وتار
بەکەلتورکردنی درێژکردنەوەی پەرلەمان!
سالار مەحمود

بەپێچەوانەی ھەموو پەرلەمانەکانی دونیا بۆچی درێژکردنەوی تەمەنی پەرلەمان لە کوردستاندا بووەتە کەلتورو ھەموو خولەکان دەستبراوە بۆ درێژکردنەوە؟
سەرەتا با بە پانۆرامای ئەمێژووەدا تێھەڵچینەوە.
ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە نەک ھەشت مانگ.. لەدانیشتنی رۆژی ۲٤/۱٠پەرلەماندا لە ٦/۱۱/۲٠۱۷ەوە دوو خولی گرێدان درێژکراوەتەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مادە(٥) پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا دوو خول گرێدەدات. واتە ئەم درێژکردنەوەیە تا ٦/۱۱/۲٠۱۸ یە.
ئەم بابەتی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بووەتە عورفێکی ناشرین و لەیەکەم خولەوە کاری پێکراوە تا دوایین خول، واتە لەھیچ سەردەمێکدا لەماوەی یاسایی خۆیدا ھەڵبژاردن نەکراوە.
لەھەرچوار خولەکەی پەرلەماندا چەند جارێک پەرلەمان درێژکردنەوەی تێداکراوە. ئەمە بەبێ ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا ھیچ باسی درێژکردنەوەی تێدا بێ. یەکەم خول و لەساڵی ۱۹۹٥ بۆ ماوەی ساڵێک پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. لەساڵی ۱۹۹٦ بۆ ماوەی سێ مانگ پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. لەھەمان ساڵدا ۱۹۹٦پەرلەمان  بۆ جاری دووەم ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە تا ساڵی ۱۹۹۸.
لەساڵی ۱۹۹۸ جارێکی تر پەرلەمان درێژکراوەتەوە تا کاتێکی نادیار، خولی یەکەمی پەرلەمان تا ساڵی ۲٠٠٥ ی خایاند.
لە خولی یەکەمدا پەرلەمان چوار جار ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە.
لە خولی دووەمی پەرلەمانیشداو لە کۆتایی خولەکەدا جارێکی تر لە دانیشتنی رۆژی ٤/٦/۲٠٠۹ بۆ ماوەی ھەڵبژاردنی ۲٥/۷/۲٠٠۹بۆ کەمتر لەدوو مانگ پەرلەمان ماوەکەی درێژکراوەتەوەو لەو ماوەیەدا پرۆژەی دەستوری کوردستان پەسەند کراوە.
ھەر لە خولی دووەمداو لە ھەمان دانیشتنی رۆژی ٤/٦/۲٠٠۹ ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم بارزانی بە زۆرینەی دەنگ درێژکراوەتەوە چونکە لە ۱٤/٦/۲٠٠۹ ویلایەتەکەی کە بۆ چوار ساڵبووە تەواو بوە  لەو خولەدا.
لە خولی سێیەمی پەرلەماندا پەرلەمان درێژکرایەوە لە کۆتایی ھاتنی خولەکە لە ۱/۷/۲٠۱۳ بۆ ۲٥/۸/۲٠۱۳ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ خولی چوارەم بەبیانوی دروست نەبوونی بۆ شایی یاسایی لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا.
ھەر لەو دانیشتنەدا ماوەی سەرۆکی ھەرێم بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە.
ئەم خولی چوارەمەی پەرلەمانیش درێژکراوەتەوەو دوو خولی گرێدانی خراوەتە سەر واتە ساڵێک دەکات. خۆ ئەگەر وردتر بکرێتەوەو بەپێی مانگ حساب بکرێ ئەوا دەکاتە ساڵێک و دوو مانگیش.
لەماوەی چوار خولدا پەرلەمان حەوت جار ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. واتە لەماوەی بیست و شەش ساڵدا پەرلەمان تەنیا چوار خولی ھەڵبژاردنی بینیوە کە دەبوایە حەوت خولی ئاسایی بکردایەو دەبوو تەنگژەکان ببوونایەتە مایەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت واتە ئەو کاتە لە حەوت خول زیاتریش دەبوو لەماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا.
ئەم نەریتە نامۆو خراپە لە ھیچ پەرلەمانێکی دونیادا نمونەی نەبووە جگە لەپەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدا لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا بەھیچ جۆرێ باسی درێژکردنەوەی تیا نییەو لە مادە(۸) دا ھاتووە ماوەی خولێکی پەرلەمان چوار ساڵە لە رۆژی دەسپێکردنی یەکەم دانیشتنیەوە.
تەنیا بە گوڕینی ریشەیی لە سیاسەت و گۆڕینی ئەم مۆدێلە ناشرین و دواکەوتوەی حزبایەتی دەتوانرێ حوکمڕانی باش و بەھا بۆ پەرلەمان و نرخ بۆ راو دەنگی خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی راستەقینە دروست ببێ و ئیدی کۆتایی بەو کەلتورە پڕ نەشازو پڕ ستەمە بھێنرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1