وتار
بژاردە سەختەکانی پاش ریفراندۆم
فەرید ئەسەسەرد

ئەوەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکان بەشێوەیەکی گشتی ‌و لە کەرکوک بەشێوەیەکی تایبەت دەگوزەرێ، دەری دەخا کە دەستەبژێری حوکمڕانی کوردستان ھیچ تێڕوانینێکی روونی بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم نەبوەو ھیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئەگەری داخستنی دەروازە سنورییەکان ‌و فڕۆکەخانەکان نەکردووەو ھیچ بەرنامەیەکیشی بۆ ئەگەری ھەڵایسانی شەڕ نەبوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا کەموکوڕییەکی گەورەی ئەو دەستەبژێرەیە کە لە خوێندنەوەی پێشھاتەکانی ئایندەدا کۆڵەوارەو ھەنگاوەکانی برێکی زۆر سەرکێشییان تێدایەو فڕی بەسەر بیری ستراتیجییەوە نییە.
ریفراندۆم لە ژینگەیەکی شپرزەدا ئەنجام درا. یەکەم، بەپێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ کراوە، ریفراندۆم لەکاتێکی زۆر خراپدا، لەسەروبەندی تێکشکانی داعش ‌و نزیکبونەوەی لە فەوتانی یەکجارەکی، رێک خرا. لە جەنجاڵی پڕۆپاگەندەیەکی چڕدا کە گوایە ھیچ کاتێک بەقەد ئەوەی ئێستا بۆ ریفراندۆم لەبار نیەو نابێ دەرفەتە گونجاوەکە لەدەست بدرێ، چەواشەکارییەکی زۆر ھاتە ئاراوەو لەنێوان پڕوپاگەندەی کاتی لەبارو بانگەشەی لەدەستنەدانی دەرفەتی گونجاودا راستییەکە ون بوو. دووەم، ھیچ پشتیوانییەکی دەرەکی، جیھانی ‌و ناوچەیی، بۆ ریفراندۆم دابین نەکراو لەدەستدانی فاکتەری دەرەکی بەھەند وەرنەگیرا. سێیەم، بەھیچ شێوەیەک پێشبینیی کاردانەوەی توندی بەغداو ھەروەھا کاردانەوەی دوو دراوسێکەمان، تورکیاو ئێران، نەکراو بەچاوێکی سوکەوە تەماشای ھەڕەشەکانیان کرا. لەڕاستیدا میتۆدی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمەکە ھەر لە سەرەتاوە بە چەردەیەک کەموکوڕییەوە ھاتە ئاراوەو ھەڵەی کوشندەی تێکەوت.
پرۆسەی ریفراندۆم بەو جۆرەی کە دەستەبژێری حوکمڕانی کوردستان رایی کردووە، لەسەر دو بنەما دامەزرا یەکێکیان، سەپاندنی دیفاکتۆیەکی تازەیەو ئەوی تر گرەوکردنە لەسەر کات. ئەوەندەی مەسەلەکە کاری بەسەر بنەمای یەکەمەوە ھەیە، سەپاندنی دیفاکتۆی تازە پێویستی بە ھێزو توانای زۆرو بەرنامەی ھەمەلایەنەو پشتیوانیی دەرەکییە.
ئەم مەرجانەش لە ڕایی کردنی ریفراندۆمەکەدا بەھیچ شێوەیەک لە ئارادا نەبون. مەسەلەی سەپاندنی دیفاکتۆی تازە مەسەلەیەکی دابڕاو لە مەسەلەکانی تر نیە. ھەر لایەنێک خوازیار بێ دیفاکتۆیەکی تازە بسەپێنێ، دەبێ پێشتر ئەو ئەگەرەی لەبەرچاو بێ کە لایەنی بەرامبەریش لەوانەیە بتوانێ بەرپەرچی دیفاکتۆ تازەکە بداتەوەو خۆیشی دیفاکتۆیەکی تازە بسەپێنێ، لێرەدا سەپاندنی دیفاکتۆی یەکەم پوچەڵ دەبێتەوەو دیفاکتۆی دووەم برەو پەیدا دەکات، چونکە عیبرەت لە سەپاندنی دیفاکتۆدا نیە، بەڵکو عیبرەت لەبەردەوامبوونی دیفاکتۆکە دایە.
ئەوەندەی مەسەلەکەش پەیوەندیی بە کاتەوە ھەیە، گرەو کردن لەسەر کات، بەئومێدی گۆڕانی ھەڵوێستی نێودەوڵەتی ‌و گۆڕانی ھاوکێشە سیاسییەکان، کارێکی مسۆگەر نییە، رەنگە سەرکەوتوو بێ ‌و رەنگە سەرکەوتوو نەبێ. لێرەدا مەسەلەکە وەک قوماری لێ دێ کە تێیدا دۆڕان ‌و بردنەوە دەوەستێتە سەر چانس، نەک توانا. بەڵام خراپترین لایەن لەم یارییەدا ئەوەیە کە ئەم یارییە لەکاتی دۆڕاندا رەنگە بەکارەسات کۆتایی بێت.
لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، لەبەر ئەوەی پڕۆسەی ریفراندۆم زۆر بە پەرپوتی ‌و بەبێ ئامادەکاریی پێویست بەڕێوە چووە، دۆخێکی نالەبار سەرتاپای ناوچە جێناکۆکەکانی گرتۆتەوە کە نزیکە لە ئەگەری ھەڵایسانی شەڕ. گرنگترین ھەنگاو لەم رووەوە کارکردنە بەھەر شێوەیەک بێ بۆ ھێورکردنەوەی دۆخە گرژەکەو دانانی بەرنامەیەکی پوخت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ھەرێم ‌و رێگرتن لەھەڵایسانی شەڕ.
دیارە شەڕ لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نیە بەڵام ئەگەر ھەڵگیرسا، جوگرافیایەکی فراوان ‌و ناو شارەکان دەگرێتەوەو ماڵوێرانییەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێ. بۆیە ھەر چارەسەرێکی گونجاو بژاردەی شەڕ لە کوردستان دوور بخاتەوە، دەبێ لە پێشی پێشەوەی ھەموو بژاردەکانی تر بێت. دواتریش دەبێ ھەلومەرجی پێویست بۆ ھێنانە دیی ئاشتییەکی سەقامگیر، بەرێککەوتن ‌و سازان، لەڕێی دایەلۆگی بنیاتنەرەوە، دەستەبەر بکرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12