وتار
شکستی ١٦ی تۆکتۆبەرلە بۆشاییەوە بەرھەم نەھاتووە
دانا مەنمی

سەرەتا ھیچ کۆمێنتێکم نییە لەسەر ئەوەی کێ جاشە ؟ کێ نیشتیمان فرۆشە ؟ نامەوێت بچمە ناو ئەو گوتارە شەعبەوییە شەرانگێزییەوە کە جگە لە خۆی کەسی تر بەراست و بە نیشتیمان پەروەر نابینێت ، وە دڵنیاشم زۆرینەی زۆری ئەوانەی کەلەتۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبووک وەزیفەی سەرەکییان ھۆنینەوەی بوختانی سیاسی و ھەلبەستنی چەواشەکارییە حیزب رۆلێکی خراپ دەگێڕێت لە تەخوینکردنیان ، ئەم زمانە ئەم عەقلە دۆڕاوە زەرەرەی زۆری داوە لە بنیاتنانی نیشتیمان وئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری و یەکریزی ھیزە سیاسیەکان و بووەتە ھۆکاری لەدەستدانی فرسەتە زێرینەکان .

ڕوداوەکانی (٢٣ حوزەیران و ١٩ی ئاب و ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ) کە بەرپرسایرەتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ھەریەک لە ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان ) چونکە گەلەکۆمەی ٢٣ی حوزەیران لە پەرلەمانی کوردستان کە ئامانج لێی (ھەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم )یەکیێتی خۆی بە خاوەنی دەزانی و بانگێشتنامەی کونسوڵخانەکانی دەکرد ، ئاشکرایە جگە لە سەرکونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران ھیچ کەسێک بە پیر بانگێشتنامەکەی یەکێتیەوە نەچوو ، بزوتنەوەی گۆران گەمەکەرێکی لیزان بوو گوشاری خستە سەریەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵ بۆ ئەوەی گوشار لەسەر پارتی دروست بکەن و پێگەی خۆی بەھێزتر بکات تاچەند ڕۆژێکی کەم سەرکەوتوو بوو ، بەڵام دواجار فەشەلی ھێنا ، لە ڕوداوەکانی ١٩ی ئابی ٢٠١٥ بزوتنەوەی گۆران یاریزانێکی بیچارە بوو بە دەوری بازنەکەدا دەخولایەوە ، بێ ئەوەی نەتوانای دەربازبوونی ھەبێت نەدەرچوون ، ھیچ دەریچەیەکی تریش نەبوو لەبەردەمیدا ، ئەتوانم بلێم بازنەیەکی داخراو بوو ، لە ١٩ی ئابدا پەرلەمانی کوردستان کۆببوایەتەوە یان کۆنەبوایەتەوە ھیچ ئەو عەبەسیەتەی ١٢ی ئۆکتۆبەر ڕویدەدا ، چونکە لەجەوھەردا ھێزێکی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان نیەتی ھەبوو لەبەرامبەر ھێزی لۆژیک و مەنتیق ، لۆژیک و مەنتیقی ھێز بەکار بھێنیت دژ بەو ھێزە سیاسییانەی کە داوای ھەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێمیان دەکرد ، ئاخر پەرلەمانێک دواخستنی دانیشتنەکەی بەھۆی نیسابی یاساییەوە بێت و نەتوانێت کۆببیتەوە ئیترچ پێویست دەکات عەبەسیانە روداوەکانی ١٢ ئۆکتۆبەر بخولقێنیت ؟! 
