وتار
بۆ پارتی و یەکێتی
عەبدوڵاى مەلا نورى

ئەگەر پارتی و یەکێتی و ھەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ماوەی رابردودا ١٠% ئەو سازشەی کە لە ئێستادا بۆ حەشدی شەعبی و بەغدا دەیکەن، بۆ ھاوڵاتیانی کوردستانیان بکردایە، رۆژی خۆیان خەڵکی کوردستان بە ئەم رۆژە نەدەگەیشت.
سەیر لەوەدایە لەم چرکە ‌ساتەشدا کە لە لێواری داڕوخاندان، ھێشتا دەستیان بە تەڵە پوشەکەی بێگانەو دەرەوە گرتەوەو ئامادە نین ھیچ سازش و حسابێک بۆ ناوخۆ بکەن.
ئێوە ئەی کەسانی دڵسۆز و ھوشیاری ناو پارتی و یەکێتی لە ئێستادا بەرپرسیارێتیتان لە ھەمو کات زیاترە، ئەرکی ئێوەیە سەرکردایەتیان ناچار بکەن، رێگای راست بگرنە بەرو سازش بۆ خەڵکی کوردستان و خواستەکانیان بکەن، لە کاتێکدا سازشتان بەمجۆرەی ئیستاتان بۆ بێگانە وەک خیانەت ئەژمار دەکرێت، بەڵام سازش بۆ خواستەکانی ھاوڵاتیان جوامێریە، بەمە خۆتان و خەڵکیش لە زیانی گەورەتر دەپارێزن. 
خۆ ئەگەر سوربن لە سەر ھەڵەکانی ئێستاو رابردوتان، دڵنیابن لانی کەم گرفتی بێ کاری و بێ موچەیی لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرتان دەخوات! پاسەوانەکا‌نتان لە بری پاراستنتان بە قۆڵبەستراوی تەسلیمی خەڵکی توڕەو برسیاتن دەکەن.
ئەمەی لێرە دەیڵێم قسەی ناخی خەڵکی برسی و زوڵم لێ کراوە، زۆرینەیەکی ھاوڵاتیان ھەمو وێنەو یادگاریە تاڵەکانی ساتبەساتی زوڵمی حکومڕانی ئێوە دەھێننە پێش چاوی خۆیان، چاوەڕێی ئەوەن لە لەحزەیەکدا وەک ئاگر بە سەرتاندا بیبارێنن.
ھیوادارم چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن، لە بری ھیوا ھەڵچنین لە سەر ھێز و بەڵێنی ئەم وڵات و ئەو وڵات، رێگای راست ھەڵبژێرن و رو لە میللەتەکەی خۆتان بکەن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1