وتار
دەبینەوە بە ھاوڕێ ی چیاکان
ئیبراهیم هه‌ورامانی

ڕەنگە ڕوداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر بۆ ئێمە کورد لەباشوری کوردستاندا پرسیارگەلێک جیا لەپرسیارەکانی ڕابردوو بخاتە ڕوو کە پێویست دەکات بە دیدێکی نوێوە وەلاممان بۆیان ھەبێت  .
ڕاستە پرسیارەکانی ئێمە ، ھەروەھا وەڵامەکانیشیان بەرلە ١٦ ی ئۆکتۆبەر جیاوازتر دەبن لەو پرسیارانەی قەرارە لەڕۆژانی دادێ پێویست بەوەڵامدانەوە بکەن  . 
گرنگترین پرسیارێک کە دەکرێت بکرێتە دەستپێکی وەڵامێک تا بتوانین وەڵامی جدی تر وەربگرینەوە لەبەرامبەر ئەو پرسیارانەی دەخوازین ڕوبەڕویان ببینەوە  .پرسیارەکە ئەمەیە  ،١٦ ی ئۆکتۆبەر بۆچی ڕویدا ؟ ئایا ڕودانی ١٦ ئۆکتۆبەر چ ئامانجێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت ؟ ئێمە وەک بەشێک لەنەتەوەیەکی زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەسی لەباشوری کوردستان دەتوانین چۆن وەڵام بە ١٦ ی ئۆکتۆبەر بدەینەوە ؟ ئایا وەڵامدانەوەمان تەنھا بۆئەوەیە کە بتوانین بڵێین لەبەرامبەر پرسیارێکی لەم چەشنەدا دەتوانین وەڵامدەرەوە بین  . 
نامەوێ زیاتر بڕۆم  ، دەگەڕێمەوە بۆ ئەسڵی بابەت .بەرلەھەرشتێ من پێم وایە ئەوەی ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەیانتوانی بەئەنجامی بگەیەنن ئەوەیە بۆئەبەد ناتوانرێت کورد لە ئامانج و پەیامێکی لەمێژینەی دوربخرێتەوە کە دەکرێت بڵێین دەریایەک خوێنی بۆ بەخشییەوە و دەیان ساڵ خۆی پێوە ماندوو کردوە و لەم پێناوەشدا خەباتی کردوە ئەویش مەسەلەی ڕزگاری  وسەربەخۆیی و مافی چارەی خۆ نوسینی  نەتەوەیەکە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی خاوەن سیادەی ئازاد دا . کەواتە ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەیتوانیوە ئامانجی خۆی مسۆگەر بکات  .دەکرێت بەھۆی ڕودانی ڕوداوێکی لەم چەشنە و خراپ مامەڵەکردنی دەسەڵاتی سیاسی کورد لەباشووری کوردستان لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی نەتەوەییماندا کە زۆر خۆشباوەڕانە لەمەیدانی سیاسەتەوە پەیوەندییە سیاسیەکانی خۆیان لەگەڵ بازنەی دەرەوەی ناوخۆییمان درێژە پێدەدا بەجۆرێک کە لە مامەڵە سیاسیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا نەدەچویەوە نێو فەرھەنگی سیاسەتکردن  .
تەنانەت دەتوانین بڵێین کەڵک وەرنەگرتن لە سیاسەتی گفتوگۆ و پەیوەندییە سیاسیەکان و شکست و نەکسەکانی ڕابردووی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان ھۆکارێکی ترە بۆ ڕودانی ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر  .
لەلایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین ھۆکارێکی تری ڕودانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بۆئێمە لەبوونی کێشە و قەیرانگەلێکی نێوخۆیی و چاوبڕینە نێو ھاوکێشەیی ھێزی سیاسی و سەربازی حیزبی لەنێو ھەرێمدا کە دواجار دەبویە ھاوسەنگی سیاسی نێو ھەردوو حیزبی سیاسی کوردی (پدک  و ینک ) کە دەکرێ بڵێین شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بەنەوت زیاتر جێ نفوزی ھێزەکانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) و شوێن تەماعی سیاسی (پارتی دیموکراتی کوردستان ) بوو بۆئەوەی بتوانێ شوێن بە ھێزێکی وەک (ینک ) چۆڵبکات  بەشکڵێک لە شکڵەکان یەکسانی ھێزی سیاسی و سەربازی لەناوچەکەدا بەبەرژەوەندی خۆی یەکیلاییببکاتەوە  .ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان ھەلێکی گونجاو بوو بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکانی ھەردوو حیزب تا ھەریەکەیان بەپێ بەرنامە ڕێزی خۆی کار لەسەر پارسەنگی ھێز لەناوچەکەدا بکاتەوە  .
لێرەوە کێشەو گرفتەکان زیاتر تەشەنەیان سەند ،بەجۆرێک دەوڵەتانی دراوسێ و ئەمەریکا و بەشێک لەوولاتانی ئەوروپا خۆیان ھاوێشتە نێو کێشەکانەوە ،کە دواجار ھەوڵ و میانگیری دەوڵەتە دۆستەکانمان بەبنبەست گەشت و ناوەندی بڕیاری حکومەتی عێراقیش بەووردی چاوی لەسەر بیرە نەوتەکانی (بای حەسەن ) و(ھاڤانا ) و کێلگە نەوتیەکانی سنوری پارێزگای موسڵ بەتایبەت ناوچەکوردستانیەکانی پارێزگاکە بوو بۆئەمەش ڕۆژانە بەبەرنامەیەکی سەربازییەوە بە پاڵپشتی سوپا و چەکدارەکانی (حشد الشعبی ) خۆی ئامادە و تەیارکردبوو کە توانی سود لەو ململانیە وەربگرێت و لەماوەیەکی کەمتر لە ٤٨ سەعاتدا %٥١ خاکی ھەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە  . 
وە ھەروەھا ئەم سوپایەی حکومەتی عێراقی ببێتە ھاوکارێکی باش بۆ بەدیھێنانی خەونە لەمێژینەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەسپاندنی ھیلالی شیعی و بتوانێت ئاسانتر و باشتر لەقوڵایی ئێرانەوە باشتر و ئاسانتر و زوتر دەستی بگات بە کۆڕە تاقانەکەی (جزب اللە ی لوبنانی ) لە باشووری لوبنان  .دەکرێت ئەمەش بەشێکی دیکە بێت لەو پلانە مێژینەیەی ھەژموونی ھێزی شیعەگرایی ئێران لەعێراقدا .
لەکۆتاییدا دەتوانین ئەوە بڵێین ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوە ھۆکارێک بۆ دواخستنی خەونێک کە چەندین ساڵە لەپێناوی بەدیھێنانیدا نەتەوەکەمان لەباشوری کوردستان خۆین و قوربانی بۆ بەخشیوە  . وە ھەروەھا لەلایەکی ترەوە ئەوەمان لەلاڕون بویەوە کە پێویستە سیاسیەکانمان مۆدیلی سیاسەتکردن بەشکڵێکی دیکە بگۆڕن بەچەشنێک کە بتوانین کەڵک لەوانەکانی ڕابردوومان وەربگرین و ئیتر ئەم مۆدیلی سیاسەتکردنە لەئێستاو ڕابردوودا ناتوانێت خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک و دۆزە ڕەواکەی بکات بۆیە پێویستە و ھەرچی زووترە دەبێت جەسورانە و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ھەست کردن بەمەسئولیەت ئەو ھەڵە سیاسیانەی بونە ھۆکاری ڕودانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر لەئەستۆ بگرن و دان بەھەڵەکانیاندا بنێنن و ئامادەیی بنوێنن بۆھاتنە پێشەوەیی مۆدیلێکی نوێی حوکمدارێتی و حوکمڕانیکردن بۆئەوەی جارێکی دیکە چیاکان نەبنەوە ھاوڕێمان .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1