناغەکانە ، بەڵام تا ئێستا دەست 
لە کارکێشانەوە لای ئێمە کەمترین رووداو و شەرم ترین دەنگە و کلتورێکی باڵا
 دەست نیە. ئەو کارەسات وشکستانەی کەلە ھەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات لەھەر ووڵاتێکی کەی دونیادابێت سەرکردەکانیان دەست لەکار دەکێشنەوەو ئامادەییش دەردەبڕن بۆ ھەموو لێکۆڵینەوەو سزایەک بەرانبەریان.
لەجیھانی پێشکەوتوودا ووڵاتانی گەشەسەند ودا تەنانەت لە بواری وەرزشەکەشیاندا  بەر لە قەیران و بەر لە رووداو و بەرلەشکست و لە ساتەوەختی ھەموو ئەوانەشدا کلتوری وازھێنان و دەست لە کارکێشانەوە بەھزر و بیریاندا رۆچووە و زیاتر لەوەش زۆر جار کەسایەتیەکان و ئەستێرە دیارەکان لە ترۆپکی ئامادەی و ناوبانگ وسەر کەوتندا لە پێناو نەمری خۆیاندا و وەک ھەڵوێست و وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بە ئارەزووی گۆرانکاری و بە دروست کردنی بیانو گەلێک کە ئامانج تیایدا تەنیا خزمەت کردنە ، وازھێنان و دەست لەکار کێشانەوە لە ئەرک و کارەکانی خۆیاندا دوور لە چاوەروانییەکان دەکەنە پڕۆسە ، بۆ ئەمەش نمونە گەلێکی زۆرمان لەبەردەست و لەبەر چاوەدەبینین و دەبیستین لە ووڵاتە دیموکراسی ورۆژئاوایەکان وەزیروئەندام پەرلەمان وبەرپرسەکان چۆن لەبەرامبەر کارەساتێکی سروشتی و رووداووناعەدالەتی و ئاشکرابوونی گەندەڵیەک لە وەزارەت وحکومەت ھەڵوێست وەردەگرن ودەست لەکاردەکێشنەوە و رێزلە ئیرادەی دەنگدەران وھاووڵاتیان دەگرن ، لەپێناو پلەو پایەو پۆست و ئارەزوەکاندا بەرژەوەندی گەل ناخەنە سەرووی بەرژە وەندی کەسی و حیزبی .
بەڵام لەئەزموونی حوکمداری ھەرێمی کوردستاندا بانگەشەی دیموکراسی ومەدەنیەت و عەدالەت ومافی ھاووڵاتی وبەژەوەندی گەل و میللەت کاسی کردووین ،بەڵام بەس بەقسە نەک بەکردار!ئەوان نەک دەست لەکارناکێشنەوە بەڵکوشەڕیش لەسەرکورسی مانەوەیان دەکەن لەچەند کابینەی یەک لەدوایەکدادەبنەوە بە بەرپرس و وەزیر...ھتد
تا ئێستا لە کوردستان پاش ئەم ھەموو شکستانە سەرکردەیەکمان نەبینی دەست لەکار بکێشێتەوە،دان بە شکستی خۆیدا بنێت و بەرەو روی لێ پێچینەوەو بکرێت،ھەمیشە بەھانە بۆ تاوان و شکست و گەندەڵییەکانیان دەھێننەوەو تائێستا خۆیان بە سیاسییە دانسقەکان دەناسێنن،مردن نەبێت لە کورسی جیا نابنەوە.وەک ئەوەی لەم ووڵاتەدا 
تەنیا خۆیان شایستەو پسپۆرو خەمخۆرودەسپاکی گەل بن.
کاتێک ئیھودباراک کە لەساڵی ٢٠١٢ وەزیری بەرگری ئیسرائیل بودەستی لەکار کێشایەوە کەلەوپەری دەسەڵاتیدابو،ناوبراو پێشتریش پۆستی سەرۆکی ئەنجومونی وەزیرانی لە ئەستۆبوە،دەست لەکار کێشانەوەکەی کەسایەتیەکەی زیاتر بەرزکردەوە لەنێوەندە سیاسیەکانی ووڵاتەکەیدا،ئەوان سەروەری یاسایان کردبە بەشێک لە کلتوری ووڵاتەکەیان وشانازیشی پێوەدەکەن.
دەبێت ئێمەی کوردیش چاولەکارە باشەکانی ووڵاتان بکەین و دەست لەکارکێشانەوە لەرێکارە یاساییەکەیەوە بکەین بەبەشێک لەکلتوری ووڵاتەکەمان، دەبێ دەست بکەین بە چاندنی تۆوی کولتووری دەست لەکارکێشانەوە. 
ھەربۆیە دەرھاویشتەکانی ڕیفراندۆم وکارەساتەکانی ئەم دواییە وا دەخوازێت کەھەست بەوبەرپرسیاریەتە مێژووییەبکەن دان بەشکستە کانتاندابێنن و دەست لەکار بکێشنەوە،ئەگەرنا ئەوەمافی ئەوخەڵکەیە کە داواتان لێبکات دەست بەجێ دەست لە کاربکێشنەوەوڕێگا خۆشکەن بۆ خەڵکانێک کە باشتر بیر دەکەنەوەوخوێندنەوەیان ووردترە بۆ ڕووداوەکان وگۆڕانکاریە نێودەوڵەتیەکان.
ئەگەر بڕواتان بە بنەماکانی دیموکراسیەت ھەیە وەک ئەوەی ھەمیشە بانگەشەی بۆ دەکەن ئەوە دەبێت ھەربەرپرسێک کە بەر پرسیاریەتی ھەیە جا لەھەر پلەو پۆستێکی سیاسی و ئیداریدابێت، نەیتوانی خزمەت بە گەل ونیشتمانە کەی بکات، یاخود شکستی ھێنا لە ڕاپەڕاندنی ئیش وکارە کانیدا، وەیان ھەستی کرد ووڵاتەکەی بەرەو ھەڵدێر دەچێت و میللەتەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە ئەوە گەورەیی یە  بۆ ئەو بەر پرسە یا ئەوسەرکردەیە کە ھەست بە لێپرسراوی خۆیبکات و دان بنێ بەشکستەکەیدا ودەست بەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە.لانی کەم  ئەوشەرەفەی پێدەبڕێت کە ببێتە پێشەنگ بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندە،مێژوویش بەنەمری دەی ھێڵێتەوە،بەپێچەوانەشەوە مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات وتووڕیان دەداتە زبڵدانەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123