کاتێکیش پارتی دیموکراتی کوردستان ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ خولقاند ئیتر سەرتاپای بیرکردنەوەو ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی کلتوری کۆمەڵگای کوردی داگیرکرد ، کاردانەوەکانی ١٩ی ئاب یەکگرتووی ئیسلامی بەسەر ھەردوو بەرەی خوازیارو نەیاری ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم دابەشکرد ، من لە ١٢ی ئۆکتۆبەرو ئیستا گوتوومە ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر ناکرێت و پارتی ئەگەر حەکیمانە ھەنگاوی بنایە پیویستی بە روداگەلی وەکو ١٢ی ئۆکتۆبەر نەبوو ، پێم وایە پارتی ھێندە کارتی سیاسی بەدەستەوە بوو کە پەنا بۆ لۆژیکی ھێز نەبات ، خۆئەگەر نا پەرلەمانی کوردستان نەیدەتوانی کۆببێتەوە چونکە نیسابی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان تەواو نەبوو بۆ کۆبونەوەکەی ١٩ی ئابی ٢٠١٥ .
لە دوای ڕوداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەردەرگای راگەیاندن و تۆری کۆمەڵایەتی فیسبووک کرایەوە بۆ تەخوینکردنی یەکتر و ھۆنینەوەی درۆو بوختانی سیاسی ، ھەرچی ڕوداوی تەپوتۆزای و کای کۆن ھەبوو لە بواری جاشایەتی و خیانەتی کۆن و نوی بەبایان کرد ، ھەڵبەت ھیچ کام لەو حیزبانە بە ( پارتی و یەکێتی و گۆران) ەوە گەورە ترنەبوون ، بەڵکوگچکەتر بوون ، زۆرینەی زۆری میللەت نەفرەتیان لێ دەکردن ، چونکە شەڕھکە بۆحیزب و مانەوەیە لەسەر حاکمیەت ، لە پاش عەیامێک لە تەخوینکردنی یەکترو جنێودان و ھۆنینەوەی بوختانی سیاسی لایەک دەیگوت ٣١ ی ئاب وخیانەتی قیادە مووەقەتەو لایەکیتر دەیگوت پشتئاشان و تیرۆریست ، ھەندێک پیاوی مالیکی و ئیران ،ھەندێکی تر پیاوی تورکیا و ئەردۆگان، ھەندێکیش لەونێوبەرداشەدا بینەرو بیسەربوو، بەڵام لەژێرەوە ئاگرەکەی خۆشدەکرد .
ئینجا رێکەوتنامەی دەباشان لەنێوان ( یەکێتی و گۆران ) ھاتەئاراوە ، ڕێکەوتنامەی دەباشان لە ٢٦ بەند پێکھاتووە ، رێکەوتنەکە لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٦ بە ئامادەبوونی ھەردوو سەرکردەی کۆچکردوو ( جلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ) واژۆ کراوە ، ڕێکەوتنامەیەک کەلەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک ، لەناخەوە نەیەکیتیەک و نە گۆرانخوازیکی پێ کۆنەدەکرایەوە لە چایخانەی شەعب ! زۆر بەشان و باڵی ڕێکەوتنامەی دەباشان ھەڵدرا گوایە ھاوسەنگی ھێز دەگۆڕین !قەیرانی ئابوری کوردستان و موچەی فەرمانبەران ڕاست دەکەینەوە ! تەواوی بەندەکانی لە خزمەتی ھاوڵاتیانە ! ریکەوتنامەی دەباشان ڕزگارمان دەکات لە دۆخی چەقبەستوو .... ھتد ، پۆستی پاریزگای سلێمانی لە نێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان چەندین ململانێ و بەریەککەوتنی بە خۆوە بینی، لەگەڵ ھەموو ئەمانەیشدا خەڵکی سلێمانی بە ھەموو چین و تویژەکانییەوە بوونە قوربانی دەستی ئەم جۆرە فیکر و بیرکردنەوە و لە ململانێی نابەرپرسانە !


