وتار
بڕیارەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی پارتی ناعەقڵانی و شمولی و میزاجی یە
دانا مەنمی

دەرئەنجامی ئەو ڕەخنانەی کەلە ڕابردوو لە بەرپرسی لقی ١٢ پارتیم لە ھەڵەبجە گرتووە ، کە ئامانجم بنیاتنان و ڕاستکردنەوەی بەرپرسی لقی ١٢ بووە لە ھەڵەو کەموکوڕییەکان ، لەخراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و قۆستنەوەی کورسییەکەی بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی کەبەدیوەکەی تردا زیانی زۆری بەنیوبانگی پارتی لە ھەڵەبجە گەیاندووە ، دواجار لە ٥ی مایسی ٢٠١٧ بەبڕیاری ئەنجومەنی سەرکرایەتی پارێزگای سلێمانی لەسەر داواو پێشنیاری لقی چوار بڕیاریاندا بە لێسەندنەوەی پلەکەم و ڕاگرتنی موچەکەم .
لەچارەنوسی کەسمان نەنوسراوە تا ئەمرین ئەبێت پارتی بین ، پارتیبون کاتێک خۆشە کە ڕێز لە ئیرادەو لە بەھای مرۆڤبوونت بگیرێت ، خۆزیا ئەو بڕیارەی کە لەسەر من دەریان کرد ، ھەمان بڕیاریشیان لەسەر داوێن و دەست پیس و ئەنفالچی و گەلفرۆشەکانی ناو پارتی دەربکردایە ، بەڵام من سەربەرزم بەسەربەرزیش لە نێو ماڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەچمە دەر چونکە یەکەم : پەرێزم پاکەو ھیچ پەڵەیەکی ڕەشی تیدانییە . دووەم : لەسەر ڕەخنەگرتن کە زەروریەتی پێویستە بۆ ژیان وبەشێکە لە  بەھای ئینسانبوون دەرکراوم ،بەھاش بریتی یە لە دەربڕینێکی مەعریفی  .
ئەنجومەنی سەرکرایەتی پارتی لە سلێمانی بێ ئەوەی حیسابی تورێکی قوڕاوی بۆ پەیڕەو پرۆگرامی حزبەکەیان بکەن ، بێ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ مادەکانی ٣١و ٣٢و ٣٣ لە دیسپلینی کاری حیزبایەتی و بێ ئەوەی ھیچ لیژنەیەک پێکبھێنن بۆ وردبینی و لێکۆڵینەوەو بێ ئەوەشی ئاگادار بکرێمەوە بڕیاری دەرکردنی منیان لە ڕیزەکانی پارتی دەرکرد ، ئەم بڕیارە دژی پەیڕەو پرۆگرام دژی سیستەمی دیسپلینی کاری پارتایەتی یە، چونکە بەپێی پەیڕەو پرۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەشی ھەشتەم کە تەعریفی سیستەمی دیسپلینی کاری پارتایەتی دەکات سزاکان لە سوکەوە بۆ قورس  بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی رەفتارەکان بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ بڕیارەکانی حیزب جێبەجێ دەکرێت .
ڕاستە ماوەی شەش مانگە ھیچ پلەو پۆست وەزیفەیەکی حیزبیم لە نێو ڕیزەکانی پارتی دا نەماوە ، ئەوەش ڕاستە کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بڕیارێکی شمولی و بە میزاجی چەند بەرپرسێکی نەخۆش کە تێوەگلاون لە فەسادی ئەخلاقی و مالی منیان لە ڕیزەکانی پارتی دەرکرد و دەرگاو پەنجەرەکانیان بەسەردا داخستم ، خۆزیا لەبری بڕیاردانی ژێرزەمینی و گەلەکۆمەجورئەت و شەھامەتی ڕوبەڕوبونەوەیان ھەبووایە ، ئێوە منتان لەئەنجومەنی سەرکردایەتی سلیمانی شاربەدەرکرد ، بەڵام شوێن و جێگەی باشتر لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی پێشوازیان لێکردم ، ئێوە ڕەخنەکانی منتان پێ ھەزم نەکرا و دەرگاو پەنجەرەکانتان بەڕودا داخستم ، بەڵام خەڵکی باشتر لە ئێوە دەرگاو پەنجەرەکانی بۆمن واڵا کرد ، سەرۆک بارزانی ئەو مرۆڤەی کەلە خەمی بەھای مرۆڤبوندایە ئامێزی بۆمن واڵاکرد و پێشوازی لێکردم  ، ھێزی مەعنەوی پێبەخشیم کە بەردەوام بم لەسەر ئەو رۆحە ڕەخنەییە چاودێریکەر و گفتوگۆخوازە .
