وتار
پێویستە تاکی کورد نەفرەت لەم کارە قێزەونە ھاوبەشەی حیزبەکانی زۆنی سلێمانی و پارتی بکات!
شه‌ريف هه‌ژارى

-
حیزبەکانی زۆنی سلێمانی بەھاوکاری ئێران لە ڕێی ھەندێک کوردی خۆفرۆشەوە (کە ھەندێکیان لە ئەوروپا دادەنیشن) شەو و ڕۆژ کاروکاسپیان بووەتە جنێودان بە مێژوی پارتیی و ھەمو کەسایەتیی و ھەنگاوەکانی پارتیی.
-
پارتیش لە ڕێگەی چەند کوردێکی خۆرھەلاتیی خۆفرۆشەوە (ھەرکەسێک زانیاری ناڕاست بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا بلاوبکاتەوە لە پێناو پارەدا ئەبێتە: خۆفرۆش) ھەستاوە شەو و ڕۆژ زانیاری نادروستیان پێ دەدا و، ئەوانیش لایڤ دەکەنەوە و، بە ھەزاران خەڵک لە خشتە ئەبەن!
-
ھەردو بەرە جنێودەرەکە:‌ ھێندەی گەردیلەیەک سودیان بۆ دۆزی کورد و، ئاشتەوایی نیشتیمانیی و، ئاسودەیی دەرونی ھاولاتیانی کورد نیە!
-
ھەردو بەرە جنێودەرەکە:‌ بەتەواوی (کوردبون و کوردایەتیی) لە دەرونی تاکی کورد دا ناشیرین ئەکەن و، لە داھاتودا کاریگەریەکانی بە زیانی گەورە بۆ کورد تەواو دەبێت!
-
جا کاتێک کورد ھێندە جنێودەری تێدابێ و، بە قسەی ئەم جنێودەرانە تەواوی مێژووی جولانەوەی (پارتیی و یەکێتیی و گۆران و حسک و شیوعیی و ھتد) ھەرھەموی خیانەتکردن و داوێنپیسی بێت، تەنانەت جنێو بە شەھیدەکانیش دەدەن و مێژوەکانیشیان دەگۆڕن، ئیدی ئەم کەسە بەکرێگیراوانەی ھەردوو بەرەکە پێمان ناڵێن: ئایا بەم قسانەیان تاکێکیان ھێشتوەتەوە لەناو کورد دا (بە ‌پاکژی) مابێتەوە!؟
-
 حیزبەکانی زۆنی سلێمانی پێویستە ئەو حەقیقەتە زۆرباش بزانن کە: بە ئێران پارتیی لە ‌ناو ناچێت!
-
حیزبەکانی خۆرھەلاتیش (بەتایبەت ئەوانەیان ھانی ئەو کەسانەی ئەوروپا ئەدەن لایڤ بکەنەوە و دەیان زانیاری ناڕاست بلاوبکەنەوە بۆ خزمەتی پارتیی) دەبێت ئەو ڕاستییە زۆرباش بزانن کە: بە پارتیی ئێران لە ‌ناو نابرێت و پارتیش لە بنەمادا دژایەتیی ئێران ناکات!
-
زۆر گرنگە ھەم حیزبەکانی زۆنی سلێمانی سەر بە ئێران و، ھەم پارتیی ئەم پێشنیارەی لای خوارەوەم جێ بەجێ بکەن (ئەزانم جێ بە جێشی ناکەن، بەلام لەبەر دلسۆزیم بۆ گەلەکەم ھەر ئەیخەمەڕو):
-
پێشنیارەکەم ئەمەیە: بە فەرمی یەک بە یەکی حیزبەکانی زۆنی سلێمانی سەر بە ئێران لە بەیاننامەدا ڕای بگەیەنن کە: (ئەم ناوە جنێودەرانە کە ئاماژەی بۆ دەکەین و لایڤ دەکەنەوە بە ھیچ شێوەیەک سەر بە ئێمە نین و، ئێمە نەفرەت لە ئەتەکێت و بلاوبونەوەی ئەو جۆرە ڕەوشتە لە کۆمەڵگاکەمان دەکەین!).
-
یەک بە یەکی حیزبەکانی خۆرھەلات و پارتیش لە بەیاننامەی فەرمیی دا ڕای بگەیەنن کە: (ئەم ناوە جنێودەرانە کە ئاماژەی بۆ دەکەین و لایڤ دەکەنەوە بە ھیچ شێوەیەک سەر بە ئێمە نین و، ئێمە نەفرەت لە ئەتەکێت و بلاوبونەوەی ئەو جۆرە ڕەوشتە لە کۆمەڵگاکەمان دەکەین!).
-
ئەگینا بە شاھیدی ھەمو خەڵکی کوردستان ئەوە دەخەمەڕو کە، زیادبونی ئەم کلتوری شەڕەجنێوە و، دەستخۆشی لێ کردن و ھاندانیان و بلاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان لەلایەن پەیجەکانی پارتیی و حیزبەکانی زۆنی سلێمانییەوە: ترسناکترین و خراپترین کاریگەری دەبێت لەسەر کۆمەڵگاکەمان و لە داھاتوش دا دەیبینین!
-
تەنانەت ڕەواشە گەر حیزبەکان کۆبونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەم کەسە جنێودەرانە بکەن و، ھەرلایەکیان بەڵێن بە یەکتر بدەن کە لە بەیاننامەی فەرمیان دا ئاماژە بەناوەکانیان بکەن و، خۆیانی لێ بێبەری بکەن و، بڵاوبونەوەی ئەو ڕەوشتە لە کۆمەڵگاکەمان شەرمەزار بکەن!
-
داھاتوش دەبینن بزانن: گەر سەرنجەکانی ناو ئەم بابەتەی من جێ بە جێ بکرێت، چەندێک کلتور و ڕەسەنایەتی تاکی کورد لە گەشە و بڵاوبونەوەی (بێ ڕێزی بەیەکتری کردن) دەپارێزێت!؟ 
ئەگینا ھەمو حیزبەکان و سەرکردەکان و بەتایبەت تاکەکانی کۆمەڵگا زۆر ترسناک دەبنە بنێشتی سەر زاری ئەم جنێودەرانە و، زیاتر و زۆرتر ئەم کلتورە بڵاودەبێتەوە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لە تێکدانی ئاسایشی کوردستان. ئەمەش وا دەکا کورد بۆ خۆی بەتەواوی یەکتر لەناو ببات! 
-

تێبینی: کردنەوەی ھەر لایڤێک بە ئەتەکێتێکی بەرز و بە زانیاری دروست بە ڕەوا دەزانم، بەڵام زیادبونی ئەم جنێودەرانە و بلاوکردنەوەی زانیاری ھەڵە زۆر زیانی بۆ کۆمەڵگاکەمان دەبێت.
-
شەریف ھەژاری: مامۆستای زانکۆی سلێمانی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/10/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1