لە ڕووی فکرییەوە ھیچ جیاوازییەکی فیکری لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکیتی نیشتمانیی کوردستان دا نەبووە، ھەردوولا ھەوێن و ھەڵقوڵاوی یەکتربوون ، جگە لە فرە کوێخایی و باڵ باڵین و کوتلە و تەکەتوولات کاریگەریی ھەبوو لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە و بەرەو لێواری تراژیدیای مەرگی برد ،لە بواری ئابوورییشدا ھیچکام لە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان نەیانتوانی ئیدارەیەکی سەرکەوتوو لە قەڵەمڕەوی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، ھەردوولا یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بەھەدەردانی سامانی گشتیی و داگیرکردنی ملیۆنان دۆنم زەوی .


ئینجا ھێنانی لامەرکەزیەت بۆ سلێمانی ، واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ یەکە کارگێرییەکان ، لامەرکەزیەت بە گشتی ( کارگێری و سیاسی و جوگرافی ) ھەیە ، یەکیتی و گۆران داوای لامەرکەزیەتی کارگێرییان دەکرد کە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ یاسایی ژمارە (٢١) سالی (٢٠٠٨)کەبەیاسای پارێزگاکان بەناوبانگە ، لەدوای سالێکیش یاسایی ژمارە ( ٣) سالی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو کە یاسایی (پاریزگاو ئەنجومەنی پاریزگاکانە ) لەم یاسایەدا دەسەڵاتێکی زۆر دراوە بە پارێزگاو ئەنجومەنی پاریزگاکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان کە بریتی یە لە دەسەڵاتی ( تشریعی و کارگیری و دارایی ) بە کورتی و پوختی نەخشەی سیاسەتی ئەو پاریزگایە دەستنیشان دەکات ، بەلام پرۆژەی لامەرکەزیەتی سلیمانیش بەھۆی دەستێوەردانی سیاسییەوە جێبەجێ نەکرا !
لەقۆناغێکی تردا پاکێجی پێنج خاڵی شەش خاڵی کۆبونەوەی پێنج قۆڵی سێ قۆلی دوو قۆڵی دەستی پێکرد لەھەموو ئەم کۆبونەوانەدا دڵنیابووم کە ئەم حیزبانە ھێندە کراوەو دیموکراتخواز نین کە کۆبونەوە لە پێناو کۆبونەوەدا نەکەن بەڵکو کۆبونەوە لە پیناو گەیشتن بە ڕیکەوتن و چارەسەریک بۆ دۆخی چەقبەستووی سیاسی و قەیرانی ئابوری ھەرێمی کوردستان بە دیدێکی نەتەوەییانە بکەن، کورد بە درێژای مێژوو لە نێوماڵی خۆیدا تەنھا یەک ڕێکەوتنی کردووە کە ئەویش ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ( پارتی و یەکێتی ) یە ، بەنێوەندگیری و فشاروچاوسورکردنەوەی ئەمریکا ، ئێستاش یەکیتی و پارتی متمانەیان بەیەکتری نیە و لە نێوان ( سلیمانی ھەولێر ) زیاد لە چەندین بازگە ھەیە .
لەنێو ئەم ھەموو پاکێج و نەخشەڕێگایە کە باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچەو شەفافیەت لە داھاتی نەوت و چاکسازی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی ھەلبژاردن لە مانگی ١١ی ئەمسال ھیچی جێبەجێ نەکراو بەدەردی ڕیکەوتنامەی دەباشان جوانەمەرگیان کرد، ئاخرلەنێوان ھەرسێ حیزبەکەدا نەمتمانە ھەیە نەڕاستگۆی نەبوێری ، بەڵکو ئەوەی کە ھەیە موجامەڵات و عینادی عەبەسیەت ، ھێندەی دەستی دۆستایەتی و چاویان لە زلھێزەکانە پشتیوان و ھاوکاریان بێت ، ھێندە چاویان لە دۆستایەتی نێوماڵی کوردو تەبایی و یەکێتی و یەکبوون نییە .


لەم قۆناغەشدا دەرگامان بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوا داخست ، لەکاتێکدا کە پێویست بوو بیان خەینە سەر بلبلەی چاوانمان ، ئەوانەی دەرگایان داخست بەروی کوردانی رۆژئاواو ھەربەوەوە نەوەستان بەڵکو دەیان حیزبی کارتۆنی سیبەرو دەستەمۆکراوو فشەڵی ھاوشیوەی خۆیانیان بۆ لەباربردنی ئەزمونی رۆژئاوا دروست کرد، لەدوای قۆناغی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلول ھەندێک دەنگی خەوخۆش و سەرخۆش و نەشاز ١٨٠ پلە بایان دابویەوە و نازانم بە چی ڕویەکەوە دەیانگووت ئەگەر تورکیاش سنوردابخات ئەوا نەوت لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەنێرین بۆ سەر دەریای ناوەڕاست !!
قەیرانی ئابوریش لەولا بووەستێت کە پرسێکی زاتی سیاسییە ، خۆئەگەرنا ھەموو وڵاتێک تووشی قەیرانی ئابوری دەبێت ، ھەندێک گیرو گرفتی ئابوری کورتخایەنەو ھەندێکیش دریژخایەن، قەیرانی ئابوری ھەرێمی کوردستان ھیچ ھۆکارێکی بابەتی تێدا نابینم ، بەڵکو ئەوەی دەیبینم زیاتر بابەتی زاتی و میزاجی حیزبی خولقاندوویەتی ، ئامانجیش لە خولقاندنی ئەم قەیرانە سەندنەوەی باجی سیاسییە لە ناوچەو خەڵکێکی دیاریکراو کە دەستەمۆی ئەمرو نەھییەکانی حیزب نابن ، خۆئەگەرنا بۆچی حیزب پارەی ھەیە بۆ دەمچەورکردنی فەیسبوکەوانە دەمشرەکان بۆچی نییەتی بۆ فەرمانبەران کە ماف و ھەقێکی رەوای خۆیانە ؟!