ئەوانەی کە خۆیان پێ نوێنەری سەرۆک بارزانی و میراتگری ماڵباتی بارزان و ھەڵگری فەلسەفەو کەلەپوری مستەفا بارزانین  ، ئەبێت لەئاست متمانەی سەرۆک بارزانی ھەڵگری ھەمان سیفات و کرداری شیخ ئەحمەدی بارزان و کەلەپورەکەی مستەفا بارزانیدا بن ، خۆئەگەر نا بە موجامەلەو موزایەدات و دروشم کەلەپوری بارزانیزم بەدەست نایەت ، کەلەپوری مستەفا بارزانی نەک خەلکی لەسەر ڕەخنەگرتن دەرنەئەکرد بەڵکو کۆمەک و ھاوکاریشی بوو ، مستەفا بارزانی خزمەتکاری خەڵک بوو نەک خزمەت بکرێت ، ئێوە لە سلێمانی خزمەت دەکرێن و دەرگاکانیشتان بەڕوی سەد ھەزار جەماوەری پارتی لە ھەڵەبجەو سلێمانی و ڕانیە داخستووە ، لە دۆخە ھەستیارەکاندا  ھێزەکانی ئاسایش ئەخەنە ئامادەباشیەوەو بۆخۆشتان وون و بزرن بێ پرۆژەو بێ بەرنامە لە چوارچێوەی دیوارەکانی قەیوان دۆشداماون ،بارەگاکانیش لە بیابان ئەچێت .
ئەی کوا پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت و فرەدەنگی و ڕیزگرتن لە جیاوازییەکان و لە بەھاکانی مرۆڤ ؟ ئەی کوا گفتوگۆی مەعریفی و کۆمەلایەتی و ئاڵوگۆڕی دیدو ئەرگۆمێنت و ئاشکراکردنی بۆچوونە جیاوازەکان ؟ ئەی کوا ھەقیقەت لە گۆڕینەوەی ئەرگۆمێنتەکان ؟ ئێوە ھەموتان ھەڵەن ھەقیقەت پێدراوێکی بایەتی نییە ، بەڵکو پێدراوێکی دیالۆگی یە ، شتێک نییە لە دەرەوەی بوونی ئینسان و کۆمەڵگا ، بەڵکو درەئەنجامی دیاڵۆگ و گفتوگۆ دێتەکایەوە .
لە کوێی دونیای حزبایەتیدا مرۆڤ لەسەر ڕەخنەی بنیاتنەرانە ڕەخنەیەک کە پێویستی ژیان بێت  بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان بۆ گەڕانەوەی شکۆو ھەیبەتی مرۆڤ دەردەکرێت ، لە کام حیزبی دونیادا بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە و لیژنەیەکی پسپۆڕو بێلایەن پێکبھێنرێت کادری خۆی نانبڕاو بکات ، خۆشبەختانە بێ ئیرادە نین ترسنۆک و ترسێنراو نین ، لە ئاوی لێڵدا مەلەوانی ناکەین ، کوردانەو ڕاستگۆیانەو ڕاشکاوانە بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە بەربەستەکان تێدەپەرێنین ،ھەروەک ( ئابراھام لینکۆڵن ) دەڵیتَ : مەرجە بنەڕەتیەکانی ھەرکارێک ، ھەبوونی ئیرادەیەکی بەھێزەو پێویست بە ھیچ مەرجێکی ترناکات .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12