وتار
بای بای!
ئومێد بابان


بە درێژایی دیرۆکی کۆن و نوێ، کورد وەک ھەمیشە بووەتە قوربانیی ھاوکێشە و جەمسەربەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کاریگەریی ئەو زلھێزانەی بەسەرەوەیە کە لە توانایاندا ھەیە (بە کون فەیەکونێک) سەرلەنوێ نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوین دابڕێژنەوە.

بەڵام، ناتەبایی و ناکۆکییە نێوخۆییەکان، رێگایان بۆ دەرودراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش خۆش کردووە تا، کۆمەڵگای کوردستانی وەک پێویست نەتوانێ دار بخاتە سەر بەرد و بەڕەی خۆی لە ئاوێ دەربێنێت.

زەمینەسازیی بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆیی یەکجارەکی، زۆر جاران بۆ کورد ڕەخساوە و لەبەر خاتری خاتران، یان شکستی خواردووە، یانیش بەرەوڕووی کۆمەڵێک تەنگوچەڵەمەی لابەلا بووەتەوە.

لە ھەموویان گرینگتر، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بە گشت حزب و بگرە پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکانیشەوە، ھێندەی بە گیروگرفتە ناوخۆییەکانەوە سەرقاڵە، ئەوەندە و تەنانەت کەمتریش، خەمی نیشتمانی لە کۆڵ نەناوە و بە شتگەلێکەوە خەریک کراوە کە دواجار جیاوازی لە نێوان لەپێشتر و لەپێشترینەکانیشدا نەکات.

ئێستا کە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ھاتووەتە گۆڕێ، لە ھەموو کات زیاتر رێکخستنەوەی ناوماڵ و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاری، خۆی دەسەپێنێت، چونکە بە یەکڕیزی و ھاوئاھەنگی و یەکدەنگی، دەشێ بەسەر کۆی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا زاڵ بین و بەرەو ئەو ئامانجە بڕۆین کە دروشمی تێکڕای لایەنە سیاسییەکانە.

باشووری کوردستان کە لە ئێستادا و لە ھەندێک ڕووەوە دەرەقەتی بەغدا نایەت، دەکرێ ئەلتەرناتیڤی دیکە تاقی بکاتەوە و لەجیاتی پشتبەستن بەو وڵاتە شکستخواردووە، پەنا بۆ ریسکێک بەرێت کە ئایندەی ھەموومانی پێوە پەیوەستە.
بەوپێیەی داھاتووی ھەمووشمان دەستپێکەکەی لە باشووری کوردستانە، ھیچ نەنگی نییە کە دواخواحافیزی لە بەغدا بکەین!

چونکە، بەناو حکوومەتێک کە دەرفەت نادات چیدیکە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری ئەزموون بکەیت، پاشەڕۆژی نادیارە و دواکەڕەت پێمان خۆش بێت یان نا، پارچە پارچە دەبێت و لێک ھەڵدەوەشێتەوە.

یان ڕوونتر بڵێین، لە نێوان ڕوئیا و دنیابینیی ھەولێر و بەغدادا، کە جیاوازیگەلێک ھەن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش درکیان پێدەکات، حاشا ھەڵناگرێت کە ماڵی ئەم و ئەو لێک جیا دەکرێتەوە و ھەرگیز ناچێتە باوەڕەوە بمانخەنە تای تەرازوویەکەوە. 
 
ئیتر، سڵنەکردنەوە لە وتنی (بای بای) بۆ بەغدا، کە ھیچ شتێک پێکەوە نامانبەستێتەوە، کاتی ھاتووە، ئەگەر درەنگیش نەبێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/05/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