ئەم ھەڵمەت و شاڵاوی بینرخکردن و بێ ئەرزشکردنی مرۆڤە ھەربە برسیکردنی خەلکەوە نەوەستاوە ، بەلکو مرۆڤ کالایەکی ھێندە ھەرزانە لە ھەرپلەو وەزیفەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیدا بیت ، ئەگەرکەوی حیزب نەبیت و ئەمرو نەھییەکانیان جیبەجێ نەکەیت شکۆو ھەیبەتت دەشکێنن تۆمەتی ئەخلاقیت بۆ دەھۆننەوەو پیگەی کۆمەڵایەتیت لەکەدار دەکەن ، تەسەور بکە چەند رۆژنامەنوس ، مامۆستای ئاینی ، پێشمەرگە پەلاماردراو بیحورمەتی پێکرا ، بگرە لەسەر بیروڕای جیاواز تیرۆریش کران ، ئامانجی داگیرکەران و تیرۆریستانیش لەولوە بووەستێت کە سودێکی زۆری لە پەرتەوازەی و درزو کەلێنەکانی نێومالی کوردی بینی .

دیکتاتۆرلەسەربناغەی ‌ناھوشیاری‌و نەزانی‌و دواکەوتوویی ھاونیشتیمانیان فۆرم دەگرێ و پەلوپۆ‌دەھاوێژێت ، زاڵم بەپشت بەستن بە نەجووڵان و وەستان و بێدەنگی مەزڵووم درێژە بە ستەمکاری‌خۆی دەدات ، ھیچ نەتەوەیەک ناتوانێ‌خۆی‌لە کۆت ‌و بەندی‌زوڵم ‌و ستەمکاری رزگار بکات، مەگەر بگاتە ئاستێک لە پێشکەوتن ‌کە گەشەی ھزری‌و مەعریفی خۆی سەربەخۆیانە بە ئیرادەی پۆڵاینەوە دژ بە بوونی زوڵم و ستەم جوامێرانە بووەستێتەوە.
ھەموو ئەوەی شیکاریمان بۆکرد قۆناغی پێش ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بوو لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ، لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ سەرباری پەرتەوازەی نێوماڵی کورد و نەبوونی یەکڕیزی نیشتیمانی و پەکخستنی دام و دەزگای نیشتیمانی و نەبوونی بونیەی تەحدیدو زەمینەسازی نێوماڵی کورد و نەبوونی پشتیوانی و ژینگەی لەباری ھەرێمی و نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درا ،لەکاتێکدا ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نێوخۆی پێویستی بە زەمینەو ژینگەی لەبارە بەمانایەکی تر پێویستی بە یەکریزی و کۆدەنگی نیشتیمانی لەنێوھیزە سیاسییەکاندا ھەیە ، پاشان پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی ھەیە بۆ ئەوەی بەرگێکی یاسایی بکرێت بەبەریدا دواجاریش پیویستی بە لۆبیگەری و خەڵکی پسپۆرو میدیاو ڕاگەیاندن ھەیە کە پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن ، پاشان یەکەم دەوڵەوت بۆ گفتوگۆو دانوستاندن لەسەر پرسێکی وا گرنگ دەوڵەتی عێراقە کە دەبێت گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت و قەناعەتیان بۆ دروست بکەیت کە جیابونەوە باشترین بژاردەیە ، بەڵام ھەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەوەبوو کە موقاتەعەی ھەموو پەیوەندییەکیان کرد و گوتیان ئێمە دوای ریفراندۆم دەرگا بە ڕووی دانوستاندا دەکەینەوە !
جگە لەوەش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی پیویستیت بە ئیرادەو پشتیوانییە ، پێم وایە ھەلەیەک لە سیاسەتی دەرەوەو دیپلۆماسیەتی کوردیدا ھەیە ، ئەویش ئەوەیە نوێنەرایەتی دەرەوە نوێنەرایەتی حیزب دەکات نەک خەلکی کوردستان چونکە تائیستا بەرپرسیارەتی نەلە ناوخۆی ھەرێم و نەلە دەرەوە دابەشنەکراوەو تەوزیعی ئەدوار نەکراوە لە نێوھێزە سیاسییەکان ، بەلکو ئەوەی کە ھەیە ھەموو لە حیزبێک و بنەمالەیەکدا چرکراوەتەوە ، ئەو حیزب و بنەماڵەیەش ھەررۆژەو بە عەقل و ئاوازەی زلھێزیک دەخوێنێت ، رۆژێک لەگەل ئەمریکا دۆستە و دژ بە ڕوسیا و رۆژەکەی تر لەگەل ڕوسیا دۆستە دژ بە ئەمریکا ، راستە لە سیاسەتدا نەدۆستی ھەمیشەیی و نە دوژمنی ھەمیشەیی نییە ، بەڵکو سیاسەت بەرژەوەندییە ، بەڵام کورد سیاسەت بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی ناکات بەلکو بۆ بەرژەوەندی حیزب و بنەمالەیەک دەکات و لە سیاسەتیشدا وابەستەی ھەست و سۆزو عاتیفەیە نەک بەرژەوەندی ، کاتێکیش کە شکست دەھێنێت دەنگی مەزڵومیەت بەرز دەکاتەوە .

من شەونخونی و شەڕێکی زۆرم لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی وەکو ماف و بەرسڤێکی رەوا بۆ نیشتیمان ونەتەوەکەم کرد ، پیشم وایە ئەوە خەون و خولیای ھەموو ھاونیشتیمانیەکە کە خواستی ھەبوونی مالێکی سەربەخۆی لە چوارچێوەی ( دەوڵەتی کوردی ) دا کە تەعبیر لە شوناس و ناسنامەی بکات ھەبێت ، رێز لە شکۆو ھەیبەتی مرۆڤبوونی بگرێت دەولەتێک کە ھەموو پیکھاتەکان بە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و فەرھەنگیەوە لە دەرفەت و لە یەکسانی ماف دا وەکو یەکبین .

لەگەڵ نزیکبونەوەی لە وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم ، ھەستمان بە چزوی دوژمنان و داگیرکەران دەکرد ، ھەستمان بە توڕەی و گوتاری ئاگرینیان دەکرد ، دۆستە ئەمریکیەکانمان لەوانە ( برێت مەکگۆرک ) و( ریس تیلەرسن ) نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەکو دوو کەسایەتی گرنگ لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکا ھۆشدارییان پێداین کە ریفراندۆم ئەنجام نەدەین ، دوا بە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەردوو ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و ھەریەک لە وڵاتانی ( فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا ) ھەمان ھۆشدارییان پێداین ، دراوسێکانیشمان ھەریەک لە ( ئێران و تورکیا ) زۆر بە توندی دژی ئەنجامدانی ڕیفاندۆم وەستانەوە ، لەسەر ئاستی جیھانی عەرەبی تەنھا ھەردوو وڵاتی ( ئوردن و سعودیە ) بەفەرمی ڕایانگەیاند کە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدان و دژی ھەر جۆرە دابەشبوونێکی جوگرافین لە عێراقدا .
گوێمان نەگرت گوتمان ( چی دەبێت باببێت !) فشارێکی زۆر لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی و ھەبوونی درزو کەلێن لە نێوماڵی کوردیدا ھێندەی تر پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی قورستر کرد ، لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بەیەکجاری پەرلەمانی کوردستان ئیفلیج کرا ڕۆژێک بەر لە گەیشتن بە ٢٥ی ئەیلول و ئەنجدانی ڕیفراندۆم پارتی وەکو حاکمیەتی موتڵەق مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمانی ھەڵوەشاندەوە لەپێناوپرسی ریفراندۆم دا ، چەند جارێک بەفەرمی داوای کۆبونەوەی لە بزوتنەوەی گۆران کرد ،کۆبونەوەی نێوان ( پارتی و گۆران ) ئەنجامدرا ،بەڵام نەگەیشتنە ھیچ ڕێکەوتنێک چونکە بزوتنەوەی گۆران مەرجی دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دانا بۆ بەشداریککردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ، لەم دۆخەدا پارتی ھیندە لە غرورو عەبەسیەتدا بوو ئامادەی سازشکردن لەسەر دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبوو ، خولاسەی کەلام پەرلەمانی کوردستان خێراو بەپەلە بڕوسکێبۆ ماکیاژی ئەمرو نەھییەکانی (پارتی و یەکێتی ( کاراکرایەوەو بەرگێکی یاسای کرد بەبەری ریفراندۆم دا ، بزوتنەوەی گۆڕان شەوی ٢٥/٢٤ی ئەیلولی ٢٠١٧ خۆی بە دەستەوە دا و ھاتە بەرەی گەل ! ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجام درا دروشم و موزایەداتی زۆریش کرا لەوانە (بەغدامان تەڵاق دا ! ٨٠ دەوڵەت لە پشتمانە! زۆرێکیش جنسیەی عیراقیبوونی خۆی سوتاند ! ) سێ ھەفتە دوای ریفراندۆم جوڵەو لەشکرکێشی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە (گوڵاڵەو خانەقین - تەلوەردو مەکتەب خالید و کەرکوک بەرەو پردێ شنگال ) دەستی پێکرد .

لەسەر روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرکشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی یەکێتی لە ( تەلوەردو مەکتەب خالید ) ، دەمەوێت بڵێم ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکێشە لەسەرەکان بەرێکەوتن بووە لە نێوان ھەریەک لە(تورکیا و ئێران و عێراق ) ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشیش ئاگاداری ئەو ڕێکەوتنەن ، لەشکرکێشی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکانی ( خانەقین و کەرکوک و شنگال) رەزامەندی دۆستە ئەمریکی و ئەوروپیەکانی کوردی لەسەر بووە گلۆپی سەوزیان بۆ ھەڵکراوە ، ھەرچەندە لە مادەی ٩ی دەستوری ھەمیشەی عێراقدا ڕێگەنادات مەنزومەی سەربازی عێراق بۆ پەرلاماردان و ھەلکوتانەسەرپێکھاتە وگەلانی عێراق بەکار بھێنرێت .

ھاتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان کەلە %٥١ خاکی کوردستانی خستەژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوەو دژی مادەی ٩ی دەستوری عێراقە ، بەدیوەکەی تریشدا شکستێکی گەورەی سیاسی و سەربازی سەرکردایەتی سیاسی کوردە ، چونکە پێشتر سەرکردایەتی سیاسی کورد گریمانەی ھاتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی نەدەکرد ،‌ خیتابی سیاسی کوردو حەملەی پروپاگەندەو بانگەشەی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە الف بۆ یای پێچەوانە دەرچوو ، ھەموو موژدەکانی ڕیفراندۆم بەتاڵ و فشەڵ بوون ، ھەرەسی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بۆشاییەوە بەرھەم نەھاتووە ، بەڵکو دەرئەنجامی فەشەرلی سیاسی ودیپلۆماسی و سەربازی و ئابوری حوکمرانیەتی کوردییە ، لەسەر ئاستی سیاسی پارچە پارچە بووین و ئەوەی کە نیمانە کۆدەنگی و یەکڕیزی و متمانەی سیاسی یە لە نێوان کۆمەلگاو دەسەڵاتی کوریدا ، لەسەر ئاستی سەربازی تا ئێستا ( پارتی و یەکێتی ) ئامادەنین ھێزی حیزبی بگوازنەوە بۆ ھێزی نیشتیمانی ، لەسەر ئاستی ئابوری و دیپلۆماسی کارەساتبارترو تێکشکانێکی گەورە ، بەرپرسیارەتی ئەخڵاقی ویژدانی دەکەوێتە ئەستوی سەرکردایەتی سیاسی کورد و سەرکردایەتی حێزبەکان بەتایبەت ( پارتی و یەکێتی ) کە ووردتر حەکیمتر عەقلانیتر رەھەندی نێوخۆی و ھەرێمی و نێودەولەتیان نەخوێندیویەوە ، ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنھا شکستێکی سەربازی نەبوو بەلکو شکستێکی سیاسی و دیپلۆماسی و لەدەستدانی متمانەیش بوو بۆ ئەوانەی کە بەرپرسیارن و کوردیان بەرەو ئاراستەی داڕمان برد .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12